کەژاڵێ

لە کتێبی:
گوناهـ
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 1 خولەک  2351 بینین
کەژاڵێ
بە دەنگی: عەلی حەسەنیانی
کەژاڵێ
بە دەنگی: سەید خالد ئیمامی
کەژاڵەکەم!
خەیاڵەکەم!
هەزار هێندە ڕابرێ،
هێشتێ هەر خەیاڵی تۆ هەوێنی بەستەکانمە...
بیری خۆشی ناز و خەمزەکەت هومێدی نێو ژیانمە...
گەرمەلانی گیانەکەم،
جوانەکەم!
چاوەڕێی دوو کۆتری جوانی چاوتە...
دڵم کە ئۆگری خەیاڵی پووچ و خاوتە،
هەر بە ئارەزووی تۆ لێدەدا...
ژیانەکەم!
بەرخە کۆرپەڵەی لە دوای مێگەلانەکەم!
هیچ لە بیرتە گوتت کە ئەوپەڕی ژیانمی،
ستێری ئاسمانی،
شەماڵی بەربەیانمی؟
گوڵم!
دڵم!
لە بیرتە خەیاڵمان ئەڕۆیی بۆ هەواری ئارەزوو...؟
لە ژێر نم نمی وەفا،
بزەی دەهاتە سەر دەمی،
گوڵی بەهاری ئارەزوو...؟
ئەوێستێ بیری تۆ لە چەشنی دەرکەیەک،
ڕێی هەڵاتنم وەبەر دەنێ،
لە داوی خەم،
لە چنگی مردنێ...
خۆشەویستەکەم!
خۆ فریو ئەدەم
خۆ فریو ئەدەم، بە ئارەزووی تۆ مەست ئەبم...
ئاخ... چ خۆشە مەستییەکی وا،
لەبۆ لە بیربردنێ،
لەبۆ لە بیرکردنێ...