٤

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 3 خولەک  907 بینین

مامز لە ماڵە باوکی - کە بە ماڵە خۆی نەدەزانی - هەر ڕۆژەی بە ساڵێکی لێ ڕادەبرد. زمانپیسیی باوکی تووڕە و تۆسنی، ماڵەکەی لێکردبوو بە داوی جاڵجاڵووکە. لەگەڵ ئەوەش ڕۆژ بە ڕۆژ جوانتر و لەبارتر و خوێنشیرنتر دەبوو. ناوبانگی جوانی و تێگەیشتوویی بۆ هەندەران چووبوو. گوڵێک بوو کەوتبوو نێو ئەستێرێکی لیخنەوە. تا بۆی هەڵدەکەوت دەچوو بۆ لای یای گوڵ و پەرەنگ و پرێسکەی دڵی بۆ ئەوان دەکردەوە و ئەوانیش وەک دایک و خوشکێکی باش هاودەردییان لەگەڵ دەکرد و گوڵی هیوایان لە دڵدا دەخەمڵاند.

یەکەم جار کە لە سەر کانی چاوی بە وریا کەوت چیرۆکی «کوڕە کاروانی» یای گوڵی وەبیر هاتەوە کە کچێکی جوان لە داوی دێوێکی دەکەوێ و بۆ ئەوەی ڕانەکا، دێوەکە لە قەفەسێکی شووشەیی دەنێ، بەڵام کوڕە کاروانییەک کە گیرۆدەی دەبێ وەشوێنی دەکەوێ و لە سەر دوندێک بە هەوایەکی خەمبارانە تێ هەڵدەکا:

خۆم کوڕە کاروانی، دڵ هەڵوەدایە
یارکۆڵەکەی خۆم، لە بەندیدایە
دڵم لە سوێیان شێت و شەیدایە
 
خۆم کوڕە کاروانی، هاتووم لە ڕێوە
کەویاری جوانم، یەخسیری دێوە
دەڵێن ڕەنگ زەرد و مات و پەشێوە
 
خۆم کوڕە کاروانی ئەمڕۆ بار دەکەم
لە چیا و ڕەوەزان بانگی یار دەکەم
بەڵێنم داوە یار ڕزگار دەکەم
 
خۆم کوڕە کاروانی هاتووم لە ڕێی دوور
کەژاڵم دەبەم بەرەو شاری نوور
ماڵی بۆ دەکەم لە خشتی بلوور

ئاخری دەچێتە نێو ئەشکەوتەکەوە. دێوەکە خەوی لێدەکەوێ. کوڕە کاروانی بە دەرفەتی دەزانێ و کوولەکەی ڕووحی دێوە دەشکێنێ و کچە ڕزگار دەکا و لەگەڵ خۆی دەیبا بۆ شارێکی پڕ لە نوور و خۆشی و لە نێو باخێکی پڕ لە گوڵدا کۆشکێکی بلووری بۆ ساز دەکا و بە شادی ژیان ڕادەبوێرن.

مامز خۆی لە جێگای کچە یەخسیرەکەی دانا و وریاشی کردە کوڕە کاروانی و لە نێو دڵیدا گوتی:

- خودایە! تۆ بکەی «وریا» من لە چنگ باوکم ڕزگار بکا... .

ئەودەم هێشتا چاردە ساڵی تەواو نەکردبوو. دوو ساڵ لەو کاتە ڕادەبرد، هەمیشە بە خۆی دەگوت:

- ئەدی کەنگێ وریا دەرگای زیندانی من تێکدەشکێنێ، لەگەڵ خۆی دەمبا بۆ شاری نوور و خۆشی؟

کاتێک زۆر دڵتەنگ دەبوو و خەم دایدەگرت ڕێگای گۆڕستانی دەگرتە بەر و بۆ ماوەیەک لەگەڵ گڵکۆی دایکی جوانەمەرگی سکاڵای دەکرد و فرمێسکی دەڕشت؛ لە گەڕانەوەدا هەستی دەکرد باری پەژارەی سووک بووە.

ڕۆژێک لە بەر بێڵایە ڕاوەستابوو کە دیتی پەرەنگ بە پێکەنینەوە بۆ لای دێ، زانی کە دەبێ هەواڵێکی خۆشی پێبێ.

پەرەنگ خوازبێنیکەری بۆ هاتبوو. «سامڕەند» ئەو کوڕەی کە لەمێژ بوو یەکتریان خۆش دەویست. دایک و خاڵیشی سامرەندیان پێ کوڕێکی باش و کاسب بوو، بەو بۆنەوە «پەرەنگ» یان پێشکێش کردبوو.

مامزیش بە بیستنی ئەو هەواڵە شاد بوو و داوای بەختەوەری بۆ کرد. پەرەنگیش گوتی:

- ئیشاڵا ئەتۆش لەگەڵ وریا پێکدەبڕێن.

مامز بزەیەکی هاتێ و هەناسەیەکی هەڵکێشا. هەناسەی تاسە و ناهومێدی. بەر لەوە کە پەرەنگ لێی جیا بێتەوە قەراریان دانا سبەینێ لەگەڵ چەند کیژی دیکە بچنە ڕێواسان.