1
ویلادەتم لە قەزای «هـ» بوو، لە بنەماڵەیەکی هەژار. باوکم لە شەڕی گەورەدا شەهید کرابوو. ئیتر بێکەس و بێدەرەتان مابوومەوە بە دیار دایکێکی هەژارەوە کە بە هەزار مەشەققەت و کولەمەرگی، نانی هەرزن و بەرماوەی گەورەماڵان و هێندێ دانەوێڵەی پەیدا ئەکرد هەر بۆ ئەوەی منی هەتیو پێ بگەیەنێ لە مەکتەبدا، کە تازە کرابووەوە لە مەرکەزی قەزادا. بەڵام مەعەلئەسەف ئەم ئاواتانەی بەکورت و کوێری هاتەبەر هێندەی نەبرد، خوا ئەویشی بردەوە بۆ لای خۆی.
بەم جۆرە منی بێکەس و بێدەرەتان لەلای چەن بۆرە خزمێکم بەتەنیا لەم دنیایەدا لە ناز و نیعمەتی دایک و باوک کەوتم. ئەم بۆرە خزمانەش لە ئینسانەتی خۆیانەوە بوو، کە نان و پیازێکیان پێ حەڵاڵ ئەبینیم، چونکە لە ڕاستیدا هیچ هەقێکم بەسەریانەوە نەبوو.
کە تۆزێ گەورە بووم و هۆشم کرایەوە، ئەوەندە ئەقڵم بەوە شکا کە ئەرکی بەخێوکردنی خۆم بخەمە سەر شان و بازووی خۆم بە تایبەتی کە خێراخێرا دەیاندا بە گوێمدا: «هەتیو! شوکور گەورە بوویت، بووی بە پیاو، مەعیشەتی خۆت ئیتر خۆت پەیدای بکە!» وە نەبێت لە لای ئەم بۆرە خزمانەش، مانەوەم بە بەلاش بووبێ، بەڵکوو لەو چەن ساڵەی لایان بووم، لە هەموو ئیشێک و بێگارییەکدا موشارەکەم کردبوو. هەر لە شوانی و گاوانی و عەرد کێڵان و دێراو هەڵدانەوە هەتا شەنوکەو و خەرمان کۆکردنەوە. بەمانە هەموو مەمنوون بووم، بەو شەرتەی دەرم نەکەن و نانێکی ڕەقم پێ حەڵاڵ ببینن. من هەر خۆم دەیزانم ئەو ڕۆژە چەن خەفەتبار بووم کە مانەوەم لایان بەو شێوەیەش نامومکین بوو، ناچار ماڵئاواییم لێ کردن.
کە بینیم، ئیتر بێ دایک و باوک، بێ خزم و بێ کەس فڕێ درامە ئەم جیهانە سەختەوە بەشوێن ئەرکی نان پەیداکردندا. هەموو ئەمەلیشم ئەوە بوو کە دوو خەپلەی هەرزن و چایەکی شیرین حەڵاڵ بکەم!
جارێ سەرەتا، ڕۆژە نا ڕۆژێ دەگەڕام بەسەر دووکانەکانی شاردا، ڕۆژێ لای ئاسنگەر، ڕۆژێ لای دارتاش، ڕۆژێ لای پینەدۆز کارم ئەکرد. بەڵام لە چەن عانەیەک زیاتر هیچم دەستگیر نەئەبوو.
کۆنە ئاشنایەکی باوکی ڕەحمەتیم، ڕۆژێ ڕەحمی تلیسایەوە بەرامبەر بەم وەزعە ناخۆشەی من. بیستبووی کە کەمێ خوێندەواری ئەزانم، لەگەڵ خۆیدا بردمی بۆ لای دووکاندارێکی تاجیر، بەو غەرەزەی معاوەنەتی بکەم لە دووکانەکەیدا. بەڵام هەر لە ئەوەڵەوە شعوورم بەوە کرد کە وەستای دووکاندارم غەلوغەشێکی زۆر ئەکات. بە تایبەتی لەگەڵ ڕەشوڕووتی دەرەوەدا کە ئەهاتن بۆ کڕینی کەلوپەل و شەکر و چایی و شتی کە. لەپاش ماوەیەک، ئەوەندە ئاشنایەتیم پەیدا کرد لەگەڵ وەستامدا کە جاروبار بتوانم دەمەتەقێیەکی لەگەڵدا بکەم. ڕۆژێکیان لێم پرسی:
- وەستا ئایا بە شەریعەت غەلوغەشکردن لە تیجارەتا حەڵاڵە؟
وەستام کە لەوە دەچوو قەت ئەوەی بە من ڕەوا نەبینیبێ سوئالی وای لێ بکەم، بە نیوە مۆڕی و نیوە تەعەجوبێکەوە سەیری کردم و ئەمجا فەرمووی:
- هەرچی تەسهیلی مەعیشەت بکات بۆ خەڵکی جائیزە، بەو شەرتەی قەتڵ و عەرز و نامووس بردنی تیا نەبێ!
- ئەی مەسەلەی ویژدان چییە؟
- هەتیو لەمە زیاتر قسە مەکە!
مەجبوور بووم بە سکوت. ڕۆژێک پێم وت:
- وەستا من کوێرەخەتێکم هەیە، لەلام وایە ئەگەر حیسابت لەگەڵ هەر کەسێ هەیە لە دەفتەرێکا بینووسم چاکە؟
جوابی دامەوە و وتی:
- عەزیزم، من لە دەفتەر چاکترم هەیە.
هەڵسا چووە پشتی دووکان، گڵۆڵەیەک بەنی هێنا کە پارچە کرابوو. هەر پارچەیەکی بە نەوعێ ڕەنگ کردبوو، گرێی بچووک و وەسەت و گەورەی لێ درابوو. وتی:
- ئەمە دەفتەری منە!
کە ئەمەی وت، زۆر حیرەتم کرد. پێم وت:
- مەقسەدت چییە؟
کابرا بەبێ تەئەمول پێی وتم:
- ئەم دەفتەرە هەر یەک ڕەنگی، عەلامەتی ناوی یەک شەخسی قەرزارە و هەر یەک گرێیەکی عەلامەتی میقداری قەرزەکەیە.
- وەستا بەڵکوو ئەوەندە ئیسم کە تۆ قەرزت لەلایان هەیە، ئەوەندە ڕەنگ دەست نەکەوێت؟ شەخسێ سێ چوار قەڵەم قەرزارت بێ، بە گرێ جەمعی زەحمەتە، عەلاوەی ئەمانە، زۆر ناویان هەیە، وەک یەک وەهان.
مەسەلا مەحموودی کوڕی ئەحمەد و مەحموودی کوڕی قادر، تۆ چۆن لە بەینی ئەم دوو مەحموودەیا فەرق ئەکەیت؟
- بە ڕەنگی دەموچاویان من ئەیانناسمەوە. من حیسابی خۆم ئەزانم. کە چاوم کەوت بە قەرزارێ یاخو بە شەخسێ کە حیسابم لەگەڵیا بێت، دڵم خورپەی تێ ئەکەوێت.
- ئەی بەڵکوو دوو کەس کە قەرزارت بن یەک دەفعە پێیان بکەوێت. مەسەلا یەکێ لەوان محەمەد کوڕی یاروەیسی ناو بێ، وە دە ڕووپیە قەرزارت بێ، ئەوی تریان محەمەد کوڕی میروەیسی ناو بێ، پەنجا ڕووپیە قەرزارت بێ، تەگبیری چییە؟
- ئیتر درێژی مەکەرەوە! ئێمە باوک و باپیرمان وای کردووە و دەوڵەمەنیش بوون.
کە ئەم قسەیەم بیست مەجبوور بێدەنگ بووم، هەر چەند منیش ئەوەندە عاقڵ نەبووم. ئەمما لە دڵی خۆمدا موتەئەسیر بووم لەم تەقلیداتە کە ئەوەندە لە مێشکماندا جێگیر بووە کە تەرجیحی نەخوێندەواری بەسەر خوێندەواریدا ئەکەین. باوجوودی هێشتا هەقمان بەدەستە، چونکە ئەوەندە کەسمان دیوە کە بە خوێندەوار مەشهوورن و موعامەلاتیان وەکوو ترە، ئەو عەنعەناتی قەدیمییە وەکوو ئەمانە قبووڵ بکەین، هێشتا هەقمان بەدەستە. بە واسیتەی ئەوەوە کە شاگرد بووم و هەموو وەقتێ خواردەمەنی و سائیرەم دەبرد بۆ ماڵی وەستام، لە ماڵیاندا مەحرەمیەتم پەیدا کرد و هاتوچۆی ماڵی وەستام ئەکرد.
دیقەتم کرد وەستاژن بە دەرەجەیەک حوکمی بەسەر وەستامدا هەیە فەوقی تەسەور ناکرێ. مەسەلا ڕۆژێ حوکمی لە وەستام کرد و وتی:
«ئەمڕۆ لە حەمام ژنی فڵان کەسم دیوە کەوایەکی زۆر جوان و کراسێکی تازەبابەتی لەبەرابوو، بە خوا جوان بوو. دەبێ لەو نەوعە بۆم دروست بکەیت!»
وەستای بێچارە لەبەر ئەوە کە ئیتاعەتی زۆر بوو، هەر چەندە عمووم سەروەتی هەزار ڕوپیە نەدەبوو، فەورەن بۆی دروست کرد. کە وەقتێ ئەیکردە بەری، ئەوەندە درێژ بوو لەپاش و پێشەوە نیو گەزی بەناو قوڕاودا ئەخشا و لە مودەتێکی کەمدا خراپ دەبوو. لەبەر ئەمە کە سەروەتی کەم و مەسرەفی زۆر بوو، فەقیرە مەجبوور بوو سبحەینێ کە ئەچوو بۆ دووکان، ئەنواعی ساختەکاری و بێویژدانیی ئەکرد، بۆ ئەوەی کە زەرەری شەو، یەعنی دەستە جلەکە پڕ بکاتەوە. حیرەتم لە هەموو شت زیاتر لە یەک مەسەلە بوو کە باوجوودی ئەو هەموو موحەببەت و ئیتاعەتە مەحزە، بەعەزەن وەستا لە وەستاژنم عاجز ئەبوو، هەزار قسەی پێ ئەوت کە ئینسان بۆ هیچ کەسێ ئیستعمالی ناکات. وە پێی ئەوت: «من تۆ لە سەگ بە کەمتر ئەزانم، هەر زۆر قسە بکەیت تەڵاقت ئەدەم!»
تەعەجوبم ئەکرد کە بەم هەموو ئیتاعەتەوە ئەم هەموو تەحقیراتە بێمەعنایە مەعنای چییە؟ بەعەزەن کە ئەچووینە ماڵی وەستام تێ ئەفکریم، وەستاژنم بە دەستێ جلی جوانەوە دانیشتووە لە ماڵی نەزافەتدا، ئەمما حەوشە و ناو ماڵ و خواردنیان لە نیهایەتی پیسیدا بوو. حەوشەکەیان پڕ لە پیسی و حەوزەکەیان بۆگەن، مەنجەڵەکانیان هەموو ژەنگاوی بوو. بەعەزەن ئەمدی فەقیانەی ئەو کراسە جوانەی، وەستاژنم لووتی پێ ئەسڕێ. ڕۆژێ پێم وت:
- وەستاژن ئەگەر دەستەسڕێ بکڕێ بە چوار عانە بۆ لووت سڕین چاکتر نییە؟ وە ئەگەر ئەم حەوشەیە هەموو ڕۆژێک پاک بکرێتەوە و لەو ئاوە پیسە چێشت لێ نەنێن خۆشتر نییە؟
- ڕۆڵە گوێ مەیەرێ. تەماشاکە ماڵی فڵان و فڵان کە لە ئێمەش دەوڵەمەنترن وەهایە. زەرەریش نییە بۆیان!
- ئەی مەسەلەی حیفزولسیحە چییە؟
- ئەم قسانە درۆیە و ئێمە باوەڕمان بەم نەوعە شتانە نییە و ئەم قسانە دکتۆرەکان و مەکتەبلییەکان کە کافرن وتوویانە وەئیللا بۆ هەموو نەخۆشییەک، دوعایەک یا شەخسێک هەیە. نیهایەت ئینسان یا کەللەیەک شەکر بۆ موریدێک یا شەخسێک ئەبات و یاخو نەختێ دانوولە وە یاخو سیوجگەرێک بۆ شەخسێک ئەبات و لە دەست ئەو نەخۆشییە نەجاتی ئەبێت. تەماشا کە عیللەتی باداری کە گاورەکان ڕۆماتیزئینی پێ دەڵێن وە هێشتا دەرمانی نەدۆزراوەتەوە، هەر کەسێ بیبێ ئەچێتە سەر کانی با و خەڵاس ئەبێ بەبێ دقتۆر و دەرمان. ئیتر ئەوانەی تۆ ئەڵێی درۆیە و باوەڕی پێ مەکە! بیستوومە نەختێ خوێندەواری، ئەگەر ئەتەوێ لەلای ئێمە بیت، ئەم نەوعە قسەی کافرانە مەکە!