١٣

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 2 خولەک  728 بینین

کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل دوای جێبەجێ کردنی نەخشەی شەیتانیی خۆیان کاتێک دڵنیا بوون کە وریا ئەنگێوراوە و کەوتۆتە بن دۆڵ، بەرەو ماڵ گەڕانەوە. لە ڕێگادا دیسان حەمەدەمپەل پرسی:

- بە ڕاستی وریا کێ بوو...، لە کوێوە هاتبوو...، بۆ هاتبوو ئێرە...؟

- ڕاستییەکەی بۆخۆشم نازانم. دوو ساڵ لەمەوبەر هاتە کانیپەری. لە قسان بە شوێن کاردۆزینەوەدا ڕێی لێرە کەوتووە.

- جا بۆ زێدە لە هەموو جێیەک ئێرە...؟

- جا بڵێم چێ؟

- ڕاستت ناوێ، ئەمن تاقە جارێکم قسە لەگەڵ کرد، وەک کرێکارێکی ساکار نەدەچوو. زیاتر وەک خوێندەوارێک، وەک...

- وەک چی؟

- ئاخر دەزانی چەتەکان بە هەموو وڵاتدا بڵاو بوونەتەوە. یەک لە بەرگی مەلایاندا، یەک وەک مامۆستایەکی فێرگە، یەک وەک کرێکار و هەر کام بە چەشنێک. دەڵێم نەکا وریاش لەوان بووبێ.

کوێخا ئەمەر چوو لە فیکرەوە. پێی سەیر بوو بە هەموو زیرەکی و وشیارییەوە چۆنە لەوبارەوە بیری نەکردۆتەوە؟ بۆ ئەوە کە حەمەدەمپەل بە پیاویکی گێل و نەزانی نەناسێ، قسەکەی گۆڕی و گوتی:

- هەرچی بوو دوایی بە ژیانی هات. باشترە باسی خۆمان بکەین.

- دەی جا.

- بە من، قەدەرێکی بێدەنگەی لێ بکەین، لە دوایەدا دەیکەینە قاو کە وریا لە «دۆڵەشین» هەڵدێراوە و مردووە. جا کە ماوەیەک ڕابرد و هەموو باوەڕیان کرد کە وریا هەڵدێراوە و ئەستۆی شکاوە! ئەمجا وردەوردە دەست پێدەکەین.