٨

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 4 خولەک  796 بینین

وریا چەند مانگ بوو سەری لە هاواڵانی نەدابوو. لەو ماوەیەدا هاوڕێیەکانی توانیبوویان لیستەیەک لە «دژی گەل» ییان وەچنگ خەن. هەر وەها توانیبوویان ڕێکخراوەکەیان کە بە هۆی هێرشی دڕندانەی دوژمن هاتبوو لێک بڵاو بێ، ڕێکوپێک بکەنەوە و لە زۆربەی ناوچەکاندا هاوبیروڕای تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ بدۆزنەوە. ئەوە بوو کە چەند دەستەیان ساز کرد کە هەر کام بەرەو مەڵبەندێک بڕۆن. ئەرکی دیاریکراو بۆ ئەو دەستانە ئەوە بوو کە وێڕای ڕێکوپێک کردنی ڕێکخراوی ناوچەکان، جاشەکان بە خەڵک بناسێنن و ئەگەر بۆیان کرا لە نێویان بەرن. هەر دەستەی ڕیزێکیان لە ناوونیشانی خۆفرۆشەکان پێبوو. دەستەیەک کە بۆ لای کانیپەری و گوندەکانی دەوروبەری دیاری کرابوون، بریتی بوون لە شەش کەس بەم چەشنە:

«گۆران»، لاوێکی ٢٦ ساڵانە کە لە پێشدا مامۆستای فێرگە بوو و لە وریایی و لێزانی و هێژایی لە نێو هاواڵەکانیدا ناوبانگی دەرکردبوو و بەرپرسی ئەو دەستەیە بوو.

«سمکۆ»، پیاوێکی ٤٠ ساڵانەی چوارشانەی بەئاکار، لاوی وریا کە پێش ئەوەی بێتە نێو شۆڕشەوە کرێکاری دەکرد.

«سۆران»، کابرایەکی ٣٠ ساڵانە کە بەر لەوە دەست بە خەبات بکا، دووکانی وردەواڵەفرۆشی هەبوو.

دوکتۆر «ڕێبوار»، مرۆڤێکی ٢٧ ساڵانەی سەروزمان خۆش کە تازە زانستگای تەواو کردبوو.

«دیاکۆ»، لاوێکی ٢٤ ساڵەی وریا و پسپۆڕ، تازە ببوو بە ئەفسەری پۆلیس کە لەگەڵ شۆڕش کەوتبوو.

«شەماڵ»، گەنجێکی ١٩ ساڵانە بوو کە ساڵی دوایی فێرگەی ناوەندی تەواو نەکردبوو و دوو ساڵ لەوەپێش هاتبوو نێو ڕیزی شۆڕشەوە.

ئەو شەش کەسە قەرار دادەنێن لە «ئەشکەوتی دۆڵەشین» دا کە جێگایەکی ئەستەم و دوورەئاوایی بوو، بنکەیەک دابنێن. دۆڵەشین، دۆڵێکی قووڵ و دوورودرێژ و پێچاوپێچ بوو کە چۆمێکی خوڕێنی بە ناخیدا دەهاتە خوار. لێرەوارێکی چڕ لاپاڵەکانی داپۆشیبوو. دەیانگوت لە ڕۆژگاری ڕابردوودا لەبەر چەتە و ڕێگران کەس نەیوێراوە هاتووچۆی پێدا بکا. ئەو ئەشکەوتەی کە پێشمەرگەکان بۆ بنکە دیارییان کردبوو لە بەری لای ڕۆژهەڵاتی دۆڵەکەدا هەڵکەوتبوو. ئەشکەوتێک بوو دوورودرێژ و بێ بن. جێگای وای هەبوو کە بە سواری هاتووچۆت تێدا دەکرد، شوێنی واشی هەبوو کە دەبوایە بە گاگۆڵە پێیدا بڕۆی. نێو ئەشکەوتەکە کانیاوێکی ڕوون و کەللەتەزێنی لێ هەڵدەقوڵی و بە جۆگەلەیەکی باریکدا دەهاتە دەر و بەرەو ڕووباری بنی دۆڵ شۆڕ دەبۆوە.

لای قاوەڵتوونێ بوو کە شەش پێشمەرگە، شەش گیانفیدا دوای چەند ڕۆژ ڕێپێوان لە نێو ئەشکەوتەکەدا بارگەوبنەیان خست و دوای هەسانەوە بۆ باشتر ناسینی ناوچەکە هاتنە دەر و ئێوارێ گەڕانەوە.

لە پێشدا چەند کەسێکیان پێ ناساندرابوو کە دەبوایە پێوەندییان لەگەڵ بگرن. یەکێک لەوان وریا بوو. لەو شەش کەسە تەنیا بەرپرسەکەیان وریای دەناسی. ئێوارێ دوای گەڕانەوە چایەکیان وەسەر نا و دەستیان کرد بە وتووێژ لە بارەی کاری داهاتوویان. گۆران لیستەی جاشەکانی دەرهێنا و چاوێکی لێکرد و گوتی:

- زۆر سەیرە یەکێک لە جاشە هەرە خراپەکان کە ناوی کوێخا ئەمەرە ماڵی لە کانیپەرییە و لەگەڵ وریا هاوگوندن. بڵێی وریای ناسیبێ؟

دوای تاوێک بێدەنگی درێژەی پێدا:

- «حەمەدەمپەل» یش لەم ناوچەیەدایە، بەڵام نازانین لە کام ئاوایییە، دەبێ ئەویش بدۆزینەوە.

لە دوایە هێندێک لە بارەی خەبات و ڕابردووی پڕ لە شانازی وریادا دوا.