٢٢

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 6 خولەک  795 بینین

مامز بە دەست تەوژمی بای نەهاتییەوە بابردەڵەیەکی بێ هێز و هەتوان بوو. پەژارە و پەشێوی دەوروبەری تەنیبوو. خۆی لە هیچ نەدەگەیاند. باوکی زۆربەی کارەکانی ماڵێی جێبەجێ دەکرد و لە سەر ئەو بڕوایە بوو کە مامز وردەوردە لەگەڵ ژیانی داهاتووی ڕادێ و ڕق و تووڕەیییەکەی وەلا دەچێ و بیرەوەری وریای لە دڵ دەچێتە دەر.

مامز ئەو گوڵەسوورەی جاران نەبوو. سیس و ژاکاو ببوو. هەستی بە بیکەسیی دەکرد. چەلچەلە ڕێگای گۆڕستانی دەگرتە بەر و لەگەڵ گڵکۆی دایکی سکاڵا و دەردی دڵی دەکرد. ڕۆژی دوای مارە کردنی بە کوڵی گریان و کۆڵێک خەم و تەمەوە دیسان بەرەو گۆڕستان وەڕێکەوت. هەموو جارێ کە لە گۆڕستان دەگەڕایەوە گرانیی خەم و پەژارەی سووک دەبۆوە. ئەو ڕۆژە ئەگەر کەسێک بە لای گڵکۆی دایکیدا ڕابردبا دەیبیست کە مامز دەڵێ:

- دایە، دایکی خۆشەویستم! بۆ بە جێت هێشتم؟ بۆ لە داوی ئەو دوو گورگە خوێنمژەت خستم؟ ئەمن لە دنیادا تەنیا وریام بوو... وریا ئینسان بوو... تێگەیشتوو بوو... گیانم بوو... ژیانم بوو...، بەڵام باوکم بۆ ئەوەی کە بە ئاوات و ئامانجی بگا بە ناهەق خوێنی ئاڵی ڕشت... . وریا دەیەویست گەلەکەی لە بەدبەختی و کڵۆڵی و کۆیلەیی ڕزگار بکا. قەرارمان دانابوو پێکەوە بۆ بەختەوەری و سەرکەوتنی گەلەکەمان خەبات بکەین، کەچی باوکم وریای لە من و گەلەکەی ئەستاند.

- دایە گیان! ئەمن تا شەوی هەینی لە لاتم، قەول بێ هەموو ڕۆژێ بێم و بۆن بە کێلەکەتەوە بکەم. لە دوایە لەگەڵ تارا بە شوێن ڕێگای «وریا» دا دەچم. نامەوێ کیژانی کوردستان وەک من دیل و کۆیلە بن.

- دایە گیان! وریا چاو و گوێی منی کردۆتەوە. زۆر شتی لێ فێر بووم، بەڵام بەداخەوە نەماوە تا پێکەوە بەختەوەرانە بژین؛ باوکم تاقە ئەستێرەی ژیانمی لێ ئاوا کردم.

مامز زۆری سکاڵا کرد. فرە ئەسرینی ڕشت. کاتێ کە نیوە بێهۆش خۆی بە سەر گڵکۆی دایکی داکێشا، دەنگێکی ئاسمانی و هەستبزوێن وشیاری کردەوە. وریای هاتە بەر چاو...، بەڵام نا، دەنگی وریای دەناسییەوە. ئەوە وریا نەبوو، ئەدی دەبێ کێ بێ کە بەو دەنگە کارییە و بە هەوای دەروێشانە دۆڵ و چیای لێڕەوار دەلەرزێنێ و بۆنی ئاشنای وریا بڵاو دەکاتەوە و دەڵێ:

وەڵامم پێیە بۆ زینێ لە لای مەم

لە هەڵدێر و تەلان و لێڕ و ئەستەم

دەڵێ: ئەی گوڵ! وەلانێ ناهومێدی

بەرەو تۆ شادی دێنم، لادەچێ خەم

بە بیستنی ئەو دەنگە مووچوڕکێکی پێدا هات... نوورێکی ئارامیدەری لە دڵدا گەڕا. بۆخۆشی نەیدەزانی چۆنە خونچەی ژاکاوی لێوە جوانەکانی دیسان بە بزەیەکی مەند و هێدی پشکوت! تاوێک چاوی وێک نا. دەیهەویست خۆی فریو دا و بە خۆی بسەلمێنێ کە ئەوە دەنگی برینداری وریایە...، بەڵام کاتێ دوو تنۆک فرمێسک بە کوڵمانیدا خزینە خوار، وشیار بۆوە. بە قامکە شووش و باریکەکانی ئەسرینەکانی ئەستڕینەوە و هەڵستا خۆی تەکاند و بە شوێن دەنگەکەدا داگەڕایە خوار. لە سەر سوێی تەپۆڵکی قەبران چاوی لە لای کانیاوی ئاوایی کرد. خاوەن دەنگەکە دەروێشێک بوو بە کراسێکی سپی درێژەوە. کەشکۆڵێکی بە دەستەوە و تەوەرزینێکی لە سەر شان بوو. تازە گەیشتبووە سەر کانی. شێعرەکەی کە بە هەوای دەروێشانەوە تێیهەڵکردبوو، تەواو ببوو. وردەوردە چەند کەسێکی لێ هاڵان. مامز خۆی پێ ڕانەگیرا و بەرەو کانی وەڕێکەوت. گەیشتە سەر کانی. چاوی لە کەس نەکرد، تەنانەت لە حەمەدەمپەل. یان نەیدی یان خۆی لێ گێل کرد. ڕووی لە دەروێش کرد و گوتی:

- ڕۆژ باش کاکە! زۆر بەخێر بێی!

- رووت سپی بێ کچم!

مامز پێی سەیر بوو چۆنە وا خۆشی لەو دەروێشە هاتووە! خۆشەویستییەکی پاک و برایانە. تاوێک ڕاوەستا و چۆڕێکی ئاو خواردەوە و لە دوایە بە ڕەوتی تاوسانەوە بەرەو ماڵ وەڕێکەوت. کاتێک مامز ڕۆیی دەروێش گوتی:

- ئەو کیژە وا دیارە خەمێکی نهێنی هەیە. خەمبارم هاتە بەر چاو. کارساز خەمی خەمباران وە شادی گێڕێ... .

ژنێکی گەڕاوەی سوێرقسە کە خەریکی پڕ کردنی گۆزەکەی بوو، هەناسەیەکی هەڵکێشا و گوتی:

- لە لای خۆی دوێنێ مارە کراوە و شەوی هەینی دەیگوێزنەوە و دەبوایە شاد بێ کەچی قەدەرێکە بەستەزمانە خەمی لێدەبارێ... .

ئەوەی گوت و بە دزییەوە ددانێکی لە حەمەدەمپەل لە چیڕێکەوە برد. دەروێش ئاگای لێبوو. زانی کە ژنەکە ئیشتیای لە قسانە. بۆ ئەوەی قسەی لێ دەربکێشێ بە زیرەکییەوە گوتی:

- خودا بەختەوەری کا. ئەمنیش کچێکم هەیە لە تەمەنی ئەودایە. سێ ساڵە نەمدیوە. ئەو کچە ناوی چ بوو؟ کچەکەمی وەبیر خستمەوە.

ژنەکە وەڵامی دایەوە:

- ئەوە مامز کچی کوێخا ئەمەرە. باوکی لەگەڵ ئەم کاک حەمەیە (ئیشاڕەی بە «حەمەدەمپەل» کرد) ژن بە ژنەی کردووە. کاک حەمەش خوشکێکی هەیە دەڵێی مانگی چاردەیە داویەتی بە کوێخا ئەمەر.

دەروێش ئەوەی دەیەویست و مەبەستی بوو سووک و هاسان وەچنگی کەوتبوو. بۆ ئەوە کە لێی وەشک نەکەون گوتی:

- بەخێر و خۆشی.

ئەمجا دەستوچاوی لە ساردئاوی کانی شوشت. نیزیکەی نیوەڕۆ بوو. خوڵقیان کرد کە میوانیان بێ، بەڵام دەروێش کەشکۆڵەکەی نیشان دان و گوتی:

- هێندێکم نان و ژاژی پێیە. بەزیاد بێ. تاوێک لە سەر ئەم کانییە خۆشە دادەنیشم و دەڕۆم.

دوای ڕۆیشتنی حەمەدەمپەل، دەروێش ئەوەی پێویست بوو لە زمانی ژنەکانی دەرکێشا و لە دەرفەتێکدا خۆی بە ئاسۆ ناساند و پێی گوت کە لە دەرەوەی ئاوایی چاوەڕێی بێ. مامز لە ماڵێ نەقڵی دەروێشی بۆ تارا گێڕایەوە و گوتی:

- نازانم چ بوو کاتێ قسەم لەگەڵ دەکرد سێبوورییەکم هاتێ. لەبەر کاکت نەبا سەعاتێکی لە لای ڕادەوەستام.

لەو قسانەدا بوون کە گوێیان لە دەنگی دەروێش بۆوە کە چریکەی لە ئاسمانان دەگەڕا:

بەهاری ئێمە دێ و خونچە دەخەمڵێن

دەر و دەشت و چیا گشتی دەڕەنگێن

لەگەڵ یاری بە تاسەی دوورەزێدم

دەچینە سەیری نواڵە و مێرگ و بژوێن

مامز و تارا چاوێکیان لێک کرد. دەنگی دەروێش کاری لەسەر دڵ و گیانیان کردبوو. دەنگێکی ئاسمانیی بوو کە دڵخۆشیی دەدانەوە، بەڵام دڵخۆشییەکی پووچ، لە لای ئەوان یارێک نەمابوو تا لەگەڵی بچنە سەیران... .