١٦

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 3 خولەک  677 بینین

لە گوندی کانیپەریدا شایی و زەماوەند بوو. «پەرەنگ» یان بۆ «سامڕەند» دەگوێستەوە. کیژ و کوڕ خۆیان ڕازاندبۆوە. ڕەشبەڵەک بە هەوای «ڕۆینە» دەگەڕا. هەموو شاد بوون و پێدەکەنین، بەڵام پێکەنینی مامز و تارا لە دڵەوە نەبوو. خەمێکی نهێنی ئەو دوو گوڵەی دەژاکاند. «مامز» لە سوێی وریا خەو و خواردنی لێهەڵگیرابوو. «تارا» ش هەستی دەکرد لە زینداندا یەخسیر و داماوە و دەرکی هیوای لێ بەستراوە. یەک دوو تازەلاو هەر کام بە چەشنێک هەوڵیان دەدا سەرنجی ئەو دوو گوڵە، ئەو دوو فریشتەیە، ئەو دوو پەیکەرەی جوانییە بۆ لای خۆیان ڕاکێشن، بەڵام سەرکەوتوو نەدەبوون. مامز لە مێژ بوو دڵی بە وریا دابوو و دڵی بچووکی هەر جێگای خۆشەویستەکەی دەبۆوە. تاراش لە هەڕەتی جوانی و نەشمیلیدا بە هۆی چەرمەسەری و تەنگوچەڵەمەیەکی کە لە لایەن کاکییەوە بەسەری هاتبوو، دەرفەتی بیرکردنەوەی لە ئەوین و دڵداری نەبوو. هەمیشە بە مامزی دەگوت:

- گوڵی دڵم بەر لەوە بخەمڵێ سیس بووە و مردووە.

کاتێ هەڵپەڕکێ و زەماوەند دوایی هات و بڵاوەیان کرد، مامز و تارا گەڕانەوە بۆ ماڵە خۆیان و دڵی بە تاسە و پڕ لە کوڵی ئەو لاوانەیان بە نامرداییەوە بە جێ هێشت.

لە ماڵێ کەوڵی نانیان ڕاخست و هێندێک ماست و ژاژییان دانا و خەریکی خواردن بوون. دوای شێو کردن کوێخا ئەمەر ڕووی لە مامز و تارا کرد و گوتی:

- دەی کچینە! زەماوەند خۆش بوو؟

تارا وەڵامی دایەوە:

- ناخۆش نەبوو... .

ئەمجا کوێخا ئەمەر ڕووی لە حەمەدەمپەل کرد و گوتی:

- ئەم کچانەش کاتی شووکردنیانە، دەبێ لە فیکری جیازیاندا بین.

حەمەدەمپەل گوتی:

- جا کێ ئەم ناحەزانەی دەوێ؟

نە قسەی کوێخا ئەمەر و نە گاڵتەی بێتامی حەمەدەمپەل، مامز و تارایان نەک شاد نەکرد، هێندێکیشی خەمبار کردن. دەیانزانی کە ئەوەش بەشێکە لە نەخشەی شەیتانیی ژن بە ژنە. ئەوە بوو کە هیچیان نەگوت. تەنیا تارا لێوی جووڵاوە و مامز ددانی لە چیڕێکەوە برد. کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل یا نەیاندی یا خۆیان گێل کرد. پاش تاوێک حەمەدەمپەل گوتی:

- کوێخا ئەمەر! ئەگەر لێت گران نایە دەمهەوێ هۆدەیەکی ببینمەوە و بگوێزمەوە و چی دی نەبمە سەرباری ئێوە.

- جا بۆ ئێرەتان پێ ناخۆشە؟

- خۆ نا. پێمان ناخۆش نییە، بەڵام ئێمەش دەبێ لە فیکری ژیانماندا ببین. تارا ماوەیەکی دی میوانمە و دەڕوا، ئەمنیش دەبێ فیکرێکی بۆ خۆم بکەمەوە. ئەتۆش وەک منی. ئیشاڵڵا مامز قەدەرێکی دی دەچێتە ماڵە خۆی و ئەتۆش بە تەنیایی ناحاوێیەوە.

- جا چۆنتان پێ باشە وا بکەن. ئەمن لەسەر دڵی ئێوەم.

مامز و تارا چاوێکیان لێک کرد. دەیانزانی ئەو قسانە لە پێشەوە ئامادە کراون و دەیانەوێ ڕێگا بۆ ژن بە ژنە خۆش بکەن.