سەیر و سەیاحەتی مۆسکۆ

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  929 بینین

ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە کە دەیان هەزار مۆسکۆیی دەهاتنە دەشت و دەم چەم، هەرکەس ئاوی سارد و نووشابەی خۆی پێ نەبا دەبوو ئاوی گەرمی چۆم بخواتەوە. نازانم ئەگەر نووشابەفرۆشی لێ هەبا و دەوڵەت بە ملیۆنها ڕووبڵ قازانجی بکردایە چ دەقەوما؟!

ئەوی پێم سەیر بوو، لە زستانی سەختی مۆسکۆدا سەفی بەستەنیکڕ دوورودرێژ بوو. چوومە قەسری کرملین کە ئێستا مووزەیە و هەموو کەلوپەلی ماڵە شای لێ داندراوە. پیاو سەری سووڕ دەمێنێ کە ئەو شایانە چۆن ژیاون...

لە دیواری کرملیندا کە کۆنەقەڵایەک بووە، زۆر قوتووی زەردی بەقەد خشتێکی تێ گیراون کە خۆڵەمێشی پیاوە ناودارەکانی ڕووسیای تێدایە و لەسەریان نووسراوە.

چوومە گۆڕستانی پیاوە گەورەکانیش کە بەڕاستی ئەویش مووزە ئاسایی بوو. عەکسی مردووەکە لە مەڕمەڕی کێل دێتە بەرچاو. کۆتەڵی ماکسیم گورگی، کوڕێکی بەسەر باوەشەوە لێ بوو کە نووسرابوو: «چاکترین تالیفاتم...».

قەبری لاهووتی، شاعیری کوردی کرماشانیم دیت کە بە خەتی فارسی زۆر جوان و درشت پێناسەکەی نووسرابوو. دەگەڵ سەڵماسی چووینە ماڵەکەی. ژنەکەی تاتار و زۆر لای دەوڵەت بەقەدر بوو. دەیگوت: لاهووتی ئەغڵەب گۆرانی بە شیعری لوڕی دەگوت...

لە ئاسایشگاوە چوومە مووزەی ئارخانگلیسک کە ماڵە ئەمیر یووسف ناوێک بووە. لە عاجباتییەکانی دنیا بوو. تەنانەت لەو ماڵەدا شانۆی هونەرشاندان هەبووە؛ کە هەقی چوونە تماشای لیرەیەکی زێڕ بووە. خانم دوکتور گوتی: لە دنیادا تاکە.

گوتم: شوێنێکی سەیرترم دیوە.

گوتی: مەگەر واتیکان.

- بەڵێ واتیکانم دیوە...

ڕۆژێک چووینە شەڕگەی ناپلیۆن و ڕووس. کۆڵەکەیەکی بەردین کە ناپلیۆن بە نیشانەی سەرکەوتن چەقاندوویەتی و هەڵۆیەکی بە سەرەوەیە، هەر لە جێی خۆی ماوە. کابرای شارەزا وای باس بۆ دەکردین و وا گەرم داهاتبوو، دەتگوت بۆخۆی لە شەڕەکەدا بووە. تۆپ و گوللە و چەکی ئەو ڕۆژە ڕاگیراون. شەڕ و لەشکری هەردووک لا بە بەرق نیشان دەدرێن.

بە سەدان داستان و دیوانی شیعری ئازەری، کە بە دیاریم درابوویە، بە بار ناردمەوە. سەیرم دەکرد لە هەرکوێ ناوی ستالین هەبوو، قەڵەم کێشرابوو. فەرهەنگێکی گەورەی تاجیکی ڕووسیم هەبوو؛ دام بە سەڵماسی بۆم بنێری؛ چا بوو نەینارد.

ڕۆژی خواحافیزیم هات. میدیۆف لێی پرسیم: «بە گشتی شۆڕەویت چۆن دیت؟»

گوتم: «زۆر شتی باش و کەمێک شتی نەباشم دیت، بەڵام حاڵی شۆڕەوی کە دەوڵەتی کرێکارانە وەک مۆدی پاریس بە ڕۆژ و سەعات دەگۆڕێ. لەوانەیە تا دەگەمەوە بەغدا، زۆر لەو شتانەی من دیومە گۆڕابن و لە چاکەوە چاکتر بووبن...».

شەو کە بەڕێی دەکردم، کەپێکێکی هەڵدا ناو بەفر؛ گوتی: «ڕووس لایان وایە کەسێک ئەوە بکا دووبارە سەفەر کردووەکە دەبینێتەوە».