١٧

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 5 خولەک  752 بینین

بە دیاکۆ ڕاسپێردرابوو خۆشناو بدۆزێتەوە و قسەی لەگەڵ بکا، ئەگەر بۆشی کرا «مینە بەدفەڕ» یش لە نێو بەرێ. مینە بەدفەڕ یەکێک لەو شەش جاشانە بوو کە لەگەڵ یانەی جاسووسی هاوکاری دەکرد و دەبوایە نەمێنێ.

خۆر کەوتبوو کە لە بەندەنێکی لێژ شۆڕ بۆوە. لە پێشەوە کابرایەک بە سێ ئێسترەوە دەڕۆیی. دیاکۆ بۆ ئەوەی بیانگاتێ پێی هەڵێنایەوە و هەنگاوی خۆشتر کرد. کابراکە بەرەو «سەوزەمێرگ» دەچوو. دیاکۆ ڕۆژباش و ماندوونەبوونی لێکرد. پیاوەکە ناوی «شاهۆ» بوو. دیاکۆ لە وەڵامی شاهۆدا کە پرسیبووی: بۆ کوێ دەچی، گوتی:

- ڕێبوارم. لە شتی ئەنتیکە دەگەڕێم. ئەگەر شتی کۆنم وەچنگ کەوتن دەیکڕم.

- وەک چی؟

- وەک سکەی کۆن، ئەنگوستیلە، خڕخاڵ، مت و مووروو، شتی بن ئەرد و ئەو جۆرە شتانە.

- پەیکەرەش دەکڕێ؟

- پەیکەرەی چێ؟

- برایەکم هەیە پارەکە بناخەی دیواری دەدایەوە، پەیکەرەیەکی دیتەوە. پەیکەرەی گایەکە. نازانم ئاسنە، مەفرەقە، پۆڵایە، چییە، ئەوەندەی بزانم دەبێ شتێکی ئەنتیکە بێ.

- جا تەماشای دەکەم ئەگەر پەسندم کرد و سازاین بۆ نایکڕم؟

- جا بۆ ناسازێن؟

- براکەت چ کارەیە؟

- بڵێم چ کارەیە، ڕەزێک و مەزرایەکی هەیە سەری خۆی پێ ڕاگرتووە.

- ناوی چییە؟

- «خۆشناو».

- خۆشناو؟

- بەڵێ.

- ناوێکی خۆشە. ئەوە کێ ئەو ناوەی لێناوە؟

- بڵێم چی؟ بە خودای نازانم.

- ڕەنگە هەر براکەت ناوی خۆشناو بێ یا خۆشناوی دیکەشتان لە دێدا هەیە؟

- لەو گوندەی ئێمە دوو کەسی دیکە ناویان خۆشناوە.

بەو قسەیە دیاکۆ نیگەران بوو، نەکا لێی تێکچێ و خۆشناوەکانی لێ بگۆڕدرێ؛ ئەوە بوو پرسی:

- ئەوانی دیکە چ کارەن؟

- یەکیان پیاوێکی پیر و کەنەفت و پەککەفتەیە، هەرتک چاویشی کوێر بوون، ئەوی دیکەش کوڕێکە هێشتا خەتی سمێڵی نەداوە.

ئەمجا دیاکۆ شاد بوو. زانی ئەو خۆشناوەی کە مەبەستییەتی برای «شاهۆ» یە.

لە ماڵە شاهۆ پڕی مەترەتییەکیان دۆ لە پێش دیاکۆ دانا. دیاکۆ بۆ شوێنەونکێ گوتی:

- جا ئەگەر کەسێکتان پێ شک دێ کە شتی ئەنتیکە و کۆنی هەبێ بۆم بانگ بکەن.

هێندەی پێنەچوو چەند کەسێک پەیدا بوون. یەک سکەی قەدیمی پێبوو. یەک دیزەی لە بن گڵ دەرهاتووی هێنابوو. یەک مت و موورووی لە پێش دادەنا. دیاکۆش دەتگوت لە تەواوی تەمەنیدا هەر شتی کۆنی کڕیوە و فرۆشتووە، شتەکانی چاو لێدەکرد و لێی دەکڕین. کاتێ کە دەوروبەری چۆل بوو، شاهۆ پەیکەرەی گایەکەی لە پێش ڕۆنا و گوتی:

- پێت چۆنە؟

دیاکۆ چاوێکی لە پەیکەرەکە کرد و گوتی:

- ئەدی کاک خۆشناو بۆخۆی لە کوێیە؟

- لە مەزراکەیەتی، تا ئێوارێ نایەتەوە.

- ناکرێ منداڵێکی بە دوایدا بنێرن؟

- بۆ ناکرێ، جارێ ئەتۆ ئەمشۆ میوانی ئێمەی. ئێوارێ خۆشناویش دەگەڕێتەوە. تا ئەو دەم ڕەنگە خەڵک شتی دیکەشت بۆ بێنن.

ئێوارەیەکی درەنگ خۆشناو گەڕایەوە. لە حەوشەدا «کاڵێ» ی خوشکی بەپیریەوە چوو و پێی گوت:

- کاکە! بەخێر بێیەوە! زوو بچۆ ژوورێ میوانمان هەیە.

- ڕووت سپی بێ دادە! میوان بەخێر بێ، کێیە؟

- کابرایەکە شتی ئەنتیکە دەکڕێ. کاکە شاهۆ گایەکەی تۆی پێشان دا. ئەویس چاوەڕێتە.

خۆشناو دەستوچاوی شوشت و چووە ژوورێ و سڵاو و بەخێرهاتنی کرد: دیاکۆ کە چاوی پێکەوت دوای سڵاو و لێپرسین بە پێکەنینەوە گوتی:

- رەنگە ئەتۆ کاک خۆشناو بی کە ڕۆژی ئەمڕۆ ئەمنت ڕاگیر کردووە؟

- بەڵێ بۆخۆمم.

- لە ژوورێ بێجگە لە خۆشناو و شاهۆ و دیاکۆ کەسی دیکەی لێ نەبوو. بە هاتنەوەی خۆشناو، شاهۆ گوتی:

- جا بۆخۆتان دانیشن قسان بکەن. ئەمن سەرێکی ئێسترەکان دەدەم و لەبەریان دەکەم و دەگەڕێمەوە.

کاتێ دیاکۆ لەگەڵ خۆشناو تەنیا مانەوە، دیاکۆ بە دەرفەتی زانی و گوتی:

- دەی کاک خۆشناو بۆنی هەڵاڵان دێ... .

- خۆشناو وەک لە خەو وەخەبەر بێ هەڵبەزێوە و پرسی:

- بەڵێ؟ چت گوت؟

- گوتم: بۆنی هەڵاڵان دێ... .

- هەر هەڵاڵە؟

- شلێر و بەیبوونیش... .

خۆشناو بەو جۆرە زانی کە لەگەڵ ئەندامێکی ڕێکخراو ڕووبەڕوو بووە. دوای کورتە گوتوبێژێک دیاکۆ تێیگەیاند کە مەبەستی لە هاتن بۆ سەوزەمێرگ چییە. خۆشناو بە پێکەنینەوە گوتی:

- نیوەی کارەکەت جێبەجێ بووە.

- چۆن؟

- چەند ڕۆژ لەمەوبەر مینە بەدفەڕ کە لە شار دەگەڕایەوە ماشێنەکەی لە دۆڵێکی دەکەوێ و تەمەنی درێژی بۆ تۆ بە جێ دەهێڵێ... .

دیاکۆ بە بیستنی ئەو هەواڵە گەشایەوە. لە دوایە بڕیاریان دا خۆشناو چەند کەس لە هاوڕێکخراوەکانی لە سەوزەمێرگ و دەوروبەری ببینێتەوە و لە کاتی دیاریکراودا بچنە دۆڵەشین و لە ژێر داری چاکی «پیرمامۆ» چاوەڕێی دیاکۆ بن.