دەوری خۆشی

لە کتێبی:
گوناهـ
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 1 خولەک  1693 بینین
دەوری خۆشی
بە دەنگی: سەید خالد ئیمامی
ئازیز! نەکەی فرمێسکی ڕوون هەڵوەرێنی،
بە سەر دڕکی دڕکەڵانی بەسەرهاتا
 
ئازیز! نەکا خەم داتگرێ،
لە دوو ڕێی هات و نەهاتا
 
ئازیز! لە دوای کێوی ڕژدی ڕۆژی تووشی،
بژوێنێکی بەربەرینە...
هەتاکوو چاو هەتەر دەکا،
دیمەنی زەنوێری ژینە
 
ئازیز! کە شەو شەق بوو بەیان بزەی هاتێ،
دەوری خۆشی و بەختەوەری دەس پێدەکا
مەیگێڕی ژیکەڵەی ئەوین،
بە قەشمەری و بە نازەوە بۆت تێدەکا!
 
ئازیز، دنیا هەر خەم نیە،
لە ژیاندا،
کاتی دڵخۆشی کەم نیە
کە وا بوو خۆشەویستەکەم!
چاو لە چاوی کیژی هیوا مەترووکێنە!
کۆشکی تاسە مەڕووخێنە!
ئاسۆ ڕوونە!
شنەی شەوبا،
موژدەی هەرمان و هەربوونە..