٢٨

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 4 خولەک  773 بینین

لە نێو ئەشکەوتدا هەموو لە دەوری یەک کۆ ببوونەوە. گۆران، مامز و تارای بەخێرهاتن کرد و ماوەیەک لەبارەی کارەساتی کوێخا ئەمەر و «حەمەدەمپەل» ەوە دوا. گێڕایەوە کە چ دەورێکیان لە دژی جووڵانەوەی گەلەکەیان هەبووە و چۆن نەخشەی کوشتنی وریایان کێشاوە.

کاتێک دیتی مامز و تارا لە کوژرانی کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل نەک تێکنەچوون، زۆریشیان پێ خۆشە گوتی:

- ئێوەش لە ئەمڕۆکەوە ژیانێکی نوێ دەست پێدەکەن. خوشکە مامز بە ئاواتی خۆی گەیشت و پێم وایە لەمەولا دەبێتە پێشمەرگە، بەڵام ئەتۆ خوشکە تارا! چۆنت پێ خۆشە ئازادی، دەچییە هەر کوێیەک بەڕێت دەکەین. ئەگەر لەگەڵ ئێمەش دەمێنییەوە زۆرمان پێ خۆشە.

تارا گوتی:

- لە ڕابردوودا مامز زۆر شتی تێگەیاندووم. دەزانم ئێوە چ ڕێگایەکی گەورە و گرینگتان لە پێش گرتووە. دەزانم چ ئامانجێکی پیرۆزتان هەیە. زۆرم پێ خۆشە ئەمنیش لە لای ئێوە بمێنمەوە و ببمە پێشمەرگە و خەبات بکەم. ئەمەشتان پێ بڵێم لە دنیادا کەسم نییە بچمە لای.

ئەوەی گوت و بە نهێنی چاوێکی لە دیاکۆ کرد. دیاکۆ بزەیەکی هاتێ و سەری بەردایەوە. گۆران گوتی:

- ئەم مزگێنییەشتان پێبدەم کە بە فتوای مەلا «خالید» مارەیی هیچ کامتان دروست نەبووە، چونکە ڕازی نەبوون. بۆ دروستیی نیکاح ڕەزامەندیی هەر دوو لا پێویستە. جا ئێوە دەتوانن بە دڵنیایییەوە هاوبەشی ژیانتان هەڵبژێرن.

سمکۆ گوتی:

- ئەگەر نیکاحەکەش دروست بووبێ بە هۆی نەمانی کوێخا و حەمە و بە بۆنەی کچ بوونی ئێوە عەدێتان (عدە) لە سەر نییە و دەتوانن شوو بکەنەوە.

بەو قسانە مامز و تارا ئۆخژنیان هاتێ. دەتگوت باریان لێ سووک بووە. پاش ئیستێک گۆران درێژەی بە قسەکانی دا:

- جا کە وا بوو ئەمن تکا لە هاوڕێیان، بەتایبەتی وریا، دەکەم کە پتر ئەم خوشکانە لەگەڵ ژیانی پێشمەرگایەتی ئاشنا بکەن.

ئەمەش بڵێم کە هەر ئەمشۆمان لێرە ماوە و سبەینێ دەڕۆین. وا باشە ئێستا هەل لە دەست نەدەین و خەریکی کارەکانمان بین.

مامز و تارا هەڵستان و خەریکی نانوچێشتی شەو بوون. سمکۆ چوو بۆ سەر ئێشک و ئەوانی دی خەریکی نووسینی ڕاگەیاندن بوون.

لەو ڕاگەیاندنەدا وێڕای بانگەوازی خەڵک بۆ یەکێتی و هاوکاری لەگەڵ پێشمەرگەکان، باسی ئاکار و ئاکامی شەش گەلفرۆش، شەش جاش، واتا: قۆیتاس، مینە بەدفەڕ، وەتمان پانێر، کوێخا ئەمەر، حەمەدەمپەل و خلەدێز کرابوو و ڕێکخراو بەرپرسیی کوشتنی چوار کەسیانی وە ئەستۆ گرتبوو. هەر وەها نووسرابوو کە هاوکار و مووچەخۆری گەورەی یانەی جاسووسی «خلە دێز» دوای بیستنی هەواڵی کوژرانی جاشەکانی ناوچە لە ترسی سزادان ماوەیەکە خۆی حەشار داوە و تا ئەمڕۆ نەیوێراوە بگەڕێتەوە.

لە دوایی ڕاگەیاندنەکەدا هەڕەشە لە حکوومەت کرابوو کە دەست لە ئەشکەنجە و ئازاردانی خەڵکی چەوساوە هەڵگرێ، دەنا دەبێ چاوەڕوانی تۆڵە ئەستاندن بێ. دەیانزانی دوای چەند ڕۆژ حکوومەت بە بۆنەی خووخدەی دڕندانەوە دەست دەکا بە قەتڵوبڕی خەڵکی بێ تاوان.

ئاخری شەو ڕاگەیاندنەکە ئامادە کرابوو و چەند وێنەی لەبەر هەڵگیرابۆوە. شەوەکی یەکێک لە ئەندامان دەهات و دەیبرد و بڵاو دەکرایەوە. دوای نانی شەو گۆران گوتی:

- ئیدی کارمان لێرە تەواو بووە. هەر چەند خلەدێز دەرباز بوو، بەڵام دیسان باش بوو ڕەنجەڕۆ نەبووین و زەحمەتەکەمان بە فیڕۆ نەچوو، ڕێکخراوی ناوچەمان ڕێکوپێک کرد و بەرپرسێکی لێزان و لێوەشاوەمان بۆ دیاری کرد.

سۆران گوتی:

- ئەم دوو خوشکانەشمان لە بەند ڕزگار کردن.

پاش تاوێک وریا و مامز لە سەر تاتەبەردی سەر کانیاوی پەنای دارەبەن سەیری لێڕەواریان دەکرد و ڕازی دەروونیان هەڵدەڕشت... .

هێشتا مانگ هەڵنەهاتبوو... ئەستێرەکان بە ورشەی خۆیان ئاسمانی بێ بنیان نەخشاندبوو... باڵندەکانی لێڕەوار بە ئازادی دەنگیان لێ هەڵێنابوو... لە ناکاو خشپەیەک هات و لە نێو تاریکاییدا وریا و مامز دیتیان دوو کەس بۆ لای کانیاو دێن. کاتێک نیزیک بوونەوە دیاکۆ و تارایان ناسییەوە و وریا گوتی:

- درەنگ هاتن. ئێمە زیرەکتر بووین و جێگە خۆشەکەمان زووتر گرتەوە. فیکرێکی بۆ خۆتان بکەنەوە... .

بەو قسەیە هەر چوار پێکەنین. لە ڕاستیدا ئەوە بزەیەک بوو بە دیمەنی ژیانی داهاتوویان.