نرخی وەخت لە مۆسکۆدا

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  704 بینین

ئەگەر دەڵێن وەخت لە زێڕە، لە مۆسکۆ وەخت لە خۆڵەمێش بوو. بە سەف ڕاوەستان بە بەر دووکانانەوە، مەحتەل بوون لە ڕستووران تا خواردنت بۆ دێنن، تاقەتی فیلی دەویست. لە ئوتێل دەیانگوت: «نیوەڕۆ چ دەخۆی؟ لە بەیانییەوە بیڵێ». گۆیا تۆ هەرچی داوا دەکەی بەتایبەتی بۆت لێ دەنێن. ڕۆژێک دەگەڵ چەند کوڕێکی عێراقی دانشجوودا لە ڕستوورانی ئوتێل ئوکراینا زۆر چاوەنۆڕ بووین؛ نان هەر نەهات. هەر دەشیانگوت ئێستە. یەک لەو کوڕانە گوتی: «خەتای منە. من داوای گۆشت کەوم کردووە کە لە مینۆتەکەدا نووسرابوو، تا دەچن لە چیای قەفقاز ڕاوی دەکەن، دەبێ چاوەنۆڕ بین!». پاش سێ سەعات چاوەنۆڕی نانمان خوارد؛ بەڵام گۆشت کەو هەر نەهات!