٢٠

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 3 خولەک  815 بینین

ماوەیەک لە ماڵگوێستنەوەی حەمەدەمپەل ڕادەبرد. هەموو بڕوایان کردبوو کە وریا نەماوە و کوژراوە. مامز لە داخان وەک گوڵێکی تازەخەمڵیو بوو کە بەرەو ژاکان و سیس بوون دەچوو. مەلی بزە لە سەر خونچەی دەمی هەڵفڕیبوو. خەمێکی گەورە و گران لە سەر گیان و لەشی قورسایی دەکرد. کەمتر دەدوا و پتر فیکری دەکردەوە. یای گوڵ و تارا زیاتر لە هەموو کەس لە خەمیدا بوون و هەوڵیان دەدا وریا و خەمەکەی لە بیر بەرنەوە و لەگەڵ ژیانێکی بە سەریدا داسەپابوو ڕێکی بخەن، بەڵام ئاکامی هەوڵ و تێکۆشانیان چ نەبوو. لە ڕۆژانی هەوەڵدا زۆربەی کاتی لە سەر گڵکۆی دایکی ڕادەبرد. کەمکەمە لە چوونە سەر گڵکۆی دایکیشی ناهومێد دەبوو و کەمتر دەچوو. چارەی نەبوو، دەبوایە لەگەڵ هەر پێشهاتێک بسازێ. تارای دڵسۆز تاوێک لێی خافڵ نەدەبوو. دڵخۆشیی دەدایەوە و باشترین خەمخۆری بوو. لەو ماوەیەدا چەند جار ئاسۆی دیبوو. ئاسۆش ئەوەندەی خەم خواردبوو گێژ و وڕ ببوو. ڕۆژێک بە مامزی گوتبوو:

- وریا، گیانی من بوو، پشتی شکاندم، بەڵام تا قاتڵەکەی نەبینمەوە دەست هەڵناگرم، دەبێ بە دەستی خۆم تۆڵەی بستێنمەوە.

هۆی زیندوومانی مامز تەنیا تۆڵە ئەستاندن بوو و هیچی دی. سوێندی خواردبوو تۆڵەی وریای خۆشەویستی لە باوکی و لە حەمەدەمپەل بستێنێتەوە. تارای هاودەم و هاوڕازی کە تا ئەوپەڕی ژیانی مامزی خۆش دەویست بەڵێنی دابوو کە مان و نەمانی لەگەڵ مامز بێ و بە دڵ و بە گیان ئامادە بوو بۆ ئەستاندنی تۆڵەی وریا هاوکاری بکا.

ماوەیەک ڕابرد. کاتێک کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل بە ئاشکرا باسی ژن بە ژنەیان کرد، مامز هیچ شلوێ نەبوو. تاراش کە چاوەڕێی پێشنیارێکی وا بوو قسەیەکی نەکرد. کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل سبەی شەو دیسان لێی دوان و ڕوویان لە کچەکان کرد و گوتیان:

- سبەی هەینییە، پیرۆزە، مامۆستای دێنین مارەتان دەکەین.

مامز و تارا دیسان وەک دوو پەیکەرەی بێ زمان قسەیەکیان نەکرد. کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل چاوێکیان لێک داگرت و بزەیەکیان هاتێ. پێیان وا بوو کچەکان ڕازین. ئیدی نەیاندەزانی چ نەخشەیەکیان بۆ کێشراوە؟ نەیاندەزانی ئەو دوو هاوفیکر و هاوڕازە قەراریان داناوە لە یەکەم شەودا هەر کام شووەکەی نا، گورگە خوێنخۆرەکەی بکووژێ و... .