٥

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 3 خولەک  852 بینین

هەتاوی چێشتانگاوی مانگی گوڵان گیانی وەبەر گیا و گوڵ و دار و دەوەن دەنا. قاسپەقاسپی کەوی کوڕادەخواردوو خەمی خەمبارانی وەلا دەبرد و بزەی دەهێنایە سەر دەمی لێوبەباران. چەند هەڵۆی بەرزەفڕ لە ئاسمانی بێ خەوش و پیرۆزەیی کانیپەریدا دەخولانەوە و سووڕیان دەدا. شاخ و دۆڵ بە سەوزەگیا و گوڵی بەهاری ڕازابوونەوە. دەستەیەک کیژ، نا، پۆلێک پەری، جەپکەیەک گوڵ، لەگەڵ گوڵە ڕەنگاوڕەنگەکانی مێرگۆڵەدا تێکەڵ ببوون. کیژۆڵەکان بەرەو بەندەنی چیای «بەرزەکۆ» وەکوو تاوس لەنجەیان دەکرد و لەگەڵ هەر هەنگاوێک هەزاران گوڵی نازیان لێ بە جێ دەما، شاد بوون، پێدەکەنین، گاڵتەیان دەکرد. تەنیا گوڵێک لە نێو ئەو گوڵانەدا بە ڕواڵەت پێدەکەنی، بەڵام لە نێو دڵیدا شین و شێوان بوو. ئەو گوڵە کە لە گوڵەکانی دیکە جوانتر و دڵڕفێنتر، بەڵام سیس و ژاکاو بوو، «مامز» بوو.

لە ناکاو کیژۆڵەکان بێدەنگ بوون. لە جێی خۆیان ڕاوەستان. گوێیان هەڵخست. دەنگێکی بریندار کە لە دڵێکی ئەویندارەوە سەرچاوەی دەگرت، لە نێو کێو و دۆڵی ئەو مەڵبەندەدا دەنگی دەدایەوە:

گڕی، نووری، بتاوێنی، بەتینی
گوڵی بۆنخۆش و جوان و ئاگرینی
بڵێ ئەی ئاخرین هیوا، لەبەرچی
وەها شێواو و شەمزاو و خەمینی؟
***
لەگەڵ دەردی ئەوینت ئۆگرم من
لە نێو خۆمدا دەسووتێم، ئاگرم من
چەما پشت لە ژێر باری خەمی تۆ
گوڵم! ئەم بارە تا کەی هەڵگرم من؟
***
کە ڕادەبری وەکوو ئاسک دەکەی سڵ
دەشێوێ گەرمەلانی کۆتری دڵ
بە ئاواتم کە دەنگی تۆ ببیسم
دەترسێم ئارەزووی خۆم بەرمە ژێر گڵ

دەنگێکی ئاشنا بوو، لە گیانی بیسەردا کاری دەکرد. مامز ئەگەر پێی شوورەیی نەبا، هاواڵەکانی بە جێ دەهێشت و بە لینگدان خۆی دەگەیاندە لای خاوەن دەنگەکە، کە خاوەنی بیر و هۆشی بوو، هەر وشەیەک کە بە هەوای تایبەتی لە دەمی وریا، خودای دەنگ، لە هەوادا بڵاو دەبۆوە، کیژۆڵەکانی مەستتر دەکرد.

لە سەر تەرتێک دانیشتن. کاتێ دەنگەکە بڕایەوە، پۆلی تاوسی مەست دیسان وەڕێکەوتن. مامز و پەرەنگ لە پێشەوە دەڕۆیین. پەرەنگی دڵسۆز وەک هەمیشە گوێی بۆ ڕاز و نیازی مامز شل کردبوو. پاش ماوەیەک بە بەرزەکۆدا هەڵگەڕان. لە چیای بەرامبەری بەرزەکۆدا ڕانی ئاوایی لە بەندەن خەریکی لەوەڕ بوو. شوانەکەی لە داوێنی کێوەکەدا، لە سەر کانیاوێک چای وەسەر نابوو کە لە پڕ گوێی لە دەنگێکی دڵلەرزێن بوو. ئەم جار نۆرەی مامز بوو کە خەرمانی خەمی وریا بە با بدا. باللۆرەی خۆشی مامز، عەتری گوڵی ئەوینی لە نێو دۆڵ و چیاکاندا دەپڕژاند.

وریا لە دوورەوە چاوی لە تاقە ئەستێرەی ئاسمانی ژیانی بڕیبوو، خوداخودای بوو کە باللۆرەی مامز تەواو نەبێ. هەستی دەکرد مامز لە بەرامبەری دانیشتووە و قسەی لەگەڵ دەکا، بەڵام باللۆرە دوایی هات.

وریا خۆی پێڕانەگیرا، تێیهەڵکرد. بە لاوک جوابی دایەوە، نە وریا و نە مامز نەیاندەزانی کە ئەوا دواڕۆژی خۆشییانە و بەدبەختییەکی تازە چاوەڕێیانە.