گەڕانەوە پاش یازدە مانگ و نیو

لە کتێبی:
چێشتی مجێور
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  914 بینین

لە پاش یازدە مانگ و نیو، مۆسکۆم بەجێ هێشت لە فڕگەی شاری (ڕیگا). لە پاتەختی لیتونی نیوەڕۆژم خوارد و بە فڕۆکەیەکی ئەلیۆشنی ٢٤ نەفەرە هاتمە ستۆکهۆڵم، پاتەتختی سوێد. لە فڕگە کەوچکی زیوم دیتن؛ سەودام کرد. ژنەکە شتێکی گوت، گوتم: بە کڕۆن تێناگەم، چەند دۆلارە؟

- دوو دۆلار

- شەشی بە دوو دۆلار؟!

زمانێکی لێ دەرهێنام و لاسای دەکردمەوە:

- شەشی بە دوو دۆلار!

ئەو باش بوو تۆزێک ڕووسی دەزانی. شەو چووینە کۆپنهاگ. لە ئوتێلێک دامەزرام. لاڵ و کەڕی تەواو. شەو لە ژووری قاوەخواردنەوە کابرایەک بە ئینگلیسی دواندمی؛ منیش لەتوپەت جوابێکم دەداوە. باسی سەیاحەتی سویس و قومارخانەی مۆناکۆ و ئەو شتانەی دەکرد. گوتم: من پیاوێکی فەقیرم؛ لەو شتانە ناگەم.

گوتی: منیش زۆر فەقیرم؛ هەموو دارایم ناگاتە بیست ملیۆن دۆلار!!

- ئەی بەستەزمان، جا چۆن ژیاوی؟!

- چ بکەین، ژیان ئەوەیە!

بە فڕۆکەی (کەی. ئێڵ. ئێم - K.L.M.) هاتمە ویەن. لە ئوتێل دوازدە بەغدایم دیتەوە کە لە بوڵغاریاوە دەگەڕانەوە. دوانیان هەر ئاشنای قەدیمم بوون؛ هەموویان عەرەب، ئیتر هاوزمانم بۆ پەیدا بوو. لەوێوە گەینە بێرووت. گوتیان چونکە موسافیر کەمن، دەبێ شەو لێرە بن، بەیانی بە فڕۆکەیەکی دی دەڕۆنەوە. جا وەرە بە عەرەبی بیکە بە هەرا: «هەر دزینە! هەی دەستبڕ! ئێمە کاری تیجارەتمان دوا بکەوێ چەند زەرەر دەکەین...». بە هەزار زمانلووسی گوتیان: دەتانبەینە چاکترین ئوتێل و بە کەیفی خۆتان بلەوەڕێن. ئێمەش کێشەمان هەر بۆیە بوو! چووینە ئوتێل ڕیڤیرا لەسەر بەحر. ئەمیرێکی سعوودی لەوێ بوو؛ هێندەی سڵسڵە و پڵپڵە پێوە بوو هەر بریقەی دەهات، دەتگوت تاوسەکانی باخچەی بوخارایە! مفتی فەلەستینیش(شیخ حوسێنی)کە تەشریفی لەوێ بو، هەمیشە دوو پاسداری دەست لەسەر دەمانچە لە خزمەتیدا بوون.

چوومە تێلگرافخانە گوتم: برا من بەیانی زوو دەگەمەوە بەغدا، ئەگەر تێلگراف پێش من دەگا، باشە؛ دەنا با پووڵێک خەرج نەکەم.

ئای بێقەزا بی! پاش دە دەقیقە تێلگراف لە ماڵە خۆتانە.

نوێژی سبەینە گەیمە فڕگەی بەغدا. بە تاکسییەک هاتمەوە ماڵ. پاش عەسر تێلگرافییەکەیان دایە دەست خۆم!

کاتێ کە لە ڕووسیا بووم خەبەریان دامێ خوا کوڕێکی داوە؛ ناوی «زاگرۆس»م لێ نا. شیرینیم بۆ میدیۆف و چەند هەواڵێکی کڕی. گوتیان: چەند ساڵە لێرەی وا کوڕت بووە؟!

گوتم: لەناو کورد ئەگەر لە نۆ مانگ تێپەڕی قبووڵ نییە.

پێکەنی گوتی: پەیامنێرێکی پاریسی ڕۆژێک شیرنی داینێ؛ گوتی: من سێ ساڵە لە ماڵ نیم؛ خەبەرم بۆ هاتووە کچێکمان بووە!

ڕووبڵ زۆر و لە دەرەوە هیچ ناکا. زەبتی سەوتێکم پێ کڕی دەگەڵ یەخچاڵێک ناردمەوە. لە مۆسکۆ، لە لینینگراد، لە باکۆ، لە بوخارا و سەمەرقەند، لە نومایشگای سنعاتی مۆسکۆ، هەرچی جوان و شیاوی دیاری بوو کڕیبووم، بە دوو چەمەدانی گەورەوە هاتمەوە. ڕۆژێک محەممەد گەڕابوو دەستە عەکسێکی پەیدا کردبوو، گوتبووی: «دایە وەرە، بابم دەگەڵ ئەو هەموو ژنە ڕووتانەی مایۆ دەبەرانە لە دەم چۆم عەکسی گرتووە!». دایکی گوتبووی: «هەر نیشانم مەدە، من بابت باش دەناسم، هەرچی بکا هەر دێتەوە لای خۆمان و نامەوێ لۆمەی بکەم...». لە هەموو دیارییەکانم بەنرختر، عەکسی چەند کەسێکی دۆستی باکۆیی، عەکسی «نازم حیکمەت»، «بولبول» و هی تر بوو کە بە خەتی خۆیان بۆیان نووسیبووم: «دیاری بۆ هەژار».

ئەو بەینە کە لە ڕووسیا بووم، قزڵجی لە جێگەی من کاری لە ستۆدیۆ دەکرد و ببووە هاوکاری برای شەریکەکەم. ڕاست چوومەوە سەر پەت و سنگی پێشووم و ملم لە عەکاسی نایەوە. ماوەیەک قزڵجی هەر دەگەڵ خۆم کاری کرد. کابرایەکی قەرەقشڵاغی کە ناوی ئەحمەد بوو، لە ئەرتشی ئێرانەوە بە ژنەوە لە تارانەوە هەڵاتبوو؛ پووڵێکی دەگەڵ خۆی هێنابوو، گوتی: «هیچ کاسبیم نییە و پووڵیشم سەد و پەنجا دینار ماوە، چ بکەم؟». ستۆدیۆیەکی ڕووتەکەم بە سەد و چل دینار بۆ کڕی. قزڵجیش ببێتە شەریکی؛ فێری عەکاسی بکات. کارێکی تەرجەمە لە عەرەبی بۆ فارسیشی لە ڕادیۆ بەغدا پەیدا کرد.