٢٦

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 8 خولەک  797 بینین

زەماوەند و هەڵپەڕکێ تاو لە تاوێ خۆشتر و گشتتر دەبوو. کیژ و کوڕ بە هۆی تەمەنی لاوەتییەوە بێ وچان خۆیان هەڵداویشت. زۆربەی کوڕەکان لە مزگێنی مانی وریا دڵخۆش و سەرخۆش ببوون. منداڵ جلکی ڕەنگاوڕەنگی شایییان لەبەر دابوو. تەنانەت ژن و پیاوی گەڕاوە خەمی ژیانیان لە بیر کردبوو یا لانی کەم بە بیرەوەری کاتە خۆشەکانی ژیانی ڕابردوو خۆیان هەڵدەفریواند و سەرمەست دەبوون. ئەوانەی کە جارجار وریایان وە بیر دەهاتەوە یان چارەنووسی مامز و تارایان دەهێنایە بەر چاو، بۆ ئەویان ڕەحمەت دەنارد و بۆ ئەمانە بەختەوەرییان دەخواست. یای گوڵ و پەرەنگ لە هەمووان پتر بە مامزەوە خۆیان سەخڵەت دەکرد. بە دزییەوە فرمێسکیان دەڕشت، بەڵام بە ڕواڵەت دڵخۆشییان دەدایەوە و لە چاکی! و پیاوەتی! حەمەدەمپەل دەدوان. مامز پێکەنینی پێیان دەهات و ئەوانیش دەیانزانی ڕاست ناکەن.

بانگی ئیوارێ دوو دەستە ژن بەرەو ماڵی کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل وەڕێکەوتن تا بە داب و نەریتی خۆیان بووکەکان بێننە مەیدانی بەر مزگەوت و دوای ئەوە کە ڕووبەرووی یەکتریان ڕاگرتن، بیانگوێزنەوە و بەرەو ماڵە زاوایان بەرن. لەگەڵ هەر دەستەژنێک گۆرانیبێژێک و دووزەلەژەنێک بۆ بووک هێنان چوون.

لە کاتێکدا بووکنییەکان بۆ بووک هێنان دەچوون، ئاسۆ بە نهێنی چاوێکی لە شینە داگرت و شینە زۆر بە ئەسپایی، بێ ئەوەی کەس بزانێ بۆ پشتەوەی مزگەوت خوشی و لەوێوە بە تەلێکی هەڵگەڕاو و دوای تاوێک بەو چەشنە گەڕایەوە و خۆی گەیاندە ئاسۆ و گوتی:

- هەموو شت ئامادەیە و چاویان لێمانە... .

هێندەی پێنەچوو کە بە شادی و چەپڵەڕێزانەوە بووکەکانیان هێنا، گۆڕانیبێژەکان گۆرانی «تەدارەک و موبارەک» یان دەگوت و بە هەوای گۆرانییەکەوە خۆیان هەڵدەسووڕاند و سەر و دەستیان تەکان دەدا. دووزەلەژەنەکان بە تەواوی هێزەوە لە دووزەلەیان دەتووڕاند. بووکەکان تارای سووریان بە سەر دادرابوو. ئاوێنە و چرا و قوڕئانیان لە پێش ڕاگیرابوو. هەر بووکێک باسکی لە قۆڵی دوو ژنی گەڕاوە دابوو و چەند کیژۆڵە سەمایان لە پێش دەکردن. گەورە و بچووک تێکدەچڕژان و دەوراندەوری بووکەکانیان بەرنەدەدا. مامز و تارا لەگەڵ هەر هەنگاوێک کە هەڵیاندەهێناوە دڵەکوتەیان زیاتر دەبوو. جارجار دەستێکیان لە پشتێندەکەیان دەدا تا لە مانی چەقۆکەیان دڵنیا بن.

بووکەکان گەیشتنە مەیدانی بەر مزگەوت. کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل هەر کام لە لایەک لە سەر بەرزایییەکی ڕاوەستابوون. چەند کەس لە دەوروبەریان بوون. هەر یەکە مستێکی نوقڵ و وردەدراو لە گیرفاندا بوو و ئامادەی کردبوو تا بە سەر بووکەکەیدا هەڵیهاوێ. گۆرانیبێژەکان و دووزەلەژەنەکان یەکیان گرت و گشتتر لە پێشوو بۆ یەکدیان دەگێڕایەوە و بە بووک و زاواکانیاندا هەڵدەگوت. کاتێک مامز بە بەر دەمی حەمەدەمپەلدا ڕەد بوو، حەمەدەمپەل دەستی لە گیرفانی نا و نوقڵ و دراوەکەی بە سەردا هەڵاویشت. کوێخا ئەمەریش هەر ئەو کارەی لە بارەی تارادا کرد و منداڵەکان تێوەڕووکان و هەر یەکە بۆ ئەوەی نوقڵ و دراوێکی زۆرتری وەچنگ کەوێ پاڵی بە ئەوی دیکەوە دەنا. چەلچەلەش شەڕیان لە نێو دەکەوت و ئەوەی زۆردارتر با دەیبردەوە.

گەورەکان منداڵەکانیان ڕاو دەنا و ڕێگایان بۆ بووکەکان بڕ دەدا. بووکەکان وردەوردە لە نێو هەراوهوریا و چەپڵە و گۆڕانیدا بەرەو پێش دەچوون تا گەیشتنە نێوەڕاستی مەیدان و بەرامبەری یەکتر.

دەنگی گۆرانی و دووزەلە و چەپڵە و هەرا گەیبووە ئاسمان کە لە ناکاو تەقەی دوو تفەنگ گشتی بێدەنگ کردن... هەموو سەریان سووڕ مابوو... لە نێو دڵی ئەو لاوانەدا کە دەیانزانی چ باسە، شایی دەگەڕا... بە بیستنی تەقە منداڵەوردکە دەستیان بە زیقەزیق و قیژەقیژ کرد و خۆیان لە باوەشی کەسوکاریان هاویشت. هێشتا دەرفەتی بیرکردنەوە بە کەس نەدرابوو کە دەنگێکی پیاوانە گوڕڕاندی:

- مەبزوون! ئەگەر گیانی خۆتان خۆش دەوێ بێ قسەییم مەکەن!

دەنگەکە تاوێک خامۆش بوو. لەو نێوەدا مامز خاوەن دەنگەکەی ناسییەوە و بە پەڵە تاراکەی تووڕ هەڵدا و ورتەی لێهات:

«دەروێش» ...!

ئەوانەی لە دەوروبەریدا بوون وشەی «دەروێش» یان بیست. بە تایبەت تارا. تاراش کە لە بن تاراوە چاوی لە مامز بوو، تاراکەی خۆی فڕهەڵدا. دەروێش درێژەی بە قسەکانی دا:

- خوشک و براینە! کەس نەترسێ: ئێمە تەنیا کارمان بە دوو ناپیاوە، دوو گەلفرۆش، دوو جاش، دوو دڕندە کە بۆ دامرکاندنی هەوا و هەوەسی خۆیان دوو کیژیان فیدا کرد و نەخشەی کوشتنی «وریا» یان کێشا... .

ئەمجا دەنگی بەرزتر کرد و گازی کرد:

- کوێخا ئەمەر! حەمەدەمپەل! وەرنە پێش...!

کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل تەواوی لەشیان دەلەرزی، ڕەنگیان بە ڕوویەوە نەمابوو، قوڕگیان ویشک ببوو. دەتگوت گەی بەندەنیان یەک بە یەک ترازاوە. شایییان لێ ببوو بە شین. پیس پێوە ببوون و ڕێگەی ڕزگاربوونیان بۆ نەمابوو. چاریان نەبوو، بە لەشی لەرزۆکەوە چوونە پێش. چاوێکیان لە دەوروبەری مەیدانەکە کرد؛ چوار کەس بە چەکەوە چوار قوژبنی مەیدانیان گرتبوو. یەکێکیش لە نێوەڕاستی مەیداندا دەستووری دەدا. حەمەدەمپەل گێژ ببوو، نەیدەزانی ئەو پیاوەی لە کوێ دیوە. هەر چۆنێک بوو کوێخا ئەمەر وەدەنگ هات:

- کاکە! ئێمە وریامان نەکوشتووە. قەرار بوو وریا ببێتە زاوام. کەس نەیزانی بۆ کوێ چوو. پاش ماوەیەک هەواڵی کوژرانی هات... .

- درۆیان مەکە درۆزن! ئەتۆ ئەوێ شەوێ نەچووی لە خەوت وەخەبەر نەهێنا، نامەیەکت نەدایە بیبا بۆ «خڵە» ی برات بۆ گوندی قەڵاکۆن، داوات لێ نەکرد دەستبەجێ وەڕێکەوێ؟ ئەمەش نامەکەت، دیسان حاشا دەکەی؟

نامەکەی بۆ هاویشت و کوێخا ئەمەر بە ترس و لەرزەوە نامەکەی هەڵگرت و ناسییەوە. بەر لەوە قسەیەکی بکا دەروێش گوتی:

- دوای وەدەرکەوتنی وریا ئەتۆ و حەمە بە چەکەوە بە شوێنیدا نەچوون، لە هەوەڵی دۆڵەتوودا هەر کام لە لایەکەوە تەقەتان لێنەکرد؟ هەر حاشا دەکەی؟ ئەمەش بزانە وریا ماوە و هەر زیندووە... .

بە بیستنی ئەو قسەیە ئەوانەی لەوێ بوون شوکرانەیان بژارد و گەشانەوە. مامز چاوی لە چەکدارەکان کرد، بەڵام هیچیان وریا نەبوون. چەند جار ویستی هاوار بکا:

- ئەدی کوا وریای من، بۆ دیار نییە...؟

بەڵام شەرمی کچانە و کۆت و زنجیری ژیانی کوردەواری بەرهەڵستی ئەو کارە بوو. ژنان تووکیان لە کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل دەکرد. تارا کە بیستی وریا ماوە خۆی پێڕانەگیرا و مامزی لە باوەش گرت و ئەسرینی شادی لە چاوان هاتە خوار... دەروێش ئیشاڕەیەکی بە چەکدارەکان کرد: سێ کەسیان هاتنە پێش و دە کویخا ئەمەر و «حەمەدەمپەل» یان خوڕی:

- وەپێش کەون...!

ئەوانیش وەک پەزێکی بۆ سەربڕان بڕوا، بێ پەلەقازە ڕێگایان گرتە بەر. هەر ورتەورتی تووکی خەڵک بوو کە بەڕێیان دەکردن. دوو گورگ، دوو دڕندە، دوو جاش یا گوێیان لەو تووکانە بوو و ددانیان بە جەرگی خۆیان دادەگرت یا ترس چاویانی کوێر کردبوو و گوێیانی کەڕ... .

دوای ڕۆیشتنی ئەوان «دەروێش» یان بە ناوی خۆی بڵێین سمکۆ لەگەڵ دیاکۆ ماوەیەک قسەیان بۆ خەڵک کرد. باسی ڕابردووی حەمەدەمپەلیان کرد کە لە ناوچەی خۆیدا چەند کەسی پێوەکردووە و چەندی بە کوشت داوە. لەبارەی کوێخا ئەمەرەوە دوان و خەیانەت و جەنایەتەکانیان گێڕایەوە، بەتایبەتی لەبارەی پێوەبوون و کوژرانی ڕزگار و هاواڵەکانیدا زۆر دوان. ڕزگار پێشمەرگەیەک بوو کە نەیدەهێشت زۆردارەکان زوڵم لە ڕەنجکێشە هەژارەکان بکەن. ئەوە بوو کە خەڵک خۆشیان دەویست و نەمانی هۆی پەژارەیان بوو.

دیاکۆ و سمکۆ کاتێک دڵنیا بوون هاواڵەکانیان کوێخا ئەمەر و «حەمەدەمپەل» یان دوور خستووەتەوە، ماڵئاوایییان کرد کە بڕۆن. بەر لە ڕۆیشتن سمکۆ ڕووی لە مامز و تارا کرد و پرسی:

- ئێوە دەتانەوێ چ بکەن؟

مامز وەڵامی دایەوە:

- ئێمە هیچ کەسمان نییە بچینە لای. لە لایەکی دی دەبێ چاومان بە وریا بکەوێ.

- کە وایە دەتوانن لەگەڵ ئێمە بێن.

تارا گوتی:

- باش بوو ئێوە کاری ئێمەتان هاسان کرد. قەرار بوو من و مامز ئەوان بکوژین. ئەوەی گوت و لەگەڵ مامز چەقۆکانیان لەبەر پشتێند دەرهێنا و بە خەڵکیان نیشان دا... هەموو دەیانگوت:

- ڕووتان سپی بێ... .

«لاوێن» لە قولینچکێکی گوتی:

- کچی کورد دەبێ وا بێ... هەر بژین!

دوای ڕۆیشتنی سمکۆ، دیاکۆ، مامز و تارا نۆرەی ئاسۆ بوو کە بۆ خەڵک قسان بکا... .