٦

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 4 خولەک  862 بینین

کوێخا ئەمەر، ئەو گورکەی لە پێستی مەڕدا بوو، سەفەرێکی شاری بۆ هاتە پێش. کڕینی هێندێک شمەکی کردبوو بیانوو. کەس نەیدەزانی چی لە باراندایە. لەگەڵ چەند کەسان وەڕێکەوتن. لە شار، خۆی لە هاوڕێیەکانی دزێوە و بە دزەدزە خۆی لە یانەیەکی ڕاکرد. «یانەی جاسووسی»، لەوێ زۆریان ڕوو دایە، هەموو دەیانناسی، پیاوی خۆیان بوو. زۆر کاری دژی گەلییان پێ سپاردبوو، ئەویش بە مەیلەوە جێبەجێی کردبوون. لە دیوی سەرۆکی یانەکەدا پیاوێکی دیکەشی لێبوو بە ناوی «حەمەدەمپەل». حەمە بە ڕواڵەت کابرایەکی مەند و لەسەرخۆ و فەقیرۆکە بوو، بەڵام ئەگەر لە تایەکی تەرازوویان نابا و کوێخا ئەمەریشیان لە تایەکی دی، بەدفەڕی و خراپەیان بەرامبەر و هاوسەنگ دەهاتەوە.

«سەرۆک» بە فیزەوە لە پشت میزێک دانیشتبوو. بە کوێخا ئەمەری گوت:

- کاک حەمە یەکێک لە هاوکارە بەنرخەکانی ئێمەیە، بەڵام گرفتارییەکی بۆ پێش هاتووە، لە تۆم دەوێ یاریدەی بدەی.

کوێخا ئەمەر چاوێکی کڕیارانەی لە حەمەدەمپەل کرد و بە زمانلووسییەوە گوتی:

- هەر کارێکم لە دەست بێ کۆتایی ناکەم.

سەرۆک گوتی:

- کاک حەمە لە ناوچەی خۆیدا زۆری خزمەت بە ئێمە کردووە، بەڵام قەدەرێکە لە لایەن چەتەکانەوە ناسراوە (چەتە، وشەیەک بوو کە لە لایەن دەوڵەت و مووچەخۆرەکانییەوە بە پێشمەرگەکان دەگوترا.) و ئەوا چەند ڕۆژێکە ماڵی هاتۆتە شار. چەند جار ویستوویانە لە نێوی بەرن، بەڵام بەختی یار بووە و وەبەر نەهاتووە. ئێستا وام پێ باشە ماڵەکەی لێرەش بڕوا، جا ئەگەر ئەتۆ بۆت دەگونجێ بیبە بۆ گوندەکەی خۆتان تا بزانین چۆن دەبێ. دیارە بۆ یەکتر دەبنە هاوکارێکی باش.

کوێخا ئەمەر ڕووی لە حەمە کرد و پرسی:

- کاکە گیان! چەند سەر خێزانن؟

- زۆر نین. تەنیا خوشکێکی عەزەبم هەیە کە بناوانمە.

کوێخا ئەمەر نووری هیوای لە دڵدا گەڕا و قسەکەی قۆستەوە و پرسی:

- ئەدی ژنت نییە؟

- نەخێر. دوو جارم ژن هێناوە منداڵم نەبووە، ئەمنیش تەلاقم داون. خوشکیشم لەبەر ئەوەی کەس نییە خزمەتم بکا بە شوو نەداوە.

کوێخا ئەمەر تەواو دڵنیا بوو کە دەتوانێ بە ئامانجی بگا و خوشکی حەمەدەمپەلی بخوازێ. دیار بوو ئەو سەودایە بە فیدا کردنی مامز تەواو دەبوو.

کوێخا ئەمەر وەک ڕاوکەرێکی نێچیری دیبێ و نەیهەوێ لە دەستی بدا، دوای هاتنە دەر لە یانەی جاسووسی لەگەڵ حەمەدەمپەل چوون ماڵەکەیان تێکەوە پێچا و بەرەو کانیپەری وەڕێکەوتن.

«تارا» ی خوشکی حەمەدەمپەل کیژێک بوو باڵابەرز، کێلگەردن، چاوبەڵەک، جوان و خوێنشیرن و لەبەر دڵان. کوێخا ئەمەر هەر کە چاوی پێکەوت دڵێک نا، سەد دڵ گیرۆدەی بوو، بەڵام تارا هەر لە خۆوە قینی لێهەڵستا. لە دڵی خۆیدا ئەوی لەگەڵ کاکی هەڵسەنگاند و بە خۆی گوت:

- ئەمەش لە کاکم نامێنێتەوە. وەک یەک خوێنیان لە چاوان دەبارێ. ڕاستە کە دەڵێن: «دیزە دەگلێ دەرخۆنەی دەبینێتەوە.»

لە ڕێگادا تارا گوێی لە قسەی کوێخا ئەمەر و کاکی بوو کە کوێخا ئەمەر پێی دەگوت:

- ئەمنیش ڕەبەنم. کچێک نەبێ کەسم نییە. کچەکەم کاتی مێرد کردنیەتی، بەڵام لەبەر ئەمە کە بناوانێکم نییە تا ئێستا بە شووم نەداوە.

بە بیستنی ئەو قسانە دڵی تارا داچڵەکا. لەبەر چاوی بوو کە کاکی ژن بە ژنەی پێدەکا. جا هێندەی دی ڕقی لە کاکی و لە کوێخا ئەمەر هەڵستا و لەبەرخۆیەوە گوتی:

- خودایە! پەنام بۆ هێنای. بمپارێزە!

کاتێک گەیشتنە کانیپەری، کوێخا ئەمەر لە ماڵە خۆی دیوێکی پێدان و هەر لە یەکەم ڕۆژدا پێشنیاری ژن بە ژنەی بە حەمەدەمپەل کرد. حەمەدەمپەلیش کە مامزی دیبوو لە خودای دەویست.

مامز و تارا زۆریان یەکتر خۆش ویست. هەردووکیان پرێسکەی دڵیان بۆ یەک کردەوە و مامز لە دەست باوکی و تارا لە چنگ کاکی خوێنیان هەڵڕشت.

کویخا ئەمەر دەیزانی کە وریا بەرهەڵستی ڕێگایانە، ئەوە بوو کە بە هاودەستیی حەمەدەمپەل، بە نهێنی نەخشەی لەنێوبردنیان کێشا.