٩

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 4 خولەک  802 بینین

وریا نامەی کوێخا ئەمەری لە گیرفانی نابوو. بە خۆی و داردەستێکەوە ڕێی دۆڵەشینی گرتە بەر. بیروڕای جۆراوجۆر مێشکی داگرتبوو. لە لایەک گڕی خەبات بۆ ڕزگاری گەلە چەوساوەکەی، دەروونی دەسووتاند و بڕوای بە سەرکەوتنی دواڕۆژ پتەوتر دەکرد، لە لایەکی دیکەوە کارمامزەکەی هۆشی لێ بڕیبوو. بیری هاواڵەکانی، یادی دایک و باوک و خوشک و براکانی کە ماوەیەک بوو هەواڵیان نەبوو، هەر کام لە لایەک هورووژمیان بۆ مێشکی هێنابوو. لەبەر خۆیەوە گوتی:

- ڕۆژێک سەفەرەکەم وەدوایە کەوت... .

لە دوایە بە بزەیەکی نەرم و مەندەوە گوتی:

- قەیدی نییە. سەبارەت بە کارمامزەکەمە.

مانگ، ڕووگەی دڵداران، تازە هەڵاتبوو، وریا چاوێکی لێکرد و بە چەشنێکی کە هەر بۆخۆی گوێی لێبوو گوتی:

- ئەی مانگ! خۆزگەم بە خۆت هەموو کوردستانت لەبەر چاوە، ئاخۆ ماڵە ئێمە دەبینی، بڵێی مابن و چیان لێنەهاتبێ، بڵێی بە تاوانی نەگیرانی من دوژمن تەنگی پێ هەڵچنیبن، ئەدی کارمامزەکەم؟ دەزانم هەر ئێستا چاوی لە تۆیە... .

سروەیەکی فێنکی خەمڕەوێن بیری وریای بردە ڕۆژانی دڵداری. یەکەم ڕۆژ کە مامزی دیبوو تا دوادیداری هاتە بەر چاو. لەو بیرەوەرییەدا بوو کە پەڵەهەورێک بەری مانگی گرت. لە پڕ وریا گوێی لە دەنگێکی ناخۆش بوو، دەنگی کوندەبوو دڵی ناسکی داخورپاند. هەستی کرد شنەی شەماڵ بۆتە بایەکی گیان و لەشلەرزێن، تەزوویەکی بە لەشدا هات و ترسێکی نائاشنای بە سەردا زاڵ بوو. بۆ تاوێک بیری کردەوە: نەکا کوێخا ئەمەر کەڵەکم لێ بدا؟ بەڵام زۆر زوو لە ڕووی دڵپاکییەوە لەو فکرە شەرمەزار بۆوە و گوتی:

- جا چ خراپەیەکم بۆ کویخا ئەمەر بووە؟ ناردوومەتە سەر کچەکەی و نەیداومێ. ئەمجا خۆی لۆمە کرد و گوتی:

- ئەمن لە لای خۆی خوێندەوارم. بۆ دەبێ دەنگی مەلێک بمترسێنێ؟ لە پاشان دەستی بە گۆرانی کرد. دیار بوو ئەو گۆرانییە لە ترسێکی نهێنییەوە سەرچاوەی دەگرت. جارجار ئاوڕی دەدایەوە و چاوی لە دەورانبەری دەکرد. هیچ دیار نەبوو. وردەوردە گەیشتە هەوەڵی دۆڵەشینێ. دۆڵەکە بە دارستانی چڕ رەش دەچۆوە. لەودەمەیدا بەختی یاری کرد و هەورەڕەشەکە بەری مانگی بەردا. بای لەشلەرزێن بۆوە بە سروەیەکی گیانپەروەر. لە دوور و نیزیکەوە دەنگی مەلان لە هەوای لێڕەواردا بڵاو دەبۆوە و لەگەڵ خوڕەی ئاوی نێو دۆڵ تێکەڵ دەبوو.

ئەو ڕێگایەی کە دەبوایە وریای پێدا بڕوا، لە لای خۆرهەڵاتی دۆڵەشین هەڵکەوتبوو. لە پێشدا تاقتاق دارەبەن و داربەڕوو و دارمازوو و هێندێک دارودەوەنی دی وەبەر چاو دەهاتن، بەڵام تا بەرەو پێش دەچووی دارودەوەن زۆرتر دەبوون.

وریا هەر بیری لە ژیانی خۆی دەکردەوە. لە ڕابردووی، لە داهاتووی، کە چی بەسەر هاتووە و چی بەسەر دێ. گەیشتبووە جێگەیەکی ئەستەم. ڕێگەیەکی باریک و خیزەڵێن و هەڵدێر. هەنگاوی شل کردەوە. بە یاریدەی داردەستەکەی وردەوردە دەچووە پێش. بە خۆی گوت:

- نەکا هەڵخلیسکێم و هەڵدێرێم، خۆ هەپروون بە هەپروون دەبم و... .

قسەکەی تەواو نەکردبوو کە لە ناکاو دوو تەقە چیا و دۆڵیان لەرزاندەوە. وریا بەر لەوەی بتوانێ خۆی کلا دا، دوو گوللەی گەیشتنێ، یەکیان بە لای شانیدا ڕەد بوو، بەڵام دووەمیان وە ڕانی چەپی کەوت. خۆی پێڕانەگیرا و بەرەو ناخی دۆڵ گلا و خللۆر بۆوە.

لە پەنای دوو دەوەن دوو کەس نا، دوو شەیتانی بەدفەڕی بەدگەڕی بەدزەڕ وەدەرکەوتن و بەرەو کانیپەری گەڕانەوە. لە ڕێیەدا کوێخا ئەمەر بە حەمەدەمپەلی گوت:

- باشمان لە کۆڵ بۆوە، ئەمجا بێ مڵۆزم خەریک دەبین.

حەمەدەمپەل جگەرەیەکی داگیرساند و گوتی:

- ئەرێ کوێخا ئەمەر! ئەتۆ هیچ لێت کۆڵیبۆوە بزانی وریا چ کارە بوو؟

- نا... لەبەرچی دەپرسی؟

- بەخوا بڵێم چی...؟ نازانم... دەڵێی لە جێگەیەکم دیوە.