٣

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 3 خولەک  852 بینین

وریا چایەکی خواردەوە و بە چیلکەیەکی ژیلەمۆی ئاورگەکەی لێکدا. دیار بوو دەردێکی نهێنی ئازاری دەدا. وەک ڕێبوارێکی ناشارەزا کە بگاتە دووڕێیان، سەری لێ شێوابوو و نەیدەزانی کام ڕێگا بگرێتە بەر. کانیپەری و مامز بە جێ بهێڵێ و بچێتەوە مەڵبەندی خۆی و درێژە بە خەباتی خۆی بدا یان ڕاوەستێ تا کاری مامز یەکسەرە دەبێ و ئەو دەم بە یەکەوە بڕۆنەوە. بێ ئیختیار گوتی:

- تەک ماڵت شێوێ کوێخا ئەمەر، ئەخر مامزم بۆ نادەیەی؟!

دوو جاران ناردبوویە سەر مامز، بەڵام کوێخا ئەمەر پەڵپی لێگرتبوو و گوتبووی:

- مامزی بە ژن دەدەم. ئەخر ئەمنیش بناوانێکم پێدەوێ. خۆ وریا کەسی نییە ژن بە ژنەم لەگەڵ بکا!

مامز کە دیتبووی باوکی بە هیچ چەشنێک ڕازی نابێ، داوای لە وریا کردبوو هەڵیگرێ، بەڵام وریا لە وەڵامیدا گوتبووی:

- قەدەرێکی دیکە ڕاوەستە باوکت ئاخری ڕازی دەبێ.

دیار بوو ئەو قسانەی بۆ دڵخۆشی مامز دەگوت، دەنا دەیزانی کویخا ئەمەر هەرگیز مل نادا.

وریا سەری سووڕ مابوو، نەیدەزانی چ بکا. لە نێوان دوو ئەویندا مابۆوە: ئەوینی گەلەکەی کە خەبات بۆ نیشتمانی بە ئەرکی خۆی دەزانی و ئەوینی مامزی بێکەس کە چاوی هومێدی لەو بڕیبوو. مامز دەیزانی کە بەسەرهاتی وریا چۆنە و چ ئامانجێکی هەیە. بەو هۆیەوە بەڵێنی پێدابوو کە شان بە شانی خەبات بکا.

وریا لە ماوەی ئاشنایی لەگەڵ مامزدا توانیبووی ڕوونی بکاتەوە و زۆر شتی فێر بکا. مامز ئیدی کیژێکی چاو و گوێ بەستراوی لادێیی دوورەشار نەبوو، دەیزانی کوردە. دەیزانی گەلە چەوساوەکەی لە حاڵی ڕابوون و ڕاپەڕیندایە. دەیزانی مافی گەلەکەی چییە. دەیزانی لە کۆمەڵی کوردەواریدا چ ستەمێک لە ژنان دەکرێ. دەیزانی ڕێگای چینی زەحمەتکێش و کرێکار و جووتیار لە ڕێگای دەوڵەمەند و چەوسێنەر جیایە و زۆر شتی دیکە فێر ببوو. ئەوە بوو کە وریا نەیدەتوانی بە سووک و سانی چاوی لێ بپۆشێ و بە جێی بهێڵێ. مامزێکی بۆخۆی پەروەردەی کردبوو و پڕ بە دڵ و گیانی خۆشی دەویست و ئۆگری ببوو. مامزێکی لەو دنیا بەربەرینەدا تەنیا وریای شک دەبرد و هیچی دی.

ئەوێ ڕۆژێ وریا ئەوەندەی فیکر کردبۆوە کاس ببوو، سەری لێ ئەستوور ببوو. ناچار هەڵستا بە ئاوی کترییەکەی ئاگرەکەی کوژاندەوە و ئیستیکان و ژێرپیاڵەکەی تێکەوە پێچا و مەڕەکانی بەرەو ئاوایی وەپێش خۆی دا.