بۆمباران

لە کتێبی:
گوناهـ
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 2 خولەک  1545 بینین
بۆمباران
بە دەنگی: سەید خالد ئیمامی
شەوێکی بێدەنگ،
تاریک، شەوەزەنگ،
بە بەهارەشەو،
درەنگ، کاتی خەو،
دێ دامرکابوو...
جار جار قڕەی قەل،
لە بنەی دار و باخ،
یا دەنگی کوندێک،
لە لای شاخ و داخ،
یا لوورەی گورگێک،
لە لای تەل و گرد،
بێدەنگیی دێیان لە نێو لادەبرد...
جار جار دوو لک دار،
هەر وەک دوو دڵداڕ،
سەریان وێک دێنا، سرتەیان دەکرد...
پاش تاوێکی دی،
گەڵایەکی دی،
دەکەوت و دەمرد....
بای پیرەشەماڵ خەمی دەپڕژاند،
دڵی دەبرژاند،
شەمی سەر گۆڕی مردووی دەکووژاند...
شەو بوو،
ماتەم بوو،
دێوی شەو دەهات،
بزەی دەکوشت و خەمی جێ دەهێشت...
ئاسمانی ڕەش،
لە چوارچێوەی گوند، تەمی دادەبێشت...
لە ناکاو خەمی واهی و خەیاڵی،
لە دێ وەدی هات...
لە باوەشی دایک مرد کۆرپەی ئاوات...
وەک ڕێژنەباران،
گوللە و بۆمباران،
بۆ سەر دێ دەهات...
 
سبەینێ نە دێ، نە ئاوەدانی،
نە ژن، نە پیاو، نە باخ، نە کانی،
هیچی نەمابوو...
بەڵام لە دۆڵێک،
لە نێو دوو کێوان،
گۆڕستانێ بوو پڕ شین و ماتەم...
خودای تەم و خەم،
دەهات و پڕ مشت،
خەمی لێ دەڕشت...