دووبەیتی

لە کتێبی:
گوناهـ
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 4 خولەک  3136 بینین
زەمەندی عیشقی من کوا شینە بێ تۆ؟
هەناسەم سارد و دڵ خەمگینە بێ تۆ
ڕەشە ڕۆژم لە چەشنی چاوەکانت
هەتاوی بەختەکەم بێتینە بێ تۆ
***
دەمێک ئاور، دەمێک ئاوم بەبێ تۆ
مەلی هێلانەسووتاوم بەبێ تۆ
سەرم سووڕ ماوە ئەی سروەی بەهاران
هەتا ئەمڕۆ چلۆن ماوم بەبێ تۆ؟
***
گڕی، نووری، بتاوێنی، بەتینی
گوڵی بۆنخۆش و جوان و ئاگرینی
بڵێ ئەی ئاخرین هیوا لەبەر چی
وەها شێواو و شەمزاو و خەمینی؟
***
لە بادەی چاوی تۆ من مەستی مەستم
خوداکردە کەوا جوانی پەرەستم
کەمێکی دی لە چاوانم بنۆڕە
بڵا ببزوێنێ هۆش و بیر و هەستم
***
ئەتۆ پاک و بەتینی چەشنی پۆلوو
خەیاڵاوی لەگوێن عیشقی لەدەسچوو
من و تۆیان لە یەک کرد دووزمانان
خودایە! ماڵی شێوێ دۆستی دووڕوو
***
لە چاویدا خەمانی کۆ کراوە
بە ڕوویدا دەرکی هیوا داخراوە
نەماوە، پەیکەرێکە جوان و بێ گیان
ڤێنووسێکە لە سووچێک ڕۆنراوە
***
لە من هاوار و ڕۆیە تۆم لە دەس چووی
وەکوو ئەستێرەی ئاوابوو لە بستووی
بە دڵ من تۆم دەوێ وەک شێعرەکانم
کەچی بۆ من لە گوێن هەڵبەستی ونبووی
***
لەگەڵ بیری ئەوینت ئۆگرم من
لە نێو خۆما دەسووتێم، ئاگرم من
چەما پشتم لە ژێر باری خەمی تۆ
گوڵم! ئەم بارە تا کەی هەڵگرم من؟
***
بەهارە و کوردەواری خەمڕەوێنە
کەژ و لاپاڵ و نواڵە دڵڕفێنە
بە سروە گوڵ هەموو خەمڵیوە ئەمڕۆ
بەهاری من! ئەتۆش چاوان هەڵێنە
***
ئەگەر شێتی کچێکی چاوکەژاڵم
مەکەن لۆمەم، مەڵێن خاوە خەیاڵم
تەوژمی با گوڵی ژینی ڕفاندووم
ئەویشم بۆ نەمێنێ وەی بە حاڵم
***
وشەی تۆ جوانترین شێعری خودایە
قسەت، ماچت، بزەت بۆ من ڕەوایە
لە ئاستی من دەبێتە شێعری شەیتان
جوانێ! کوانێ شەرتی یاری وایە؟
***
بەهاری ئێمە دێ و خونچە دەخەمڵێن
دەر و دەشت و چیا گشتی دەڕەنگێن
لەگەڵ یاری بەتاسەی دوورە زێدم
دەچێتە سەیری نواڵە و مێرگ و بژوێن
***
ئەوا زستانە بەندی بەندی بەندم
نەماوە پێکەنین و قام و بەندم
بەجێت هێشتم لە داوی بەند و باوا
کەچی دەتکوت: لەبەر تۆ لێرە بەندم
***
ئەوا نەورۆزە خەمڵیوە کەژ و کۆ
ئەتۆ پێت وایە من چۆنم بەبێ تۆ؟
خەمینم، لێوبەبارم، دڵشکاوم
لە ناخی جەرگ و دڵ هەڵدەستێ بۆسۆ
***
وەکوو کوێستانی تەمگرتووی وڵاتم
لە شەوگاری خەما داماو و ماتم
بەڵام نووری هومێدم هەر لە دڵدا
هەتا هەم چاوەڕوانی ڕۆژهەڵاتم
***
مەڵێ چۆن بووم و ئێستێ بۆچی ئاوام؟
مەڵێ بۆچی لەگەڵ یاران نەهاوام؟
دڵم پڕ بوو لە داوا و پرسیاران
نە جوابم بوو، نە کەس گوێی دا بە داوام
***
پەژارە و سەخڵەتی هاواڵی ڕێمن
بەرەو هەر کوێ دەچم کۆڵێکە پێمن
بە تەنیا هۆی ژیانی من گوڵێکە
کە جوان و ناسکە وەک شێعری هێمن
***
بە تەنیا مامەوە وەک دوورەئادە
وەرە تاوێک خەمی ژینم بە با دە
لەنێو جامی مەیا ڕووی تۆم بەدی کرد
کە فرمێسکم تکا نێو جامی بادە
***
دەمێ کۆ نیوەشەو هەڵدێ لە دەم کۆ
بە کۆ ئەسرین لە چاوم دێ لە سوێی تۆ
دەمت بێنە دەمێ بۆ دەم دەمانێ
مەهێڵە خەم لە دەوری من ببێ کۆ
***
خوێن ئەگەر بڕژێ لە سەر تا پێمەوە هێشتا دەڵێم:
کوردم و کوڵ نادەم و دوژمن لە خاکم دەردەکەم
چت لە دەستی دێ بکە ئەی دوژمنی بەدفەڕ! کە من
یا دەکوژرێم یا کەلاکی پیسی تۆ سەنگەر دەکەم
***
«زەمەند» م مۆسیقای خۆشی ئەوینە
گوڵی بۆنخۆش و جوان و ئاورینە
دوانی هەروەکوو قاسپەی کەوانە
بزەی مەند و دڵئەستێن و بەتینە
***
حاڵەتێکی کە دوو چاوت هەیەتی
ئەمنی خستۆتە نێو گێژی خەیاڵ
گێژ دەدەم، سووڕێ دەخۆم ناسرەوم
بوومە بابردەڵە و دیلی شەماڵ
***
چاوەکەت سێحرە، تەلیسمە، ڕەمزە
چۆن دەتوانم کە لە حاندی نەبەزم
ڕازی هەرمانە و ئارامیدەرە
شادییە بۆ دڵ و گیانی وەڕەزم
***
لێوەکەت کانیی ژیانە، جوانە
بە بزە دین و دڵم دەڕفێنێ
بۆ وتە کاتێ دەپشکوێ وەک گوڵ
خەم لە ڕووبەرگی ژیان نامێنێ
***
تۆ ڤێنووسی، پەریی، ئاواتی دڵی
جوانترین شێعری خودای ڕووناکیی
گڕی نێو تاریکیی شەوگاری ڕەشی
خواژنی جوانی و چاکی و پاکیی