١٨

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 4 خولەک  943 بینین

نەخشەی کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل هەنگاو بە هەنگاو دەچووە پێش. لە گوێی مامز و «تارا» یاندا خوێندبوو کە کاتی شووکردنیانە. گەیاندبوویان کە ئەوانیش نیازیان بە بنەوان هەیە. تەنانەت ڕۆژێک کوێخا ئەمەر لە نێو قساندا گوتبووی:

- ئەمن مامزی بە هەموو کەس نادەم. مامزم لە چاوی خۆم خۆشتر دەوێ! دەیدەم بە کەسێکی تاکی تەنیا بێ و سۆرە و تۆرەی نەبێ و کەس نەبێتە مڵۆزمی کچەکەم!

«حەمەدەمپەل» یش لە وەڵامیدا گوتبووی:

- ئەمنیش هەر لەسەر ئەو بیروڕایەم. ئەگەر تارا پرچی سپی بهۆنێتەوە حازر نیم بینێرمە ماڵی سۆرە و تۆرەدار.

تارا و مامزیش چاوێکیان لێک کردبوو و تا ئەوپەڕی ئامانجی کوێخا ئەمەر و «حەمەدەمپەل» یان خوێندبۆوە. ئەو شەوە نۆرەی پەردەیەکی تازەی شانۆی پیلانی کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل بوو. حەمە قوتووە سیغارەکەی دەرهێنا و سیغارێکی هەڵبەست و گوتی:

- تارا! دایکێ! هەڵستە شمەکەکانمان وەکۆ کە! بەیانی خودا یار بێ دەگوێزینەوە.

- بۆ کوێ کاکە؟!

- ماڵێک هەیە جارێ خاوەنی نییە. هۆدەیەک و نێوماڵێکی هەیە. تێیدا دەحاوێینەوە. بەو قسەیە دڵی بچووک و ناسکی مامز داخورپا... بە خۆی نەبوو پرسی:

- کاکە حەمە! ئەوە ماڵە کێیە بێ خاوەن ماوەتەوە؟!

- ماڵە وریا!

- وریا! ئەدی ئەگەر هاتەوە؟

کوێخا ئەمەر قسەکەی لێ بڕین و گوتی:

- جارێ خۆ نەهاتۆتەوە. پێشم وا نییە بگەڕێتەوە... .

حەمەدەمپەل قسەکەی درێژە دا:

- جا ئەگەر هاتەوە دەیدەینەوە.

ئیدی کەس لەو بارەوە نەدوا. پاش ماوەیەکی کەم مامز چاوێکی لە تارا داگرت و وەدەر کەوت. تاراش بە بیانووی شمەک کۆکردنەوە بە دوایدا چوو. لە دەرێ سرتەیەکیان کرد و مامز بەرەو ماڵە یای گوڵ وەڕێکەوت.

بەیانی کاتێک یەکەم کۆڵی ماڵە «حەمەدەمپەل» یان دەگوێزتەوە، یای گوڵ لەبەر دەرکی ماڵە وریا حازر بوو. زۆری هەوڵ دا بەرگرییان لێ بکا و پێیان بسەلمێنێ کە ئەو ماڵە بە ئەو ئەسپێردراوە، بەڵام سوودێکی نەبوو. وردەوردە بە هەرای یای گوڵ و کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل خەڵکیان لێ کۆ بۆوە. یای گوڵ هەر بە دەنگی بەرزەوە هەرای دەکرد:

- کوا ئەوە پیاوەتییە؟ بۆ دەنا وریاتان بێکەس دیتۆتەوە ماڵەکەی داگیر دەکەن؟

خەڵکی ئاوایی کە دەیانزانی کوێخا ئەمەر چ گورگێکە و لێی دەترسان، بوونە نێوبژیکەر و هەر کام بە قسەیەکی نێوبژی دەکرد. یەک گوتی:

- قەیدێناکا یای گوڵ! جارێ خۆ ئەم ماڵە چۆلە، بۆ بێ کەلک بمێنێتەوە؟

یەکی دی گوتی:

- یای گوڵ! کاک حەمەش میوانی ئێمەیە، جارێ تا جێگایەک ساز دەکا با لیرەدا بێ.

هەر چۆنێک بوو یای گوڵیان ڕازی کرد کە شمەکەکانی وریای ڕاگوێزێ و تا گەڕانەوەی بیدا بە حەمەی.

یای گوڵ شمەکەکانی وریای بە پرتەوبۆڵە گوێستەوە و ئاخر کەڕەت گوتی:

- ئەمەش ماڵەکە. یاخودا خێر و خۆشی تێدا نەبینی. هەر بینا وریا هاتەوە و شڕوسیپاڵی لێ فرێدای.

کوێخا ئەمەر کە دەتگوت چاوەڕێی ئەو قسەیە بوو گوتی:

- دڵنیا بە تازە وریای نابینییەوە. خودا لە گوناهانی خۆش بێ... .

ئەو وتەیەی کوێخا ئەمەر وەک شیشێکی سوورەوەبوو دڵی بیسەرانی سووتاند... گشتی واقیان وڕ ما. بێدەنگییەکی گیان و لەشتاوێن بە سەریاندا زاڵ بوو... دەتگوت زمانیان بەستراوە... هەموو چاویان لە کوێخا ئەمەر بڕیبوو. هەر چۆنێک بوو یای گوڵ وە قسە هات:

- مەبەستت لەم قسەیە چییە؟

- دوێنێ کابرایەکی خەڵکی قەڵاکۆنم دی، دەیگوت تەرمی وریایان لە دۆڵەشین دیتۆتەوە. نازانم چ کەسێک دوژمنایەتی لەگەڵ بووە و کوشتوویەتی...؟

بە بیستنی ئەو قسەیە فرمێسک لە چاوان گەڕا... ئاخر وریا خۆشەویستی خەڵکی بوو... هەر کەس قسەیەکی کرد و هەر یەک بە چەشنێک داخ و پەژارەی خۆی دەربڕی... وردەوردە وەبیریان هاتەوە کە وریا و مامز یەکتریان خۆش دەویست. چاویان لە مامز گێڕا، بەڵام مامز نەمابوو.