٢٧

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 3 خولەک  768 بینین

لە ڕێگادا تارا گوتی:

- ئێوە فریشتە بوون ئێمەتان ڕزگار کرد؟

بەر لەوە کە سمکۆ یا دیاکۆ قسەیەکی بکەن، مامز گوتی:

- لە چیرۆکەکاندا بیستوومە فریشتە خۆی بە وێنەی کۆتر دەردێنێ، ئیدی نەمبیستبوو خۆی بکاتە دەروێش!

تارا پرسی:

- دەروێش...؟!

- بەڵێ دەروێش... لەبیرتە چەند ڕۆژ پێش دەروێشێک هاتبووە سەر کانی و مزگێنی بۆ هێنابووین و دەیگوت:

بەهاری ئێمە دێ و خونچە دەخەمڵێن
دەر و دەشت و چیا گشتی دەڕەنگێن
لەگەڵ یاری بە تاسەی دوورە زێدم
دەچینە سەیری نواڵە و مێرگ و بژوێن

- دەی جا؟

- ئەو دەروێشە ئەم کاکەیە. ئەم فریشتەیە. ئێستاش دەچینە سەیری بەهاری جوانی... لەو دەمەدا لە دوورەوە چەند تەقە بیسترا. مامز گوتی:

- ئۆخەی لە داوی بەندی دێوان ڕزگار بووین... .

ئەوەی گوت و دیسان وەبیر چیرۆکی «کوڕەکاروانی» کەوتەوە و چووە نێو دنیای خەیاڵەوە. تارا بێدەنگ بوو، هەرچەندی بیری دەکردەوە بیرەوەرییەکی خۆشی لە کاکی نەبوو تا بۆی خەمبار بێ.

دیاکۆ کە لە یەکەم دین، جوانی و نەشمیلی و خوێنشیرنیی تارا تیری لە دڵی دابوو، بۆ ئەوەی نەوەک خەم دایگرێ پرسی:

- بۆ چووی لە فیکرەوە؟ لەمڕۆوە ئەتۆش و خوشکە مامزیش ژیانێکی نوێتان دەبێ، ژیانێک کە لەگەڵ کڵۆڵی و کۆیلەیی ڕابردووتان یەکجار زۆری فەرقە.

- تارا کە تا ئەودەم دەرفەتی ئەوەی نەبوو سەرنج بداتە دیاکۆ، سەری وەرگێڕا و چاوی بە چاوی دیاکۆ کەوت... .

جاری وایە دوو چاو، دوو ڕوانین، باشتر لە دوو زمان قسان دەکەن و هەستی دەروون دەگێڕنەوە... .

مامز هەستی کرد کە نیگای تارا و دیاکۆ تێک ئەڵقا... لە ناخی دڵەوە داوای بەختەوەری بۆ کردن و لەگەڵ سمکۆ شەقاویان توندتر کرد تا ئەوان بتوانن باشتر پێکەوە بدوێن.

تارا و دیاکۆش بە هێندێک نێوانەوە بە شوێنیاندا دەهاتن. دەرفەتێکی باش بوو کە لەگەڵ یەک بدوێن و زیاتر یەکدی بناسن.

هەروا دەچوونە پێش کە لەپڕڕا دەنگێکی ئاشنا، دەنگێکی دڵلەرزێن، دەنگێکی بریندار، پەردەی دڵانی لەرزاندەوە... مامز دەنگی وریای ناسییەوە. ئەو دەنگەی کە هیوای ژیانی بوو... ئەو دەنگەی کە ورەی پێدەدا..، ئەو دەنگەی کە دەستی لێ شۆردبوو و وەک خەیاڵێک، خەونێک، جاروبار وەبیری دەهاتەوە ئێستا دەرکی ژیانێکی نوێی بۆ دەکردەوە. دەنگەکە بە ئاشکرا قسەی لەگەڵ دەکرد:

دەمێک ئاور، دەمێک ئاوم بەبێ تۆ
مەلی هێلانەسووتاوم بەبێ تۆ
سەرم سووڕ ماوە ئەی سروەی بەهاران
هەتا ئەمڕۆ چلۆن ماوم بەبێ تۆ؟

دوو تنۆک فرمێسک لە چاوە کەژاڵەکانی مامز خزانە سەر کۆڵمە تورت و گەشەکانی و لە دڵی خۆیدا گوتی:

- وریا بەسە... چی دی باسی خەم مەکە... ئیدی نۆرەی خێر و خۆشییە... .

گەیشتبوونە دۆڵە شین کە لە ناکاو دەنگێک هەرای کرد:

- مامز...!

مامز وەک ئاسکۆڵەیەک سڵێکی کرد و دەستبەجێ وەڵامی دایەوە:

- وریا...!

مامز و وریا گەیبوونە یەک. مامز خۆی پێڕانەگیرا و لە ئۆقەی گریانی دا... دەتگوت لەمێژە ئەسرینەکانی بۆ ئەو دەمە کۆ کردبوونەوە... وریا حەبەسابوو و نەیدەزانی چ بڵێ. شانۆیەکی سەیر بوو... دوو دڵدار چاویان تێکبڕیبوو و جوانترین شێعری ژیانیان خوڵقاندبوو... لە دیتنی یەکتر مەست ببوون... سمکۆ ئەو خۆشییەی لێ تێک دان و گوتی:

- جارێ با بڕۆین، کوڕەکان چاوەڕێمانن.

دیاکۆ و تاراش گەیشتنێ و پێکەوە بەرەو ئەشکەوت وەڕێکەوتن.