١٢

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 2 خولەک  737 بینین

«وریا» و هاواڵەکانی خەریکی نانوچای بەیانی بوون. گۆران پرسی:

- دەی وریا! ئەوا بۆ وات لێهات، کێ پێوەی نای؟

- ئەوەی بزانم دوو کەس بوون. لە دوو لاوە تەقەیان لێکردم.

دوای تاوێک گوتی:

- بڵێی کوێخا و حەمە نەبووبن...؟ نا... باش نییە پیاو لە خۆڕا کەس تاوانبار بکا... نازانم... ئەدی دەبێ کێ بن...؟ بە ڕاستی سەرم لێ شێواوە... .

گۆران چاوێکی پڕ لە پرسیاری لە هاواڵەکانی کرد و قسەکەی وریای قۆستەوە و پرسی:

- کوێخا و حەمە کێن؟

وریا وەڵامی دایەوە:

- بەسەرهاتی من دوورودرێژە... .

هاواڵەکانی بە تێکڕایی داوایان لێکرد کە بە وردی ڕابردووی خۆی بگێڕێتەوە. وریا چایەکەی خواردەوە و دەستی بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆی کرد. لەو کاتەوە کە ڕایکردبوو و چووبوو بۆ کانیپەری تا کاتێک کە ئەنگێورابوو. گۆران کە بە وردی گوێی هەڵخستبوو پرسی:

- ئەدی نامەی کوێخا ئەمەر کوا؟

وریا نامەکەی لە گیرفانی باخەڵی دەرهێنا و دای بە گۆران. ئەویش نامەکەی بەم جۆرە خوێندەوە:

«برای خۆشەویستم!

ئەم کاتە و هەموو کاتێکت باش. هەڵگری ئەم نامەیە کە ناوی «وریا» یە هەر چۆنێک بێ دەبێ لەنێو بچێ. جا ئەگەر هات و بە ساخی گەیشتە لای تۆ زۆر ژیرانە بێ ئەوەی کەس بزانێ دوایی بە ژیانی بێنە... .»

چاوێکیان لێک کرد. وریا هەناسەیەکی هەڵکێشا و بە ئەسپایی گوتی:

- نامەرد... .

گۆران گوتی:

- دیارە زۆر زیرەکە. ناوی خۆی و براکەی نەنووسیوە. ئێستا تەنیا شتێک ماوە ڕوون بێتەوە: حەمە کێیە؟

وریا وەڵامی دایەوە:

- نازانم. قەدەرێکە ماڵی هاتۆتە کانیپەری. لە ماڵە کوێخا ئەمەری دان. تاقە خوشکێکی هەیە کە بناوانیەتی.

کاتێ وریا بە وردی ناوونیشانی حەمەی هەڵدا دەرکەوت هەر ئەو «حەمەدەمپەل» ەیە کە لێی دەگەڕێن. ئەمجا گۆرانیش بەرنامەی کاری خۆیانی گێڕایەوە. لە دوایەدا وریا گوتی:

- پێم وایە هێندێک لە کاری ئێوەم هاسان کردبێ... .

لە دوایە چۆنیەتی تەبلیغ لە نێو خەڵک، دۆزینەوەی چەند هاواڵی باش و دانانی ڕەمزی بۆ گۆران و ئەوانی دی گێرایەوە. لە پاشان بڕیاریان دا کەسێک بنێرنە کانیپەری بزانن هەواڵ چییە؟ بۆ ئەو کارە «سمکۆ» یان دیاری کرد، بەڵام وایان پێ باش بوو کە چەند ڕۆژی دی بچێ.