٢٣

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 3 خولەک  808 بینین

لە نێو ئەشکەوتی دۆڵەشیندا وریا و گۆران و هاواڵەکانیان دانیشتبوون. هەر کام چۆنییەتی و ئاکامی گەڕانی خۆی دەگێڕایەوە. سۆران و دوکتۆر ڕێبوار گێڕایانەوە کە چۆن قۆیتاس و وەتمانپانێریان لەنێو بردووە. ئەمجا دیاکۆ بە وردی باسی سەفەری خۆی کرد و گێڕایەوە کە مینە بەدفەڕ بە هەڵدێرانی ماشێن کوژراوە. شەماڵ کە بۆ لای گوندی قەڵاکۆن و ئاوایییەکانی دەوروبەری چووبوو گوتی:

- «خلە دێز» چووە بۆ شار، وا دیارە هەواڵی جاشەکانی ناوچەی پێگەیشتووە، ناوێرێ بگەڕێتەوە. ئەمنیش کە ماوەم بەسەر چووبوو و دەبوایە بگەڕێمەوە، نەمتوانی زیاتر ڕاوەستم و هاتمەوە.

هەر وەها باسی دینی هاواڵان و قەراری هاتنی ئەوانیان بۆ بنکە کرد. نۆرەی سمکۆ هات. بە وردی باسی چوونە کانیپەری کرد. بە هەر وشەیەک کە لە دەمی دەهاتە دەر دڵی لێوان لە ئەوینی وریا توندتری لێدەدا... کاتێک بیستی مامز لە حەمەدەمپەل مارە کراوە، واقی وڕ ما. دنیا بە دەوری سەریدا دەسووڕا... بۆ ماوەیەک نە چاوی دەیدی نە گوێی دەیبیست. هەر چۆنێک بوو بە سەر بیر و هۆشیدا زاڵ بوو و پرسی:

- کاک سمکۆ خەڵک لە بارەی مندا چیان دەگوت؟

- ئەتۆ نەماوی... بە دەست کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل کوژراوی و تەرمەکەشتیان لە دۆڵەشین دیتوویەوە... مامزیش کە لە تۆ ناهومێد بووە تەسلیمی ویستی باوکی بووە و لە حەمەدەمپەل مارە کراوە. شەوی هەینیش زەماوەندە، دەیانگوێزنەوە.

- کەی؟

- شەوی هەینی داهاتوو.

وریا زۆر بە ئارامی سەری وەرگێڕا و چاوی لە چاوی گۆران بڕی. دەتگوت تەواوی هیوای ژیانی لە چاوی گۆراندا کۆ بۆتەوە. بۆ ئەو کاتژمێری زەمان زۆر بە ئەسپایی دەگەڕا. چاوەنواڕ بوو گۆران قسەیەک بکا. گۆرانیش کە دیتی وریا زۆر بە ناهومێدییەوە چاوی تێبڕیوە، بە بزەوە گوتی:

- کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل دەبێ ئەو ئاواتە بەرنە ژێر گڵ. ئەمڕۆ یەکشەممۆیە جارێ سێ چوار ڕۆژمان ماوە هەیە. ڕۆژی پێنجشەممۆ وێکڕا دەچینە کانیپەری. لە ڕۆژێکی وا دەگەڕام... .

ئەمجا لەبەر خۆیەوە گوتی:

- شەش تفەنگ و چوار دەمانچەشمان هەیە... .

وریا بەو قسانە گەشایەوە و پرسی:

- کاکە گۆران! دەتەوێ چ بکەی؟

- ئەمشۆ بە وردی باسی دەکەین.

دوای ئیستێک درێژەی پێدا:

- لە سبەینێوە کوڕەکان دەستە بە دەستە دێن. پێم وایە تا چەند ڕۆژی دی کارمان لێرە تەواو دەبێ... .