دەمەتەقێ

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 2 خولەک  1641 بینین
لاس:
گۆڵەباخ ئیمساڵ شکاوە چڵی
وەنەوشە سیس و ژاکاوە گوڵی...
گوڵاڵە بە حاڵ هێزی تیا ماوە
ئەوەندە خوێنی لە لەش تکاوە
پەپوولە حۆل و گیژ و وڕ بووە
هێندە قەبرغەی بە دڕکا چووە..!
سروودی پۆلی مەلی سەر درەخت
خوێندنی پەپووی شوومە بە ناوەخت
بەهاری ئیمساڵ تۆراو و تاڵە
با لە گوڵ پرسین چییە ئەم حاڵە؟
گوڵ:
وازم لێ بێنە دەستم دامانت
نازانم چییە ناو و نیشانت
پەڕ و پۆم وەری لەش داڕزاوە
چقڵی دونیا لە ڕووم چەڤاوە
تۆ بەرگی زەرقیت کردۆتە بەرت
بەڵام ڕەش پۆشە ئاسمانی سەرت
تۆ.. وا بێ خەبەر هێندە بێ باکی
بەڕاستی ئەڵێم بۆ کردن چاکی..!
لاس:
بەسە دە بەسە ئەوا تەقیم دەی
ڕێزە ڕێزان بە حاڵیم نەکەی
بەسە دە بەسە ئیتر ناتوانم
باری توانجت بێتە سەر شانم..
گوڵ:
دەی گوێ ڕاگرە ئەی هەر دوو چاوم
(من) سەربەستییە نیشان و ناوم
پێی داگیرکەران پێی خوێنمژانمان
پلیشانیەوە گوڵی باخانمان
ڕووخانی لانەی مەلی سەر دارم
ئەمەیە (حاڵ و ڕاز و گوفتارم)
لاس:
گوڵە سوورەکە چەن بەرگت ئاڵە
دەور و پشتیشت پڕ دڕک و داڵە
بەڵام بە ڕێژەی ئێسکی شەهیدان
بەو قەنارانەی هەڵخرا لێمان
ڕێم ڕێگەی ڕۆڵەی گیان بەخشکەر بێ
ئەوی پێشکەشی بێ نرخ بێ سەر بێ
شەرتە بە گازی خەباتی میللەت
دەر بێنم ڕەگی بەندی و زیللەت