١٠

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 3 خولەک  852 بینین

گۆران لە نێو ئەشکەوتدا باسی هاوڕێی تێکۆشەری خۆی وریای دەکرد کە لە ناکاو گوێیان لە دوو تەقە بوو. قسەکەیان بڕێوە و دەستیان دا چەک و وەدەرکەوتن بزانن چ قەوماوە. بەر لە هەموویان سمکۆ خۆی گەیاندە دەر. گوێی لە گرمەیەک بوو، وەک جاڵەیەک خللۆر بێتەوە، بەڵام هێندەی نەخایاند کە بێدەنگی هەموو لای داگرت. گۆران و سمکۆ و هاواڵەکانیان، بۆ ئەوەی بزانن چ بووە، بڵاو بوونەوە و هەر کام بۆ لایەکی چوو و خۆی مات کرد. تاوێک پێچوو تەقە درێژەی نەبوو، باڵندەی لێڕەوار کە بە دەنگی تەقە خاپوور ببوون دەستیان کردەوە بە خوێندن. گۆران و هاواڵەکانی خەریکی گەڕانی دەروپشتی ئەشکەوت بوون. ئیستێک پێچوو، سمکۆ کە وەدوای گرمەکە کەوتبوو، هەرای کرد:

- وەرن! یەکێکیان لێرە کوشتووە... .

بەڵام کاتێ گوێی بە سینگییەوە نا، بە خۆی گوت:

- شوکور نەکوژراوە، بێهۆش بووە.

هەر چۆنێک بوو وریایان کە بە دەوەنێکەوە گیرسابۆوە، هێنایە نێو ئەشکەوت و ڕایانکێشا. کە چرا لەنتەریان لێ نیزیک کردەوە و گۆران چاوی پێکەوت ناسییەوە و گوتێ:

- کوڕە خۆ ئەمە وریایە... دوکتۆر ڕێبوار! زوو خەریک بە دەبێ چاری بکەین. نابێ لە دەست بچێ.

برینی ڕانی جێی مەترسی نەبوو. گوللە ئێسکی نەگرتبوو. دوکتۆر ڕێبوار خێرا و بە وردی برینەکەی شوشتەوە و دەرمانی کرد و دەسرەیەکی تەڕیان لە سەر تەوێڵی دانا. وریا وردەوردە وە هۆش هاتەوە. کە چاوی کردەوە پێی وا بوو خەون دەبینێ. چەند جار چاوی هەڵێنا و وێکی نایەوە. هەستی کرد لەشی ژان دەکا. ناڵەیەکی کرد و گوتی:

- ئەمن لە کوێم...؟

گۆران کە دەستی وریای لە نێو دەستی گرتبوو و چاوی لێ نەدەترووکاند گوتی:

- وریا گیان! خۆ سەخڵەت مەکە. چ نییە. کەمێک برینداری.

ئەمجا بە بزەیەکەوە گوتی:

- ئەمن ناناسییەوە؟

وریا لێی خورد بۆوە و گوتی:

- گۆران! ئەوە ئەتۆی، بۆ پێم ناڵێی چ قەوماوە؟

گۆران وەڵامی دایەوە:

- هەر چییەک بوو بە خێر ڕابرد. جارێ ئارام بە و بحەسێوە هەموو شت ڕوون دەبێتەوە. پاڵەپشتێکیان بۆ دانا و چایەکیان دەرخوارد دا. وریا کەمکەم وە بیری هاتەوە کە ئەنگێوراوە، بریندار بووە و خللۆر بۆتەوە.

گۆران بۆ ئەوەی وریا بحەسێتەوە گوتی:

- جێگەی بۆ ڕاخەن. دەرفەتی قسە کردن زۆرە.