تامەزرۆ
لە کتێبی:
گوناهـ
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
1 خولەک
2501 بینین
تامەزرۆ
بە دەنگی: سەید خالد ئیمامی
من کە مەحکوومی نەمانم پڕ بە دڵ مانم دەوێ
نیوەنووزەم تاکوو ماوە هێزی هەستانم دەوێ
ڕەوڕەوەی بەختم شکاوە و دواهەناسەی ژینمە
بۆ ئەوەی نەمرم، بمێنم ئەم چەلەش قانم دەوێ
وشکەسوێمە و سووری هاوینە و گەوەی سەختم لە پێش
ئاوی ڕوونی کانیاوی بەر بنارانم دەوێ
ئەو دڵەی بژوێن بوو ئێستێ، شۆرەکاتە، قاقڕە
تا دەمێ ئۆخژنی بێتێ، ڕێژنەبارانم دەوێ
ویست و داخوازم وەدی نایە لە پاوانی خەما
کۆڕی یارانم دەوێ، کوا شاری مارانم دەوێ؟
چیدی ئەستێ و بەردی تیروتانە بۆ من لێک مەدەن
بۆچی سەرکۆنەم دەکەن؟ ئینسانم و ژیانم دەوێ
بێ ئەوەی خۆشی ببینم ژینی دیلیم بردە سەر
پاشی مەرگم، دەوری تەرمم، گەرمەدیلانم دەوێ
***
«تاریک و ڕوون»ێ بەرەو «ئاسۆ» وەڕێ کەوتم کە چی،
دیم «هەواری خاڵی» بۆیە «سووڕی دەوران»م دەوێ
«سازی ناساز»ە دڵم «تاوانی بێهێزی»ی منە
سەردەمی مردن بڕست و هێز و هەتوانم دەوێ
دڵ شکا، دەنگی بڕا، هاوارە لەم ڕۆژە ڕەشە
هاودڵێکی دەردەداری یەکدڵ و گیانم دەوێ