کۆبوونەوەی کۆنگرەی حیزب

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 7 خولەک  1154 بینین

ڕۆژی کۆبوونەوەی کۆنگرە هات. لە ساڵۆنی مەدرەسەیەک کۆنگرە گیرا. بگێڕی کۆنگرە جەلال تاڵەبانی بوو. برایم و باقیی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بە ڕیز لەسەر شانۆ دانیشتبوون. بارزانیش لەوێ بوو. من بە ئەحمەد تەوفیقم گوتبوو ئەگەر هەلم دەس کەوێ لەوانەیە قسە بکەم. چووبوو زەبتی سەوتێکی هێنابوو. دیارە مەمانان - کە بۆرەپیاگ بووین - دەگەڵ بۆرەپیاگان بە پێوە ڕاوەستابووین و من و ئەحمەدیش لەپشت هەموو ڕیزانەوە بووین.

قسە زۆر کرا، هەر مامۆستایەی بە نۆرەی خۆی. حیزبی پارتی کە قەراری قەتعی دابوو هەرگیز لە خودموختاری دەس هەڵناگرێ، ئەو شەوە بارەکە گۆڕا. کاک برایم دوورودرێژ لەسەر ئەوە دوا کە: دەوڵەت دەڵێ لامەرکەزیتان دەدەمێ. لامەرکەزیش دەگەڵ خودموختاری ناوەڕۆکی یەکە و ناوەکان جیان! مەعلووم بوو قسەکەرەکانی تریش ئیسباتیان کرد کە وەختە لامەرکەزی لە خودموختاری چاتریش بێ! جەلال هەرای دەکرد: «کێ موافیقە؟... بەڵێ تەسویب کرا». قەت دە سانیە نێوان نەدەکەوتە «کێ موافیقە؟» و «تەسویب کرا». وەک سەحنەسازییەکی زۆر گاڵتەجاڕم دەهاتە بەرچاو. لە هەلێکدا لەپشت ڕیزەکانەوە هەرام کرد: ئەگەر ئیجازە هەبێ قسێکم هەیە.

جەلال گوتی: دە ناو لیستی قسەکەراندا نەنووسراوی، وەختیش خەلاس بووە!

ڕووم کردە بارزانی: یانی چی؟! مەسەلەی سەرنویشتی کورد - کە منیش کوردێکم - باس بکرێ و نەتوانم قسەیەک بکەم؟

بارزانی گوتی: قسەی خۆت بکە! ئەحمەد بە دزییەوە زەبتی لەبن مێزێک وە کار خست. گوتم: ئەوانە هەمووی قانوونزانن؛ دەڵێن لامەرکەزی هێندە و هێندە باشە. من کە لە قانوون سەرم دەرناچێ. دەوەندە گەیوم لامەرکەزی یانی دەوڵەت بە ئەستانداران هێندێک کار دەسپێرێ کە بۆ هەموو شت چاوەنۆڕی فەرمانی پاتەخت نەبن. لێرەدا ئێمە و بەسرە و مووسڵ و ئەستانەکانی تری عارەبنشین دەبینە یەک خاوەن حەق. تەنانەت کوردستانیش لە کەرکووک و هەولێر و سلێمانی و دیالە دەبێتە چوار لامەرکەزی کە هیچ دەخڵمان بە سەر یەکەوە نابێ. ئەستانی سلێمانی لە بوودجەی خۆی جادە ئیسفاڵت دەکا، ئەستانی کەرکووک کارخانەی جووجەکەشی پێ باشترە... سەرباز و پۆلیس و دادگا و چی و چیش حەقی مەرکەزە.

خولاسە زۆرم ڕست، گوتم: ئەگەر لامەرکەزی و خودموختاری هەر یەکن، من لام وایە خودموختاریمان بدەنێ. هەم ناوەکەی خۆشترە و ناوەڕۆکەکەشی بە قەولی حقووقزنانان هەر یەکە. ئەمجار ئەمن نازانم ئێمە لە زەبوونی و بێهێزییە قسە دەکەین یان لە هێز و دەسەڵاتێکەوە؟ ئەگەر لە زەبوونییەوەیە، قسەم نییە و بە لامەوە کۆبوونەوەکەمان زیادییە؛ دەوڵەت هەرچی گوت وا دەکەین. ئەگەر لە هێزەوە قسە دەکەین و لەبریەتی ئەو هەموو خوێنە ڕژاوانە و ماڵە سووتاوانە و لە زینداندا ڕزاوانە داوای حەقێکی شەرعی دەکەین، چۆنە کە هێشتا ئابڵۆقەی ئیقتیسادی لەسەر سلێمانی و هەولێر هەڵنەگیراوە و هێشتان تەنەکەی نەفت بە دوو دینارە و هێشتان لە ڕێگەوبان هەموو ماستفرۆشێکیش چەند جار دەپشکنرێ؟ ئێمە لێرە لامان وایە دەوڵەت ئەوپەڕی بەزەیی و پیاوەتی دەگەڵ نواندووین کە هێشتوویە کۆ بینەوە و هەموومان قۆڵ لە سەر لامەرکەزی ئەسپاردەی ئەو بکێشن. بۆ دەبێ ئێمە «سەری ڕەش»، ئەو کێوە گرینگە لەشکرییە بەجێ بێڵین - کە نیشانەی نییەت باشیمان بێ - ئەمما ئەوان حەساری ئیقتیسادی لانەبەن؟ ئەم جار دەوڵەت بە سەتان تەیارە و هیلیکۆپتەری هەیە. بۆ دەبێ ئێمە بۆ گفتوگۆ بگەینە بەغدا؛ ئەویش ئیجازەی سەفەر لە پۆلیسی دەرگای شاران وەرگرین؟ بۆ مەرکەزی وتووێژ لە کەرکووک نەبێ کە هەموو وشەیەک بە بێسیم و تەلەفۆن دەتوانن بە بەغدا بڵێن؟ ئەگەر لە بێهێزییەوە قسە ناکەین، ئەم ئاغایەتی و نۆکەریەتە پڕ لە سووکایەتییە یانی چی؟ با ئەوان هەنگاوێک بێن، ئێمە «الحکم للە» دوو هەنگاو دەچین...

گەرم داهاتبووم؛ لەمبارەوە بۆم دەهات. کابرایەک بە ناوی «سەمەد مەنجەڵ» - کە لە بەغدا بە سەر ئیدارەی مریشک و جووجکی دەوڵەت ڕادەگەیشت و خۆشەویستی پارتی بوو - ئەو شەوە لەوێ عەبایەک بە شانەوە، دانیشتبوو؛ بڕی بە قسەکەم دادا. جەلال گوتی: کاک سەمەد قسەی هەیە. سەمەد گوتی: ئەم قسانەی هەژار هەمووی زیادین. ئێمە کە لەسەر دۆشەک، لە ماڵی گەرم ڕامانبواردووە، حەقمان نییە تەداخول بکەین. ئەوانەی لە مەیداندا بوون حەقیان هەیە!

گوتم: کاک سەمەد! چونکە خەیاڵم نییە باسی خۆم و دیفاع لە غەیری ئازادیی کوردستان بکەم جوابت نادەم؛ ئەگینا ئێستا شەرمەزارم دەکردی.

بگێڕ ڕایگەیاند: جەلسە دواییی هات و دەستەی وتووێژکەران دەچنە بەغدا.

بارزانی لەم ناوەدا قەت بیروبڕوای بە «ئا» یان «نا» دەرنەبڕی و کۆڕ بڵاوەی کرد. شەو درەنگێ کە هاتینەوە، بە منی گوت: بەعسی دە ئێوارێدا سەمەدیان بە تەیارە ناردۆتە کەرکووک، بە هیلیکۆپتەر هاتۆتە هەولێر، بە پەلە گەیاندوویانەتە جەلەسەکە: نەوەکا باسی لامەرکەزی تێک درێ. پووڵێکی باشیشیان داوەتێ. هەمووم خەبەر هەیە.

ئەحمەد ئەوفیق زۆر ماندوو بوو. زۆربەی کاروباری چەک کڕین و دامەزراندن و پێڕاگەیشتنی چەکدارانی لە مل بوو. نەیدەکرا سەری بوخرێنێ. سەرباری ئەوەش، ئەندامانی حیزب لە ئێرانەوە دەهاتن و بە وانیشەوە سەری قاڵ بوو.

بۆ یەکەم جار شەوێک سەلاحی موهتەدی منی تاقی کردەوە و ملی لە خراپەی ئەحمەد نا. یەک لە گلەیییەکانی ئەوە بوو کە: لە ئێرانەوە یارمەتیی پووڵ، گۆرەوی و دەستکێش و شتی وامان بۆ پێشمەرگە هیناوە؛ نازانین ئەحمەد چی لێ دەکا؟ گۆرەوی داوە بە هەباساغا...

گوتم: کاکە! من کە دەگەڵتان نییم. نە قسەی تۆ بە ئەحمەد دەڵێم نە بە بارزانی. بەڵام ببەخشە! تۆ و چەندێکی وەک تۆ بە پیاوی خوێڕی دەزانم؛ هاتوون نانی پێشمەرگەی بێچارە دەخۆن. ئەگەر لە وڵات، هەر خۆت بکردایەتە عەجەم و دۆستی دەوڵەت بوایەی، بەڵام بتتوانیبا چەند مەدرەسەیەک بە دەوڵەت لە دێهاتەکاندا بکەیەوە، زۆر لەوە بەشەرەفتر بوو.

بنکەیەکی چەکدارانیشیان لە گوندێک نزیک کۆیە بوو، ئەوانیش گلەی ئەوەیان هەبوو کە ئەحمەد کەمتریان پێ ڕادەگا. هەر چەند جوابی ئەوانیشم هەر دەداوە کە من حەقم بە سەر ئەو کارانەوە نەداوە. دیسان دووبەدوو ئەحمەدم دواند. گوتی: لە سەلاح بە شکم؛ دەترسم ساواک ناردبێتی. بەڵام بۆ بنکەکە چۆنت پێ باشە وا دەکەم. گوتم: هەموویان بە کاوە ڕازین، بیکە بە وەکیلی خۆت! کردی. لەسەر ساواکی بوونی سەلاح زۆرم لۆمە کرد کە: ئەم کوڕە ئاغا نازدارە وەک مەیتەر و کەردارێک کار دەکا و بە نانی وشک ڕازییە، چۆن وای پێ دەڵێی؟ گوتی: بە خوا من وای دەزانم هاتبێ کارمان لێ تێک دا.

ها، تا ئەوەشم لە بیر نەچووە:

لە چوارقوڕنە بووین. مامۆستا ساڵح یووسفی کە سەربەخۆ پیرۆزباییی ڕەسمی لە تەرەف کوردانەوە لە بەعسی کردبوو، هات. چووە لای مەلا مستەفا. دەمانزانی بارزانی زۆری لێ قەڵسە. ڕێگەش نەبوو بچیینە ژوور. هەمزەی حەسەناغای مەنگوڕ لەوێ هاتە دەر.

- دەی هەمزاغا باسوخواس؟

- وەڵڵاهی بە سەری تۆ مەلا مستەفا حەجەمەی دەماڵێ کول کردبوو. حەجەمەش هەر تفی قووت دەدا و ملی درێژ دەکرد و دەیگوت: پووڵم یۆخ!

ئەو هەموو کۆت و شەڵوار لەبەرێکی بە عەجەم دەزانی! لە کرمانجیش تێنەگەیبوو؛ لای وا بوو بە ترکی قسە دەکەن. کە ترکیش نازانێ!