١٩

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 4 خولەک  733 بینین

لە مەڵبەندی ڕۆژئاوای دۆڵەشیندا قاو بوو کە دوکتۆرێک هاتووە و نەخۆشان دەرمان دەکا و خەڵکی دوور لە دەرمان و دوکتۆر لە هەموو لایەکەوە ڕوویان تێکردووە. دوکتۆر «ڕێبوار» بە گیان و دڵ خەریکی چارەسەر کردنی نەخۆشینی خەڵک بوو و لە بەرامبەر خزمەتێکی دەیکرد هەرچییەکیان دەدایە دەیگوت: بە زیاد بێ. لە ماوەی چەند رۆژدا کە ڕووی لەو مەڵبەندە کردبوو توانیبووی لە گوندی «هەوارەبەرزە» دا «شوانە» ی ببینێتەوە و قەرار دانێن کە لە ڕۆژی دیاریکراودا لەگەڵ هێندێک هاواڵانی بچنە دۆڵە شین و لەسەر «کانییە ڕوون» چاوەڕێی ئەو بن. هەر وەها لە بارەی «وەتمان پانێر» ەوە دوان. وەتمان پانێر یەکێک لەو شەش جاشانە بوو کە دەبوایە بکوژرێ. ناوبراو نیشتەجێی گوندی «پاناوک» بوو. شوانە هاوڕێیەکی لەو گوندە هەبوو بە ناوی «چەکۆ» کە ئەندامێکی تێکۆشەر و خاوەن بڕوایەکی پتەو بوو. دوکتۆر ڕێبوار و شوانە قەراریان دانا کە ئەمیان خەریکی داوودەرمانی خەڵک بێ و بە گوندەکاندا بگەڕێ و ئەویشیان لەگەڵ چەکۆ پێوەندی بگرێ و نەخشەی لەنێوبردنی وەتمان پانێری بکێشن.

ئەو ڕۆژە لە پاناوکدا دوکتۆر ڕێبوار بە نەخۆشان ڕادەگەیی. لاوێکی باڵابەرزی چاو و برۆ ڕەش لە سووچێکی ڕاوەستابوو و لە دوکتۆر ڕێبواری ورد ببۆوە. دوکتۆر ڕێبوار چەند کەسێکی بەڕێکرد و ڕووی لە لاوەکەی کرد و گوتی:

- کاکە گیان! پێم وایە نۆرەی تۆیە.

- جارێ ئەمن پەلەم نییە، ئەوانی دی بەڕێ کە.

کاتێ هۆدەکە چۆل بوو لاوەکە هاتە پێش و بە ڕەمزێکی شوانە پێی گوتبوو خۆی بە دوکتۆر ڕێبوار ناساند و گوتی:

- ئەمن ئامادەم.

- چمان پێدەکرێ؟

نابێ پەلەی بکەین. ئەم ڕۆژانە لە دایکی داوە و هەموو گیانی تێک شکاندووە، قەرارە دایکی بێنیتە لات.

- کێ؟

- وەتمان پانێر.

- جا چۆن پیاو بێ حورمەتی بە دایکی دەکا؟

- ئاخر وەتمان پانێر ئینسان نییە... بە ڕاستی پانێرە... دڕندەیە... لەو قسانەدا بوون کە لەبەر میشەدێ دەنگی پیاوێک بیسترا کە دە یەکێکی دەخوڕی:

- دە بڕۆ ژوورێ سەرکوتک!

دەنگی لەرزۆکی پیرەژنێک وەڵامی دایەوە:

- یاخوا شیرم حەرامت بێ... وەک لە سەر مەیتت دانیشم... ئەتۆ بۆ هێندە خراپی ڕۆڵە...؟!

چەکۆ دەنگەکانی ناسینەوە و گوتی:

- بۆخۆیەتی. دایکی هێناوە بۆ لات.

پیرەژنێک بە هانکەهانک وەژوور کەوت. دەستێکی هەڵپێچرابوو. بەرچاوێکی شین هەڵگەڕابوو و چاوی بە ئاستەم دەیدیت. بە دوای ئەودا پیاوێکی زلحۆلی نێوچاوانتەسکی ڕەشتاڵەی ئێسکگران هاتە ژوور. سڵاویان کرد و دوکتۆر ڕێبوار بە قالبگرانییەوە سڵاوی ئەستاندنەوە و لەبەریان هەڵستا و گوتی:

- دایە گیان! فەرموو لای سەرێ.

پیرەژنەکە دەستی کرد بە دوعا کردن و گوتی:

- یاخوا دایکت لەبەرت بحەسێتەوە و وەک من ڕەنجەڕۆ نەبێ.

- ئەتۆ بۆ ڕەنجەڕۆی دایە گیان؟

- جا بڵێم چی ڕۆڵە گیان؟ ئەم کوڕەم ڕۆژ نییە جنێوم پێنەدا و ڕۆژ نییە نەمکوتێ..!

- ناوت چییە دایە گیان؟

- ناوم «مێرێ» یە بە قوربانت بم. پێم دەڵێن «دایە مێرێ».

وا دیار بوو دایە میرێ زۆری دەردی دڵ هەیە. دوکتۆر ڕێبوار چاوی لێکرد و هێندێکی دەرماندایە و دڵنیای کرد کە زوو چاک دەبێتەوە.

وەتمان پانێر بە دەرفەتی زانی و گوتی:

- دوکتۆر گیان! ئەمنیش دڵەکزەمە. جارجارەش سەرم لە گێژەوە دێ و دەمیشم تاڵە و... .

دوکتۆر ڕێبوار قسەکەی بڕێیەوە و ڕایکێشا و خەریکی چاولێکردن بوو. لە دوایەدا هێندێکی دەرماندایە و گوتی:

- نەخۆشییەکەت سەختە! ئەم دەرمانانە دەبێ بخۆی دەنا لێت پیش دەکا.

وەتمان پانێر ترسی لێ پەیدا بوو و گوتی:

- بە چاوان دەیانخۆم.

کاتێ ماڵئاوایییان کرد کە بڕۆن دوکتۆر ڕێبوار ڕووی لە چەکۆ کرد و گوتی:

- با دەرمانەکانی تۆش بدەم، لەمێژە ڕامگرتووی.

- قەیدی نییە زۆر ناڕەحەت نیم.

دیارە ئەو قسانەیان بۆ شوێنەونکە بوو. دوای ڕۆیشتنی وەتمان پانێر و دایە مێرێ، دوکتۆر ڕێبوار و چەکۆ ماوەیەک وتووێژیان کرد و نەخشەی لەنێوبردنی وەتمان پانێریان کێشا. پاش تاوێک چەکۆ لە حاڵێکدا دەمانچەیەکی کە لە دوکتۆر ڕێبواری وەرگرتبوو و لە باخەڵیدا دەشاردەوە، وەدەر کەوت.