چەند وردەباسێک

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  851 بینین

لە کۆیە بووین، پەیامنێرێکی فەڕانسی بە ناو «فڕانسوا» لە تەمەنی بیست و دوو ساڵەدا پەیدا بوو کە عەکس و خەبەر بۆ چەند مەجەللەیەک بەڕێ بکا. ئینگلیسی باش دەزانی. موتەرجمێکی ڕەگەڵ خرابوو ئەنوەر میرزای ناو بوو. دەیگوت لە سەدی کەرەج کارم کردووە. لە منی خواست کرمانجیی بۆتانی فێر کەم. باوەڕ بکە لە سێ دەرسی هەووەڵیدا - کە مەعلوومە مێشکی سەریشی دەبردم! - تەواوێک باش تێک دەگەیشتین. قەت زیرەکی وام نەدیوە؛ زۆر بووینە ئاشنا.

دەستەی وتووێژکەران بە سەرۆکایەتیی ساڵح و جەلال تاڵەبانی چوونە بەغدا. ئێمەیش دوای مانگێک لە کۆیەمان گوێزتەوە، بە ڕێگای «جەلی»دا، ڕوو بە وڵاتی «خۆشناوەتی» و لەوێوە بۆ دۆڵی «هەروتیان» هەر شەو یا چەند شەو لە گوندێک بە پیادەیی ملمان لێ دەنا.

جا با وەک چیرۆکی شەوانەی نوێن پڕ لە کێچ، بادەمەوە سەر چەند وردەباسێک:

دەستەی ئەحمەد تەوفیق - کە لە زەمانی قاسمدا هاتبوونە دیوی عێراق - لە سنووری لای بانە گیرسابوونەوە؛ کە لە ئێران دوور نەکەونەوە. پارتی بۆ تێک نەدان دەگەڵ ئێران، مەنعیان کردبوون؛ چەند کەسێکیان لێ گرتبوون کە تەحویلی ئێرانیان دەدەینەوە. بارزانی دوور لە وڵاتی بادینان بوو. هەرچۆنێک بوو هاواریان گەیاندبوویە؛ بەریان دابوون. ئەحمەد دەگەڵی تێک دابوون. نەشرەیەکی بە پۆلیکۆپی بە ناوی «دیسان بارزانی» دەردەکرد. پارتی زۆر لەوە تووڕە بوون. جارێک کوڕێکیان بەو نەشرەوە گرتبوو - ناوی «عومەر نیگڵی» لاوێکی سنەیی بوو - زۆریان لێدابوو؛ نازانم چۆن بەردرابوو. بەو حاڵەش بەو هەموو ترس و لەرزی ڕێگەوە، نەشرەکانی هێنا بەغدا. لە بەغدا زۆرم بە ئەحمەد گوت: هەر شتێ کەمترین کێشە و دووبەرەکی بنێتەوە زۆر زەرەرە. دیارە ئەویش کاری خۆی بە باش دەزانی و دەیگوت: تۆش ئەگەر وەک من لەناو جەرگەی کارەکەدا بای، حەقت بە لاما دەدا...

جا کە گەیبوونە بارزانی، دیسان پارتی و ئەحمەد یەکتریان دەدزا. پارتی لای وا بوو ئەحمەد بوختان و درۆیان بۆ هەڵدەبەستێ و بارزانییان لێ تیژ دەکا. نازانم تا کوێ ڕاستیان دەکرد؛ بەڵام - وەک چەند شتێکم لێ گێڕانەوە - لە زۆر جێدا حەق بە ئەحمەد بوو. ئیتر لەو کاروانەدا من و فڕانسواش دەگەڵ دەستەی ئەحمەد کەوتینە ڕێ.

بارزانی زۆر ساڵان بەر لەوە بشچێتە ڕووسیە، قەت بە شەو نەدەنووست. لە دوای وڵات ڕووناک بوون دەخەوت. کەسیش نەیدەزانی خۆی و پارێزەرانی تایبەتی - کە بارزانی بوون - بەرەو کام گوند دەڕۆن. چەندین قۆڵی جیا جیا بەرەو شوێنێک و مەڵبەندێک دەچوون کە بۆیان دادەنرا. لە هەر کەست پرسیبا، بارزانی لە کام شوێنە؟ بیشیزانیبا نەیدەگوت. شەو لەشکر لە هەر گوندێک با - کە دیارە پاش تاریکان دەچوون - بەیانی هێشتا تاریک بوو دەردەکەوتن، جێگەیان لە چۆڵ و چیا دەگرت. دووکەڵکردن بە ڕۆژ مەمنووع بوو. تەنانەت بە شەویش جگەرە داگیرساندن بە ئاشکرا نەبوو. جا کە دەمانەویست لە یەکێک پرسین بۆ فڵان گوند چەندی ماوە، ئەگەر بیگوتایە نیو سەعات، بە حەوت سەعات نەدەگەیشتینێ. ئەگەر بیگوتبا سەحاتێک، مانای هەمووی ڕۆژی دەبرد!

ئەحمەد جنێوی دەدا: بە خودا خۆشناو کەرن! نازانن بە پیاو بڵێن تا فڵان جێ چەندە؟

گوتم: بە خوا جەنابمان کەرە! ئەوانە سەعاتیان نییە، ڕۆژ لای ئەوان یەک سەعاتە، بۆ ئێمە فێری نابین؟!

تا شەڕ نەبوو، بە ڕۆژ بە ڕێدا دەچووین و شەو دەحەساینەوە. لە کاتی شەڕدا، شەو دەبووە جموجۆڵ و لە ڕۆژ خۆمان مات دەکرد. ڕۆژێک لە گوندی «سکتان» ڕا دەبوو بە هەورازی «هەورێ» هەڵگەڕێین. من و «هەمزەی حەسەناغای مەنگوڕ» لە تەنبەڵییان بەجێ مابووین. زۆر سەرنەکەوتبووین تووشی کابرایەک بووین شەش کەری بەتاڵی پێ بوو؛ سەردەکەوت. هەمزاغای گوتی: کاکە دەبەر ژنێت مرم سوارن کە! کابرا گوتی: ئەو پاڕانەوەی بۆ چییە؟ سوار بن! گەیشتینە نزیک سەرکەوتن، کابرا گوتی: جا لێرە من لا دەدەم؛ دەچمە داران. دابەزین و زۆر سوپاسمان کرد.

هەمزاغا گوتی: کاک هەژار! بە نمەکی شێخی بورهانی، ئەو کەرانە خدری زیندە بوون دە فریامان هاتن! ئەتۆ دەڵێی چی؟

- دەڵێم چی؟ تۆ بە شێخی بورهان سوێند بخۆی و کەرت لێ ببێتە خدری زیندە؟ تێناگەم!