٧

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 4 خولەک  840 بینین

وریا هەر چۆنێک بوو لە سەر ئەوە ساخ بۆوە کە بچێتەوە سەرێک لە مەڵبەندی خۆی بدا و هەواڵێکی هاواڵانی بزانێ و پاش ڕوونکردنەوەی کاروباری بگەڕێتەوە و بۆ دوایین جار بنێرێتە سەر مامز. ئەگەر دایانێ باشە، دەنا هەڵیگرێ و لەگەڵ خۆی بیبا. بەو هۆیەوە چەند سەر بزنێکی کە هەیبوو فرۆشتنی و کردی بە دراو. هەروەها بە خەڵکی ئاوایی ڕاگەیاند کە چی دی شوانێتی پێناکرێ و لە فیکری شوانێکی دیدا بن. لە یەکەم دەرفەتدا سەرێکی گوندەکانی دەوروبەری دا و لەگەڵ هێندێک هاوڕێ کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا توانیبووی کاریان لە سەر بکا و ئامادەی خەباتیان بکا پێوەندی گرت و بۆ دواڕۆژ، بۆ ناسینی هاواڵەکانی دیکە ڕەمزێکیان لە نێوان خۆیاندا دانا.

ئەو ڕۆژە لە بەرقەدی بەرزەکۆدا لە سەر تەرتێکی دانیشتبوو کە «ئاسۆ»، یەکێک لە لاوەکانی کانیپەری هاتە لای و دوای چاکوخۆشی، وریا گوتی:

- سەفەرێکم لە پێشە. ئەم سەفەرە هەموو شتێکمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. ئەگەر خودا کردی و گەڕامەوە باشتر دەست پێدەکەین.

- بە هیوای خودا بە زوویەکی زوو دەگەڕێیەوە. ئەمەشت پێ بڵێم، کوڕەکان هەموو ئامادەن و چاوەڕێی دەستوورن.

وریا بزەیەکی هاتێ و بە دڵ شاد بوو کە ڕەنجەڕۆ نەبووە و توانیویەتی هەر نەبێ بیست کەس لە خەڵکی ئەو ناوچەیە ڕوون بکاتەوە. ئەوە بوو کە بە ئاسۆی گوت:

- خودا یارمان بێ... .

لە دوایە بە دەنگێکی ئارام و لەرزۆکەوە گوتی:

- ئاسۆ گیان! لە دوای من ئاگات لە کارمامزەکەم بێ!

- بە چاوان وەک خوشکی خۆم ئاگام لێی دەبێ.

پێکەوە هەڵستان و بە مووچە و مەزرایاندا گەڕان و وریا ماڵاوایی لە هاواڵەکانی کرد.

ئێوارێ بە هیوا و مەبەستی دیتنی مامز گەڕایەوە بۆ ئاوایی، بەڵام شانسی نەهێنا و نەیدی. شەو خۆی ساز کرد. بە تەما بوو تاریکوڕوونی بەیانی ڕێگا داگرێ و بڕوا. لەوە کە ئەو مەڵبەندە دڵگرەی جێ دەهێشت خەمبار بوو. زیاتر هۆی جەخار و پەژارەی نەدیتنەوەی کارمامزەکەی بوو.

تازە خەوی لێکەوتبوو کە بە دەنگی دەرکە ڕاست بۆوە. بە خۆی گوت:

- دەبێ کێ بێ؟

هەڵستا هاتە حەوشە و هەرای کرد:

- کێیە؟

- ئەمنم، کوێخا ئەمەر.

زۆری پێ سەیر بوو. دەبێ کوێخا ئەمەر چ کارێکی پێیبێ!؟ لەوەتا مام برزوو کۆچی دوایی کردبوو، کوێخا ئەمەر دەرگای لێ نەکردبۆوە. هەموو جارێش کە ناردبوویە خوازبێنیی مامز، جوابی کردبوو. ئەدی ئەوە دەبێ چ قەومابێ!؟ بە پەلە گوتی:

- ئەوە هاتم.

دەرکەی کردەوە. پێش ئەوەی کوێخا ئەمەر قسەیەکی بکا سڵاوی کرد و گوتی:

- فەرموو ژوور، خێرە ئیشاڵڵا!؟ ئەوە چۆنە وەبیرت هاتوومەوە، ئەویش بەو درەنگانەی؟

- خێر دەبێ ئیشاڵڵا.

کوێخا ئەمەر ئەوەی گوت و خۆی لە ژوورێ ڕاکرد و دەرکەی لە خۆی پێوەدا و بە ئەسپایی گوتی:

- وریا گیان! کارێکی گرینگم بۆ هاتۆتە پێش، دەبێ یاریدەم بدەی!

وریا کە هەمیشە بە ئاواتەوە بوو کوێخا ئەمەر کارێکی پێیبێ و بە هیوای ئەمە کە بەشکەم دڵی نەرم بێ و مامزی بداتێ، بە پێکەنینەوە گوتی:

- سەرم لە ڕێدایە. هەر کارێکت بێ بە گیان و دڵ لە خزمەت دام.

- دەزانی برایەکم هەیە کوێخای «قەڵاکۆن» ە. ناوی «کوێخا خلە» یە. نامەیەکە دەبێ هەر ئەمشۆ بە دەستی بگا. ئەمنیش بۆخۆت دەزانی کوڕم نییە، چت لێ بشارمەوە، لە کەس دڵنیا نیم، ئەوەیە کە ویستم لە تۆ داوا بکەم زەحمەتەکەی وە ئەستۆ بگری و بۆم بگەیەنی؛ زۆر دوور نییە سەعاتەڕێیەکە.

- بە چاوان. زەحمەت نییە. هەر ئێستا وەڕێدەکەوم. چەند جاران چوومە قەڵاکۆن، شارەزای ڕێگام، بۆ ئەوەی زووش بگەمێ بە «دۆڵەشین» دا دەچم.

ئەوەی گوت و بە پەلە جلوبەرگی لەبەر کرد و ساز بوو. کاتێ کوێخا ئەمەر نامەکەیدایە، پێیگوت:

- لەبەرت مرم کەس نابێ لێت بزانێ!

- مەگیم گڵ لێم ببیسێ.

کوێخا ئەمەر بە شادییەوە گەڕایەوە. پێی وا نەبوو وریا خوێندەوار بێ، چونکە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا خۆی بە نەخوێندەوار ناساندبوو.

کاتێ وریا کانیپەری بەرەو قەڵاکۆن جێ دەهێشت، لە تاریکایی شەودا دوو کەسی دیکە بە بیروڕایەکی شەیتانییەوە، چەکدارانە لە دێ وەدەر کەوتن.