تۆ منی، من تۆم

لە کتێبی:
گوناهـ
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 1 خولەک  2010 بینین
ئەی تۆ دەریای پڕ شەپۆل و بێ سنوور
بۆ شەو و شەوگاری من کانگایی نوور
چۆڕە ئاوم، دیلی چوارچێوەی ڕکەم
تۆ زرێی بێ ئەوپەڕی، ئەمنیش تکەم
عیشقی تۆیە هۆی ژیان و مانی من
یادی تۆیە ئاگری سووتانی من
تۆ منی، من تۆ، ئەدی بۆ دووری لێم؟
چۆلبڕی ڕێتم کەچی بەسراوە ڕێم
ئەم دڵەم تاوێ بەبێ تۆ ناسرەوێ
دێم بەرەو تۆ بەرهەڵستم دێتە ڕێ
بەرهەڵستی پێگەیینی من «من»ە
خۆم دەبینم، خاوەنی خۆم لێ ونە
«من» منی خستوە بە دەم بەستێنەوە
تۆ منی، تۆ من لە «من» بستێنەوە
خۆم نیشان دە ئەی سەلیبی تۆم لە مل
با وەکوو «سینا» بسووتێم، ببمە کل
لەش کە سووتا سەردەمی هەرمانمە
لەش ڕکەی تاریک و تەنگی گیانمە
دەستی من بگرە کە بۆ دین بوومە دین
با چرۆ دەرکا نەمامی پێگەیین