٢١

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 4 خولەک  756 بینین

ژیانی زۆربەی گەلی چەوساوەی کورد لێوانە لە خەم و پەژارە، چەرمەسەری و کوێرەوەری، شێوان و شەمزان، هەناسەساردی و لێوبەباری. مامزیش وەک کچە کوردێک دیل و کۆیلەی ناکۆکییەکانی ژیانی کوردەواری بوو.

هاوتاکانی لە هەندەران ئەوەی بە بیریشیاندا نەدەهات خەم و جەخار بوو. ئەوان لە کۆمەڵێکی بەختەوەردا دەژیان. دەرسیان دەخوێند و دەیان سەرگەرمیی وەک سینەما، تەلەویزیۆن، شانۆ، پارک، گەڕان و کایەیان هەبوو. ڕادەی زانستیان دەبردە سەر و بە باڵی مۆسیقا و ئەدەبەوە بەرەو جوانترین مێرگ و بژوێنی ژیان هەڵدەفڕین و بیر و هۆش و گیانیان بۆ ژیانێکی پێسکەوتووانەتر پەروەردە دەکرد. لە نەخۆشی و ڕووتی و برسییەتی دوور بوون. کەچی مامز وەک پەپوولەیەکی ڕەزاسووکی باڵنەخشین کەوتبووە نێو گێژی نەهاتیی و ناهومێدییەوە. جارجارە پەلەقاژەی مانی بوو، بێ ئەوەی کەس هاوارێکی لێ ببیسێ.

ئەگەر کەسێک بتوانێ بە گۆرانی، بە مۆسیقا، بە وتە، بە شێعر یا لە هەر ڕێیەکی دیکەوە دەردی ژیانی بگێڕێتەوە، دەردەکەی لێ سووک دەبێ، بەڵام ئەگەر هەر لە نێو خۆیدا بسووچێ و بساچێ و توانای هاوار و سکاڵای نەبێ، لە ژێر باری گرانی خەم و پەژارەدا دەچەمێتەوە، تێک دەشکێ و دەهاڕێ... .

مامز ئەو نازدارە بێ نازە، ئەو ناسکۆڵە تەنیا و بێکەسە، ئەو سوورەگوڵاڵە ژاکاوە، تووشی ئەو دەردە گەورە و گرانە ببوو. دەرکی هیوای لێ داخرابوو. لە ماڵە خۆیدا هەستی بە بێگانە بوون دەکرد. ڕایەڵ و پۆی ژیانی لەبەر یەک بڵاو ببوو. چەشنی زەردەگەڵایەکی پاییزی بوو کە بە داری ژیانەوە نووسابێ. زریانی ژیانکوژی پاییزی ئەو، بە ئاستەم ئەو ژیانەشی پێ ڕەوا نەدەدی و بێ وچان هەڵیدەسووڕاند... تەنیا هۆی مانی تۆڵە بوو... تۆڵە لە باوکی کە ئەو گشتە چەرمەسەری و چارەڕەشییەی لە سەر شانی بار کردبوو... تۆڵەی خۆی، تۆڵەی دایکی خۆشینەدیوی بە ئاواتەوە کوچکردووی، تۆڵەی وریا، تاقە ئەستێرەی ئاسمانی بێ نووری ژیانی... هەر وەها تۆڵە لە حەمەدەمپەل کە دەربەستی فیدابوونی دوو کیژ، دوو دڵدار، دوو فریشتەی پاکیی نەبوو و هەر لە فیکری کەیف و نەهەنگ و خۆش ڕابواردنی خۆیدا بوو... .

لە کۆمەڵی دواکەوتوو و ژێرچەپۆکەی کوردەواریدا لەو مامزانە یەکجار زۆرن. یەکیان تارایە... ئەو نەونەمامەی کە نیازی بە شەواوی خۆشەویستیی و شەوبای دڵخۆشیی بوو... ئەو هەناسەساردەی کە لە بەدبەختیی و چارەڕەشیدا هاوسەنگی مامز بوو... تاراش وەک مامز لە نێو سیاچاڵی نالەبارییەکانی کۆمەڵی کوردەواریدا کەوتبوو و وەک شەم لە نێو خۆیدا دەسووتا و دەتوایەوە.. سەرەڕای ئەو گشتە کوێرەوەریی و خەم و کەسەرە ببوو بە سەنگی سەبووری مامز، دڵخۆشیی دەدایەوە، دڵنیای دەکرد کە تا دواهەناسەی ژیانی لە گەڵییەتی. بۆ تۆڵە ئەستاندن پەیمانی لەگەڵ بەستبوو. لێی سوور بوو کە وریا بە دەست کوێخا ئەمەر و کاکی کوژراوە. کاکی باش دەناسی، دەیزانی چ جەنایەتکارێکە! زۆر شتی لێ دیبوو، دوایینیان ئەو شەوە بوو کە لەگەڵ کوێخا ئەمەر بە شوێن وریادا ڕۆیبوون.

لەگەڵ مامز بەڵێنییان پێک دابوو کە لە یەکەم شەوی گوێستنەوەدا نەهێڵن حەمەدەمپەل و کوێخا ئەمەر، ئەو دوو دێوەزمە خوێنڕێژە، بە ئامانج و ئاواتیان بگەن. سوێندیان خواردبوو کەلاکیان بخەن و وێکڕا سەری خۆیان هەڵگرن و وەدوای چارەنووسی نادیاریان بکەون.

بۆ خەڵکی گوندی کانیپەری هیچ شک نەمابوو کە وریا بە دەستی کوێخا ئەمەر و «حەمەدەمپەل» ەوە لەنێو چووە. مامز و تارا لە لای یای گوڵ و چەند ژنی دیکە ئەوەی دیبوویان گێڕابوویانەوە و سوێندیشیان لەسەر خواردبوو. «قسە کەوتە زارێکی، دەکەوێتە شارێکی»، وردەوردە ورد و درشت تێگەیشتبوون کە کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل بۆ خاتری دامرکاندنی کوڵوکۆی هەوەسی دڕندانەی خۆیان سەری وریایان لە گۆم ناوە و مامز و تاراشیان فیدا کردووە. تووکیان لێدەکردن. بە خوێنی سەریان تینوو بوون. لێیان ڕوون بوو کە کوێخا ئەمەر جاشە، بۆیە کەس نەیدەوێرا خۆیان تێبگەیەنێ.

هەر چۆنێک بوو ڕۆژی هەینییەک مامز لە حەمەدەمپەل و تارا لە کوێخا ئەمەر مارە کرا. لە ڕۆژی مارەکردنیاندا وەک دوو پەیکەرەی بێ گیان، بێدەنگ بوون. هەوڵیان دەدا تەنانەت فرمێسکیش هەڵنەوەرێنن... بڕیار درا شەوی هەینی داهاتوو بیانگوێزنەوە... .