ئەو پەڕی هەست
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
2 خولەک
1814 بینین
ئەی ئەو پەڕی شعوورم
مەنزڵگای ڕێگای دوورم
ئاسۆ و شەبەقی سوورم
مایەی شادی و سروورم
***
ئەی هۆی ئاوات و تاسەم
بۆ چڕوکی هەناسەم
(وەحی) ئەم بەند و باسەم
کردە و کۆشە و کاسەم
***
ئەی کلیلی زەنجیرم
(نیشانی) قەوس و تیرم
دەستی هەڵگری شیرم
جێگای نینۆکی گیرم
***
ئەی پاداشتی ئازارم
بازاڕی کسپ و کارم
مەرهەمی زامی چارم
باغم، سەمەرم، دارم
***
ئەی تێکۆشانی پڕ خوێن
با زیندان بێ چرپاو نوێن
مۆسیقام بێ دار و جوێن
ئەنجام (تیغەکان) ئەسوێن
***
ئەنجام تەناف بێ یا دار
گورزی دەستی ستەمکار
دەستی لیستی (ئیستعمار)
ئەوانی پیا دێتە خوار..!
***
ئەنجام هەر شەڕە و شەڕگێڕ
ئیستعماری بە لەش تێر
تینی خوێنی سوور و سوێر
پەل ئەکوتێ شەل و کوێر
***
ئینجا.. ئاشتی پەرەستان
یا خۆ.. ئازادی ویستان
ئەڕژێنە باخ و بێستان
لە گەرمیان و لە کوێستان..!
***
ئەڕژێنە باخی ئاوات
لە جێیەی ڕۆژ لێی هەڵات
بە زەبری سەختی خەبات
ڕۆژی (سەربەستی و نەجات)
***
ئیتر ئەو تەوقەی جاران
بە زۆر ئەکرایە ملمان
بۆ گێرەی ئاغاکانمان
تێکڕا ئەکەونە پچڕان
***
ئیتر نەترسی بەرگە
نە نەخۆشی بە مەرگە
نە هەڵگوشینی ورگە
نە هەڵقرچانی جەرگە
***
ئەوسا دێتەوە یادم
کە تۆ قیبلەی مورادم
تۆی ئەو پەڕی ئاواتم
تۆی گۆی هونەر و هاتم