١٤

لە کتێبی:
کارمامز
بەرهەمی:
عەلی حەسەنیانی (1939-1992)
 5 خولەک  781 بینین

نەختەنەختە برینەکەی وریا ساڕێژ دەبۆوە. لەو ماوەیەدا گۆران بە هاوفیکریی وریا و هاواڵەکانی بەرنامەی کارەکەیان ڕێکوپێک کرد. بڕیاریان دا جاشەکانی ناوچە بە زووترین کات لە نێو بەرن. ئەو دژی گەلانە بە «حەمەدەمپەل» ەوە شەش کەس بوون. هەر وەها قەراریان دانا لەگەڵ ئەو کوڕە باشانەی کە وریا کاری لە سەر کردبوون، پێوەندییان پێوە بگرن و بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوە نهێنییەکان و شانەبەندیی ئەندامان تێبکۆشن. گۆران گوندەکانی لە نێو هاوڕێیەکانیدا دابەش کرد و وریاش نەخشەی ڕێگاکانی بە وردی لە سەر کاغەز کێشایەوە و بە باشی تێیگەیاندن. هەر کام سێ چوار ئاوایییان وەبەر کەوت. دەبوایە بچنە ئەو دێیانە و لەگەڵ هێندێک لە ئەندامانی نهێنی پێوەندی بگرن و بەرنامەکەیان بەڕێوە بەرن.

ڕۆژی هەینی دەستیان بەکار کرد. هەر کام بە ڕێیەکیدا ڕۆیی. تەنیا گۆران و وریا لە بنکەدا مابوونەوە.

سۆران دەبوایە بچێتە گوندی «بەردەپان». مجرییەکی پڕ لە وردەواڵەی کە ماوەیەک لەوەبەر بۆ شوێنەونکە سازی کردبوو، بە شانی دادا و ڕێگای گرتە بەر. دوای پێوانی چەند کێو و دۆڵ گەیشتە بەردەپان. لەسەر جۆگەی تەنیشت ئاوایی دەموچاوی شوشت و ماندووی حەساندەوە و چوو نێو دێ و هەرای کرد:

- ماڵی خەڕازی... ماڵی خەڕازی... ملوانکە... ئاوێنە... زەنگیانە... مووروو... سابوون... عەتر... کلە سوبحانی... .

هێندەی پێنەچوو ژن و کیژی لێ کۆ بوونەوە. هەر کەس داوای شتێکی لێدەکرد. «سۆران» یش وەک کاسبکارێکی باش و لێزان شتی پێ دەفرۆشتن. تەنانەت بە هێلکە و قەند و چاشی دەدا.

سۆران دەبوایە هەر چۆنێک بێ مەلا «خالید» بدۆزێتەوە. مەلا خالید مەلای ئاوایی و ئەندامێکی نهێنی ڕێکخراو بوو. لە کاتی وردەواڵە فرۆشتندا هەر بیری لەوە دەکردەوە کە چۆن لە مەلا خالید بپرسێ کە خەڵک شک نەکەن؟ لەو فیکرەدا بوو کە ژنێک لە نێو ژناندا گوتی:

- ئەرێ برالە! دەرمانی ددانئێشەت پێنییە؟

پێش ئەوەی سۆران وەڵامی بداتەوە ژنێکی دیکە لێی پرسی:

- دەرمانی ددانئێشەت بۆ چییە «یای شاشان»؟

- بۆ مەلا خالیدمە «خوشکە ناز» گیان! ئەوا سێ ڕۆژە لەبەر ژانی ددانی هەددانی نییە.

سۆران کە گوێی لەو وتووێژە بوو بە بیستنی ناوی مەلا خالید ئۆخژنی هاتێ، بەڵام وەڕووی خۆی نەهێنا و گوتی:

- کێ بوو دەرمانی ددانئێشەی دەویست؟

- ئەمن بووم کاکە گیان!

- دەرمانی ددانئێشەشم هەیە، بەڵام دەبێ بزانم ددانت کیسی کردووە یان نا؟ کرم خواردوویەتی یان سارد و گەرمێ دەکا، چونکە چەند جۆرم دەرمانی ددانئێشە پێیە.

- بۆخۆم نییە. بۆ شووەکەمە. دە با بچم بۆخۆی بنێرم باشترە. سۆران لە دڵدا شوکرانەی بژارد کە کارەکەی لە یەکەم هەنگاودا باش پێش هاتووە. هێندەی پێنەچوو مەلا خالید لە دوورەوە پەیدا بوو و بە ئارامی بەرەو سۆران و پۆلی ژنان و کچان هات. ژن و کیژەکان بە دیتنی مەلا خالید و ڕێز دانان بۆ ئەو وردەوردە چەند هانگاوێک کشانەوە و دوور کەوتنەوە.

مەلا خالید پیاوێک بوو کەڵەگەت، باریکەڵە، وێچوو و لەسەرەخۆ. سۆران بەو ناونیشانانەی کە دابوویانێ ناسییەوە، بەڵام بۆ ئەوەی بە باشی دڵنیا بێ پێش ئەوە مەلا خالید بگاتێ لە ژنەکانی پرسی:

- ئەوە مەلای ئاوایییە؟

ژنێک وەڵامی داوە:

- بەڵێ. چەند پیاوی چاکە... مەلا خالید دەنگی داوەتەوە. هەموو کەس دەیناسێ.

مەلا خالید زۆر بە مەندی هاتە پێش و ڕۆژباشی گوت: سۆران لەبەری هەڵستا و چاکوخۆشی لەگەڵ کرد. مەلا خالید پاش بەخێرهێنان گوتی:

- گوتیان دەرمانی ددانئێشەت لە لایە. چەند ڕۆژە لەبەر ژانی ددانم حەجمینم نییە.

- بەڵێ. دەکرێ چاوێک لە ددانت بکەم؟

- بۆ ناکرێ؟

مەلا خالید سەری هێنا پێش. سۆران بە ئەسپایی بە گوێیدا گوت:

- بۆنی هەڵاڵان دێ... .

مەلا خالید قوت بۆوە. چاوێکی لە سۆران کرد و پرسی:

- هەر هەڵاڵە؟

- شلێر و بەیبوونیش... .

بەو ڕەمزە کە لە لایەن وریاوە لە نێو هاواڵەکانیدا داندرابوو سۆران خۆی بە مەلا خالید ناساند. لە دوایەدا چەند حەبێکی بۆ لە کاغەزێکەوە پێچا و داییە. مەلا خالید گوتی:

- جا ئەمە نیوەڕۆیە و کاتی نان خواردنە. دەبێ بێی بچینە ماڵێ. خزمەتی تۆمان پێدەکرێ.

لە ماڵە مەلا خالید دەرفەتی قسە کردن هەبوو. سۆران بەرنامەی کارەکەی بۆ گێڕایەوە. دوو بە دوو نەخشەی لەنێوبردنی یەکێک لە جاشەکان بە ناوی «قۆیتاس» یان کێشا. قۆیتاس دانیشتووی «بەردەپان» بوو. بڕیاریشیان دا حەوتووی داهاتوو لە ڕۆژێکی دیاریکراودا، مەلا خالید لەگەڵ چەند کەس لە ئەندامانی نهێنی ڕێکخراو لە بن دارەبەنی لای «سەختەڕەوەز» ی دۆڵەشیندا چاوەڕێی سۆران بن تا بیانباتە لای گۆران و هاواڵانی.