شیعری کاوەی مەزن

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  987 بینین

گوتیان کۆبوونەوەیەکی گەورە لە دەشت دەکرێ بە موناسەبەی جێژنی نەورۆزەوە. شیعرێکم بە ناوی «کاوەی مەزن» نووسی کە لە دیوانەکمدا چاپ کراوە. لە حەمامۆک بۆ بارزانیم خوێندەوە. بەتووڕەیی گوتی: ڕازی نییم بیخوێنیەوە! نابێ کەس تاریفی من بکا؛ بیدڕێنە!

گوتم: باش گوێ بگرە! بیشیدڕێنم لەبەرم کردووە. نەشهێڵن بیخوێنمەوە، ڕۆژی جومعە دەچم لە سەر میکرۆفۆنی مزگەوتی گەورە بۆ خەڵکی دەڵێم. ئەو دەم دەتوانی دەرمکەی! دەتوانی بەر گوللەم دەی!

زۆری گوت و هیچم نەگوت. کۆبوونەوە کرا. مەلا مستەفا نەهاتبوو؛ بەڵام تەواو خەڵکی میوان و حەشاماتی شاری کۆیە و چەکداران لە دەشتی لای «گێست هاوس» (میهمانسەرا) کۆ ببوونەوە. سەکۆیەک لە دار و تەختە بەرزەوە کرابوو. هەموو سەرانی حیزب کورسی و نیمکەتیان بۆ داندرابوو؛ بە نیودایرەکەی پان ڕۆنیشتبوون. خەڵکیش لەو نیودایرە زلەدا لەپشتیانەوە بە چەندین سەف ڕاوەستابوون. من لە گێست هاوس بووم. یەکێک گوتی: تۆ هیچت نییە بیخوێنیەوە؟

- نەخێر، بەداخەوە.

چونکە دەبوو هەر کەس چی دەڵێ، نوسخەی بدا کۆنتڕۆڵ بکرێ؛ بەرانبەر بە سیاسەتی حیزب بێتەوە؛ ئەوسا ئیجازە بدرێ. وتاری حیزب خوێندرایەوە. چەند وتارێکی دیکەی بە شوێندا هات. ئەو دەمە کە هەموو کەس ببوونە گوێ و دنیایەکی کڕ و مات بوو، سەبرێک بەرەو خەڵک چووم و بە کاک برایمم گوتک ئەرێ بۆچی شیعرێکی خۆم نەخوێنمەوە؟ نە لای وابوو شیعری تازەیە، نە وەختی ئەوەش مابوو بڵێ تا کۆنتڕۆڵ کرێ. ئیشارەی دا بە کەمال محێدین کە بگێڕی جێژنەکە بوو. ئەویش لە سەر میکرۆفۆنەوە بە دەنگی بەرز گوتی: ئیستا کاک هەژار لە شیعرە باشەکانی خۆی شتێکمان بۆ دەخوێنێتەوە. فەرموو کاک هەژار!

سەر لە هەووەڵەوە هەر بەیتێکم کە دەخوێندەوە، دەنگی ئافەریم و بارەکەڵڵای مامۆستایان بەرز دەبوو: «دەی توخوا دووپاتەی کەوە...»، تا گەیشتمە بەندی سێهەم و گەیمە ئەو دوو بەیتە:

«عەرەب حەزیان خواردنمان بوو
داواکاری مردنمان بوو
لەسەر خاکی کوردەواری
ڕەش و پاپەتی داباری»

وەک «بسم اللە» لە جندۆکە بکەی، قەت تاقە مامۆستایەک نەما، کورسی و نیمکەت بەتاڵوحەتاڵ مانەوە. نازانم عاسمان هەڵیکێشان؟ عەرز قووتی دان؟ چۆن وا لەپڕ غەیب بوون؟! بەڵام چەپڵەڕێزان و هوورای حەشامەتەکە حەشری دەکرد. هەمووی داخ لە دڵ لە عەرەب، لە بۆمبا و تەیارەی ڕووس، نەشیانوێرابوو گلەش بکەن؛ ئەوا من بە زمانی دڵی ئەوان دەڵێم. هەر دەیانگوت: بیڵێوە؛ ئەی ڕەحمەت لە بابت! دیسان بیڵێ!... زۆری کێشا تا شیعرم خەلاس کرد. کەماڵ محێدین کە دەپێشدا زۆری تاریف کردبووم: «مامۆستای هەڵکەوتە و شاعیری بێوێنە...»، چووە پشت میکڕۆفۆن گوتی:

- برایانی عەزیز! ئەو قسانەی هەژار بیروبڕوای حیزبمان دەرنابڕێ. ئەو بۆ خۆی مەسئوولی ئەو قسانەی خۆیەتی.

هەموو بیسەرێکی زۆر دڵخۆش کردبوو. بە دەیان کەس چووبوونە ماڵی مام قادر گوتبوویان: شیعری کوڕەکەی تۆمان پێ خۆش بوو! ئەمەش ببووە گاڵتەی خێزانی مام قادر، دەیگوت: هەژار کوڕی تۆ بێ، دیارە زۆر پیری!

ئیتر بوو بە سرتە و خورتی حیزب کە هەژار تێکدەر و گێرەشێوێنە و زیانی بۆ پەز هەیە. بارزانیش لەوە کە دیبووی خەڵک بەگشتی لە شیعرەکانم ڕازی بووە، لە لۆمە دەستی هەڵگرت و بە ڕوویدا نەدامەوە.

شەوێک لە تۆپزاوا گوتم: حەزم دەکرد بەتەنێ بتبینم. چووینە ژوورێکی چکۆڵەی خۆڵی تەندوورە شکاوێک و لانک و جل و جۆڕ تێدا، لەسەر بەڕەیەک دانیشتین. گوتم: برا! لەمێژ ساڵە هەر ئاواتم بووە لە نزیکتەوە بژیم. دەمیشم شڕە؛ ناتوانم بێدەنگ بم. با قەرارێک بدەین:

ئەگەر بە خەیاڵی خۆم عەیبێکم دیتەوە و گوتم، بە هاسانی و بێدەنگ بڵێ بەرن دوو گوللەی پێوە نێن! بەڵام بە هیچ جۆر دەرم مەکە. پەشیمانم کە ئەو ڕۆژە گوتم دەتوانی دەرم کەی. «با لە سەر زوێڵە چەرم بێ»، بە قسەم مەکە و دەرم مەکە! گوتی: باشە قەرار بێ. ئیتر لەو ساوە ئەوەندەی ساڵەی دەگەڵیا بووم، هەر کە دەهات لێم تووڕە بێ، دەمگوت: «ها، لە سەر زوێڵە چەرمە!»، ناچار پێدەکەنی و ئەوپەڕی دەیگوت: ئاخر تۆ بۆ کاری وا دەکەی؟!