٢٥

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 3 خولەک  696 بینین

تان و پۆی ژیانی مامز لەبەر یەک بڵاو ببوو... هەستی دەکرد بۆتە بابردەڵەیەکی یەخسیری دەستی زریانی چارەنووس. شەوەزەنگێکی بەسام ئاسمانی تەمەنی کاڵ و ساوای داپۆشیبوو، بەڵام وێڕای ئەوەش، لە دوور، لە سووچێکی ئەو ئاسمانەدا جارجارە جریوەی کزەئەستێرەیەکی دەدی. ئەو سۆمایییە ببوو بە هۆی هیوایەک بۆ ئەو. هیوای تێکشکاندنی ڕکەی دیلی و کۆیلەیی... هیوای ڕزگاری لە ژیانی ئاسایی و ڕۆیین بەرەو ئامانجێکی پیرۆز کە دەبوو بە هۆی نەمانی زوڵم و زۆر و دامەزرانی کۆمەڵێکی پێشکەوتوو کە لەودا کیژان فیدای هەوەسی هەوەسبازان نەکرێن و مافیان لەبەرچاو بگیرێ.

وریا دیمەنی جوان و دڵڕفێنی ئەو کۆمەڵەی پێشان دابوو و ڕێگاکەشی فێر کردبوو: تێگەیشتن، زانین، دەست لە هیوا بەرنەدان، خەبات، بەربەرەکانی، ڕاوەستان، کۆڵنەدان، ماندوو نەبوون و... .

ڕۆژی پێنجشەممۆ لە دوو ماڵی کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەلدا چەند سەرەژن خەریکی نان و چێشتی زەماوەند بوون. لە مەیدانی بەر مزگەوتدا دەهۆڵ و زوڕنایان لێدەدا و چەند کیژ و کوڕ هەڵدەپەڕین، بەڵام دیار بوو ئەو هەڵپەڕکێ و گۆوەندە لەگەڵ زەماوەند و هەڵپەڕینی دیکە جیاوازە. لاوەکان بیریان لە وریای نامراد دەکردەوە. لێیان سوور بوو کە وریا بە پیلانی کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل کوژراوە. هەرچەند خۆیان فریو دەدا کە تازە وریا زیندوو نابێتەوە، ژن بە ژنە کراوە و هەڵناوەشێتەوە، بەڵام هەستیان دەکرد کە بە دڵ نەهاتوونە زەماوەند. گۆوەند زۆر سارد و خاو دەگەڕا. ژنان بە دڵ خەمیی مامز و تارایان بوو. دڵخۆشییان دەدانەوە و یەکیەکەش خۆیان پێڕانەدەگیرا و فرمێسکیان بە چاودا دەهاتە خوار... .

مامز و تارا لەسەر بڕیاری خۆیان سوور بوون و هەر کام چەقۆیەکی تیژی دەبەر پشتێندی نابوو و لەگەڵ خۆی دەیگێڕا... .

لە سووچێکی، ئاسۆ لەگەڵ «شینە» و «لاوێن» کە پێکەوە چووبوونە دۆڵەشین، نیگەرانی داهاتوو بوون. شینە گوتی:

- کاک ئاسۆ کەنگێ بە کوڕەکان بڵێین؟

- وردەوردە خەریک دەبین.

لاوێن پرسی:

- بە کێ و کێ بڵێین؟

- بە گشتیان.

- دە با دەست پێبکەین.

ئەمجا یەک یەک و دوو دوو هاوڕێیەکانیان بانگ کرد و سرتەیان لەگەڵ کردن. هەموو پێیان سەیر بوو. دەیانپرسی:

- بەڕاستیتانە...، وریا ماوە...، مامز دەزانێ...؟ حەمەدەمپەلیش جاشە...؟

نەختەنەختە تەواوی هاوڕێیەکانیان تێگەیشتن و زانیان دەبێ چ بکەن. لە خۆیان دەپرسی:

- ئاخۆ چۆن دەبێ...؟ مامز و تارا دەبێ چ بکەن...؟

گۆوەند وەک سەعاتێک پێش ساردوسڕ نەبوو، کەمکەمە گەرمتر و گشتتر دەبوو. لاوەکان دڵساردی و بێوازیی تاوێک لەوەوبەریان نەمابوو. ئێستا شادییان لە دڵدا دەگەڕا. دەستی ڕەشبەڵەکیان گرتبوو و بە هەوایەکی گشت هەڵدەپەڕین و چاوەڕوانی دوای نیوەڕۆ بوون...