2

لە کتێبی:
مەسەلەی ویژدان
بەرهەمی:
ئەحمەد موختار جاف (1896-1935)
 10 خولەک  7631 بینین

لەپاش چەند مودەتێ کە تێ فکریم، بەو نەوعە لە لای وەستام ئیدارە ناکەم. مەجبوور تەرکم کرد، چووم بووم بە پیاوی تیجارێ کە هەقیقەت بە زاهیر پیاوێکی باش بوو، هیچ نوێژ و ڕۆژووی نەئەفەوتاند و هەمیشە مەشغووڵی ویرد خوێندن بوو. ئەمما ئەو گەزە کە کوتاڵی پێ ئەفرۆشت لە گەزی خەڵقی کورتتر بوو و هەر وەقتێ معامەلەی تووتن یا شتێکی تری لەگەڵ فەقیرێک بکردایە، تێ ئەفکریم خەریکە بە تەواوی مەحوی بکاتەوە و کەماڵی بێ ویژدانی و بێ ئینسافیی سەرف ئەکرد. ئەو دیانەت و ئەو خیانەتەی موسبەت و مەنفی بوون و بووبوو بە باعیسی تەعەجوب و تەحەییور.

تیجاری ئاغام دوو کوڕی بوو، یەکێ لە عومری هەشت و یەکێ لە عومری دە ساڵیدا کە هیچیان نەخوێندبوو. ڕۆژێ عەرزی ئاغام کرد:

- ئەگەر ئەم منداڵانە بنێری بۆ مەکتەب چاکتر نییە؟

- هەتیو دیارە تۆیش بە واسیتەی ئەو کوێرە خەتەوە ئەحمەق بوویت. کوڕی من خوێندنی بۆ چییە؟ ئێمە کاسبین، هەقمان بەسەر خوێندنەوە چییە؟

من کوڕی خۆم بۆ چی ئەنێرم بۆ مەکتەب؟ بۆ چی کافری بکەم وەکوو گاوەرەکان لە هاوینا قاچ و سەریان ڕووت بکەن؟ ئێمە هەر چڵۆن بووین ئەبێ وەها بین!

ئاغام عەلاوەی تیجارەت، فەلاحەتیشی ئەکرد، لاکین خۆی ئاو و زەمینی نەبوو، بۆ فەلاحەت مەجبوور لە موڵکی بەگزادەیەکی دەوڵەمەندا فەلاحەتی ئەکرد وە نەزارەتی جووتەکانی درابووە دەست من. هەموو ڕۆژێ تۆوی جووتەکانی، من ئەمدا بە جوتیارەکان. ڕۆژێ کە چووم تێ فکریم جووتکردنی ڕۆژیان زۆر کەمە و تۆوی زۆر ئەبەن. هیچ دەنگم نەکرد! لەپاش دوو سێ ڕۆژ، سبحەینێیەک زوو چووم بۆ تەحقیقاتیان. کە تێ فکریم یەکێ لە جووتیارەکان لەلای عەلافێک سێ مەن گەنمی وا بە دەستەوە و ئەیفرۆشێ. پرسیم:

- ئەوە چییە؟

- هی خۆمە!

- منیش لەبەر ئەوە ئەمزانی مەسەلە چییە بە تەهدیدەوە پێم وت:

- بە ڕاستی پێم بڵێ!

لەپاش ئیلحاحێکی زۆر، ڕاستیی پێ وتم:

- ئێمە قاعیدەمان وایە کە هەرچی گەنم ببەین بۆ تۆو، سلسی ئەفرۆشین بۆ خۆمان.

- ئەمە دوو زەرەری هەیە: ئەوەڵەن گەنمەکە ئەدزن ئەمە زەرەرێک. دووەم، تۆوەکە کەم ئەکەن وە کەمی تیا ئەبێت.

- قوربان جووتیاری هەموو کەس وایە، ئێمەش وەکوو خەڵق.

خوڵاسە نەزارەتی جووتەکانم کرد تا وەقتی حاسیڵات پێ گەیشت و کردمان بە خەرمان.

چەند خەرمانیکی تریش نزیکی خەرمانەکەی ئێمە بوو. وەقتێ کە خەرمانەکان پاک کران و سووربوون، تێ فکریم هەموو فەلاحەکان بە شەو دەستیان کرد بە دزینەوەی گەنم و جۆ.

منیش شەوێک پێم وتن:

- ئەمە داخڵی ویژدان نییە! ئەم ساحیب موڵکە ئینسانەتی کردووە، ئێوە بۆ چی دزیی لێ ئەکەن؟

- برادەر، ئەمە کە بەحسی ئینسانییەت و ویژدان کردنە، لێرە پارە ناکات!

تەنیا من نەبێ هەموو دراوسێکانم بە قەدەر ئارەزوو لەو خەرمانانەیان دزی. سەرکاریشمان حازر بوو، ئەمما هەر یەک، میقدارێک گەنم و جۆیان دا بە سەرکارەکان. کە کابرای سەرکار هات بە منی وت:

- بۆ چی تۆ هیچ دەنگت نییە؟

- من خیانەت ناکەم!

- باشە چاوت بە خۆت ئەکەوێت!

کە ڕۆژ بووەوە تێ فکریم بەگ تەشریفی هات دوو سێ توولە و تانجیی بە شوێنەوە بوو. لە کەماڵی عەزەمەت و شەوکەتدا، تەماشایەکی خەرمانەکانی کرد. کابرای سەرکار دوو سێ قسەی بە دزییەوە بۆ کرد، تا هاتە سەر خەرمانەکەی ئێمە.

با وجوودی ئەوە کە بە نیسبەت کای خەرمانەکەوە گەنمەکەی ئێمە زۆر بوو، سووریی خەرمانی دراوسێکانم کەمتر بوو. کابرای بەگزادە بەبێ تەئەممول دەستی کرد بە حیددەت کردن وتی:

- درۆ ئەکەی دزیت کردووە!

منیش مەجبوور حیکایەتی دزێتیی گەنم و جۆ و بەرتیل خواردنی سەرکارم بۆ گێڕایەوە.

زیاتر حیددەتی کرد و وتی:

- تۆ درۆ ئەکەیت! من پیاوی خۆم ئەناسم دزی لە من ناکەن. ئەمانە هەر ئەو پیاوانەن کە تا ئێستا دە کەسیان بەبێ قەباحەت هەر لەبەر ئارەزووی من بۆیان کوشتووم و سەد کاروانیان بۆ ڕووت کردوومەتەوە. ئەم موڵکانە کە من هەمە لە سایەی چوار پێنج پیاوی وەکوو ئەمانەوەیە.

کە وای وت بە حیددەتی زیاترەوە وتی:

- خەرمانەکان دەور بکەنەوە!

لەسەر وڵاخەکەی خۆی دابەزی و لەپاش دەورکردنەوەی خەرمانەکان، ئەوانەی کە دزییان کردبوو، هەر کەسێ میقدارێکی تریش لەسەر ئیقتراحی سەرکارەکە عەفوو کران بەغەیرەز خەرمانەکەی ئێمە کە بە زیادەوە لێی سەندین. مەعلووم بوو کە سەداقەت خیانەتە و خیانەت سەعادەتە. کە هاتمەوە خزمەتی تیجاری ئاغام ئەم حیکایەتەم عەرز نەکرد.

لە وەقتی هاویندا لەگەڵ ئاغام، چووم بۆ دێهاتی ئەتراف بۆ تووتن کڕین. لەوێ تووتن پێ نەگەیشتبوو. کە لە ڕێگەوە ئەچووینە ماڵی کوێخا، دیارییەکی جوان، بە قەدەر شەئنی کابرای کوێخا دێ بوو، بە ناوی خەڵاتەوە تەقدیمی ئەکرد. وە لەگەڵ عمووم ئەهالیدا بە نەوعێ گفتوگۆی ئەکرد بە کەماڵی شیرینی و نەزاکەت. وە هەر وەقت بەحسی قیمەتی تووتن بهاتایەتە پێشەوە، هەزار سوێند و قورئانی ئەخوارد کە «ئەمساڵ تووتن زۆر ڕەزیلە و ئێمە هەموو مەحو بووینەوە، ئەمما بە هەر قیمەتێ کە ئێوە بڵێن من قبووڵمە؛ هەر بە شەرتی ئەوە لە یەک لیرە، چوار ئانە قازانجم بۆ بهێڵنەوە. لەوە زیاتر، حەرام بێت وەکوو گۆشتی سەگ، چونکە ئێوە عمووم ئاشنای قەدیمی منن». منیش لە دڵی خۆمدا لەوەی کە تەسەورم کردبوو ئاغام پیاوێکی بێ ویژدانە پەشیمان بوومەوە. وە زۆر تەقدیری ئاغامم کرد لە دڵی خۆمدا کە ئەم پیاوە لەم هەموو دێهاتەدا کە گەڕاین لەگەڵ هەموویاندا دۆستایەتی و معامەلەی ئەوەندە لە داخڵی ویژدانایە. خۆلاسە گەڕاینەوە ناوشار. لەپاش چەند مودەتێ چووین بۆ تووتن داگرتن. وەختێ کە ئەچووین بۆ سەر کللاری تووتن، بێچارە زەڕاعەکە لە دڵی خۆیدا قەراری دابوو مەسەلا ئەو کللاری تووتنەی دە باتمان دەرئەچێ، وەختێ کە دەورمان ئەکردەوە شەش باتمان دەرئەچوو. کابرا خۆی سەرسام ئەبوو وە هەقیقەت منیش زۆر تەعەجوبم ئەکرد. ئەموت یا ڕەبی ئەمە چی بێ ئایا موازەنەی ئێمە غەڵەتە یا ئیمساڵ باتمان گەورە بووە؟! مەگەر کە من نازانم و تێ نەگەیشتووم، تیجاری ئاغام بزمارێکی داوە لە تۆپی قەپانەکە و ئەنواعی حیلەبازیی تیایدا کردووە بۆ ئەوەی هەمیشە دە باتمان بکات بە شەش باتمان. وەلحاسڵ تووتنمان داگرت، ئەهالی گرد بوونەوە بۆ قەتعی نرخ. ئاغام وتی:

«کە چوومەوە مەملەکەت بێن، نرخ ئەبڕین!»

کە چووینەوە شار، لەپاش چەند ڕۆژێک بەفر و باران بە شیددەت ئەباری هەموو ئەهالییە بێچارەکان بە لەرزەلەرز و هەموو لەشیان قوڕاوی بوو، هاتن بۆ دەرگای حوجرەی ئاغام.

تەماشام کرد، ئەو سیما بەششاشەی ئاغام بە عەبووسی تەبدیل بوو، ئەو قسە شیرینانەی بوو بە زەهری مار. بە حیددەتەوە پێی وتن:

- ئەم قەرەباڵغە چییە؟ بۆ چی هاتوون؟

وتیان:

- قوربان هاتووین بۆ نرخی تووتن بڕین.

کە وایان وت، دەفتەرێکی دەرهێنا و وتی:

- مردووتان مرێ، نرخی چی؟ هەموو قەرزارن! ئەمساڵ باتمانێ تووتن دوو ڕووپیە ناکات.

- قوربان ئێمەش فەقیرین مەرحەمەتت ببێ!

- لەوە زیاتر قسە مەکەن وەئیللا ئەڵێم بە پۆلیس دەرتان بکات! بڕۆن شکاتم لێ بکەن، ئەوسا چاوتان بە خۆتان ئەکەوێت، ئەوانەی ئێوە شکاتی لە لا ئەکەن، هەموو شەو لە دیوەخانی منا قاوە و چایی ئەخۆنەوە!

هەر کە ناوی پۆلیسی هێنا هەر وەکوو شەیاتین کە بیسمیللایان لێ بکرێت، هەر یەک بە لایەکدا ڕایان کرد، وەهایان ئەزانی پۆلیس وەزیفەی مەخسووسی ئەمەتە کە ئەوان ئەزیەت بدا.

ئەوەندە عەقڵیان نەبوو بڵێن پۆلیس بۆ ئینزباتی مەملەکەتە کە کەس غەدر لە کەس نەکات. منیش لە گۆشەیەکەوە دانیشتبووم تا خەڵق ڕۆیشت. بە ئاغام وت:

- قوربان ئەم حاڵەتە چییە و لەسەر چی عاجز بوویت؟ خۆ تۆ ئەوسا لە دێهاتا زۆر بە شیرینی قسەت ئەکرد؟

- ڕۆڵە تۆ ئەم سەگبابانە ناناسیت. ئەوسا ئەگەر بە شیرینی قسەم نەکردایە تووتنەکەیان نەئەدامێ. ئێستاکە تووتنی خۆمم وەرگرتووە، ئەبێ وا بڵێم.

- قوربان لە خسووسی ویژدانەوە چی ئەفەرموویت؟

- قسەی قۆڕ مەکە! ئەگەر لە ساڵێکا دەستی ئەهالیی چوار دێ نەبڕم، چۆن ئیدارە ئەکەم؟

دەستی کرد بە پێکەنین و وتی:

- ڕۆڵە ئەمانە زۆر کەرن! ئەمین بە، ئەمساڵ زووتر دێنەوە.

هەقیقەت ئاغام ڕاستی کرد، هەر عەینی ئەو ئەهالییە، لە ساڵی ئاتیدا، زووتر هاتنەوە بۆ لای ئاغام و ئاغایش عەینی پرۆغرامی تەتبیق کرد و دیسان مووەفەق بوو. زۆر تەعەجوبم کرد، سەبەبی چییە کە ئەم ئەهالییە وا ئەکەن؟ هەر چەندە فیکرم کردەوە هیچم بۆ مەعلووم نەبوو. هەر ئەوەندە تێ گەیشتم کە ئەهالییەکە لەبەر فەقیری، مەجبوورن هەر لە زستاندا دەست بکەن بە قەرزکردن لەسەر تووتن. وە ئەوەندە عەقڵیان بوو کە بچن بۆ هەر کوێ هەر وەکوو ئەم وایە، جا کەوابوو ئەم ناسیاوترە و ئومێدی ڕەحمیان لێ ئەکرد، هەر چەند نەیشیبوو.

«حەیوانە کێوی تەنیا لە یەک پڵنگ ناترسێ. با وجوودی حەیوانی، ئەوەندە عەقڵی هەیە کە هەموو پڵنگێک ئەیخوات!» ئەم ئەهالییە فەقیرە و ئەم مەحسوورمانەوەیان سەبەبی چییە وە بۆ چی وەهان؟! حیرەتم کرد! هەر ئەوەندەم زانی کە نەبوونی مەکتەب و واسیتەی نەخوێندەوارییانە کە ئەحواڵیان وایە.

ئەکسەری وەقت تەماشای دەفتەری ئاغام ئەکرد کە لەو شارەوە کە مەوقیعی ئیستیهلاکی تووتنە وە تووتنی بۆ سەوق ئەکەن بۆی ئەهات. سەرسام ئەمام چونکە بەعزێکی بە تەرک و بەعزێکی بە سەماح و قسمێکی بە فۆتانی و ... لە تووتنەکەی دەر ئەچوو. بێچارە ئاغام با وجوودی ئەو هەموو زوڵم و زۆرە کە کردبووی، کە وەختی تووتن لە تەرەف تەدبیرچیی ئەو شارەوە بۆی ئەفرۆشرا یا قازانجێکی زۆر کەمی ئەکرد وە یا سەروبەر دەرئەچوو؛ چونکە ئەو تەدبیرچییە هەر چی ئارەزووی خۆی بووایە ئەوەندەی بۆ ئاغام پارە ئەناردەوە.

ڕۆژێ عەرزی ئاغام کرد:

- ئایا ئەگەر ئێوە کە چەند تیجارێکی دەوڵەمەنن، ئیتیفاق بکەن وە قۆمپانییەک تەشکیل بکەن وە لە تەرەف ئەو قۆمپانیایەی خۆتانەوە، دوو کەس لەو شارە بە وەکالەت دابنێن، بۆ عموومتان تووتن بفرۆشێت، ماکینە جەلب بکەن و قیسمێ لەو تووتنە بکەن بە پاکەت، ئەو قازانجە بۆ خۆتان بێت باشتر نییە؟ ئێوە کە مادام ڕۆحی ئەم ئەهالییە بێچارەیە دەردەهێنن کە بە ئەنواعی ڕەزاڵەت و فەلاکەت بە خۆی و ماڵ و مناڵییەوە شەش مانگ خەریکە دە باتمان تووتن پەیا ئەکات وە ئێوە بەم نەوعە لێی ئەسێنن، بۆ خۆتان بێ باشتر نییە لە غەیرە؟

- عەزیزم دیارە تۆیش وەکوو مەکتەبلییە شێتەکان وایتە. ئێمە باوک و باپیرمان هەر وەهایان کردووە، خۆشمان ئەبێ وا بکەین!

- قوربان ئەقڵی باوک و باپیرمان بۆ زەمانی خۆیان باش بوو، بە کاری ئێستا نایەت. عەجەبەن تفەنگی قەپاغلی باشە یا موعەددەل ماووزەڕ و مەترالیۆز و ئەم نەوعە شتانە؟ سواریی کەر باشترە یاخو ئوتومبێل؟

- هەزار قسەی وەها بکەیت عەقڵی کۆن لە عەقڵی تازە باشترە!

کە تێ فکریم بۆ ئیلزام و سکووتی ئاغا، سکووت کردن و بێدەنگ بوون لە هەمووی چاکترە، ناعیلاج بێدەنگ بووم.

***