١١

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 4 خولەک  802 بینین

کاتێک کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل بە چەکەوە بۆ کوشتنی وریا لە ماڵ وەدەر کەوتن، تارا خەوی لێکەوتبوو، بەڵام مامز وەک ئاسکۆڵێکی نازدار لە مێرگی خەیاڵدا دەسووڕایەوە. لەپڕ گوێی لە سرتوخورتێک بوو. کە ورد بۆوە بیستی باوکی لەگەڵ حەمە سرتەیانە. هەر ئەوەندەی گوێ لێبوو کە باوکی بە حەمەی گوت:

- با بڕۆین... .

بە کەڵێنی دەرکەدا چاوی لێکردن. هەر دووکیان چەکیان پێبوو. دڵی بچووکی داخورپا، وریای وەبیر کەوتەوە:

- نەکا... .

هەر کە باوکی و حەمە لە ماڵ وەدەرکەوتن هەڵستا بە پەلە خۆی گەیاندە دیوی تارا و وەخەری هێنا و ئەوەی بۆ گێڕاوە. تارا پرسی:

- بڵێی بۆ کوێ چووبن؟

- نازانم، بەڵام زۆر نیگەرانی وریام. بۆخۆت دەزانی باوکم و کاکت دەیانەوێ ژن بە ژنەمان پێبکەن. ڕەنگە پێیان وا بێ وریا بەرهەڵستیانە.

- توخوا باسی کاکم مەکە! بریا خەبەری مەرگیان بۆ هێنابام. نازانی چەند بەدفەڕ و پیاوکوژە... .

- «کورتێ و کەژێ لێک دەهەژێ»، لەگەڵ باوکم باش ڕێک کەوتوون. هەر دووکیان وەک یەک وان. ئەمنیش پێم خۆشە بمرم و چاوم بە باوکم نەکەوێ.

- دەی ئێستا دەڵێی چ بکەین؟

- نازانم... هەڵستە خۆمان پۆشتە بکەین بچین بزانین چ باسە؟

پێکەوە وەدەرکەوتن. کەس دیار نەبوو. بێجگە لە قڕەقڕی بۆقی نێو ئەستێر دەنگێک نەدەبیسترا. بە ئەسپایی بە چەند کووچە و کۆڵاندا گەڕان، کەسیان نەدی. مامز لە پێشەوە دەڕۆیی و تاراش بە دوایدا. گەیشتنە بەر دەرکی ماڵە وریا. تاوێک ڕاوەستان و گوێیان هەڵخست. گوێیان لە هیچ نەبوو. بێ ئەوەی بزانن ئەو دوو پیاوە بەدفەڕە بۆ کوێ چوون، زۆر ڕانەوەستان و لە ترسی ئابرووچوون زوو گەڕانەوە.

لە ماڵدا زۆریان پێکەوە قسە کرد. بەر لەوەی کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل بگەڕێنەوە، قەراریان دانا بە کوشتنیشیان تەواو بێ مل بە ژنبەژنە نەدەن. هەر وەها هەوڵ بدەن بزانن ئەو دوو دێوەزمەیە بۆ کوێ چوون و ئەگەر بۆیان ڕوون بۆوە کە نەخشەی پیاوکوژییان هەیە ڕیسوایان بکەن و خەڵکیان لێ تێبگەیەنن. تا درەنگانێکی هەر قسەیان کرد و داخی دڵیان هەڵڕشت. کاتێ گوێیان لە دەنگی کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل بوو، مامز بە پەلە خۆی گەیاندە هۆدەکەی و خۆی لە خەو کرد.

بەیانی وەڕووی خۆیان نەهێنا. کوێخا ئەمەر و حەمەدەمپەل وەدەرکەوتن. مامز و تاراش خۆیان گەیاندە ماڵە یای گوڵ و ئەوەی دیبوویان بۆیان گێراوە. یای گوڵ دڵخۆشی دانەوە و گوتی:

- تا ئێوارێ هەموو شت ڕوون دەبێتەوە. خەم مەخۆن!

لە گەڕانەوەدا تووشی ئاسۆ بوون. لە دوای سڵاو و چاکوخۆشی دیار بوو قسەیەکی بە مامز هەیە، بەڵام لەبەر تارا نەیدەویست بیدرکێنێ. مامز تێگەیی و بە بزەوە گوتی:

- تارا بێگانە نییە وەک خوشکی خۆم وایە. چی شاردراومان لە نێواندا نییە. هەرچی هەیە بیڵێ!

ئاسۆ گوتی:

- لەبارەی وریادایە... .

مامز قسەکەی بڕیوە و گوتی:

- دەی، چی بەسەر هاتووە؟

- خودا نەکا چی بەسەر بێ. بۆ دەنا قەرارە شتێکی بەسەر بێ؟

- ئاخر... شەو... .

- شەو چی...، چ بووە...؟

- باوکم و کاک حەمە لای نیوەشەو بە چەکەوە وەدەرکەوتن و دوای یەک دوو سەعات گەڕانەوە... نیگەرانم. نازانم بۆ کوێ چوون و چییان بە دەستەوە...؟

ئاسۆ تاوێک بێدەنگ بوو و بیری لێکردەوە: نەکا کوێخا ئەمەر...؟ بەڵام بۆ ئەوەی مامز پێی تێکنەچێ گوتی:

چ نییە، وریا ڕۆژی مابوو ڕۆیی.

- ڕۆیی..!؟ بۆ کوێ چوو...؟

- چوو بۆ لای هاواڵەکانی. دەگەڕێتەوە.

ئاسۆ بە هەواڵی ڕۆینی وریا ئاگری لە دەروونی مامز بەردا و بە دواوشە کە گوتی: دەگەڕێتەوە، ئاوی بەو ئاگرەکە داکرد. مامز هەناسەیەکی هەڵکێشا. ئاسۆ ئەوەی پێویست بوو بۆی گێڕایەوە و پێی گوت. مامز گەشایەوە. پێی خۆش بوو ئاسۆ نەڕوا و هەر لەبارەی وریادا لەگەڵی بدوێ. بە هەر وشەیەک کە لە دەمی ئاسۆوە دەهاتە دەر، سوور دەبۆوە و دەگەشایەوە. خوێنی شەرم و شادی لە ڕوومەتی گەڕابوو و سەری بەردابۆوە. ئاسۆ زۆر ڕانەوەستا و ڕۆیی.

قسەکانی ئاسۆ بوون بە هۆی سێبووریی مامز، بەڵام بە تەواوی دڵنیا نەبوو. دڵی خەبەری دابوو کە وریا شتێکی بەسەر هاتووە.