لە جوملەی ماجەرای دووری ویلایەت

لە کتێبی:
دیوانی حاجی قادری کۆیی
بەرهەمی:
حاجی قادری کۆیی (1816-1897)
 4 خولەک  1518 بینین
لە جوملەی ماجەرای دووری ویلایەت
ئەمەش باسێکە خۆشە وەک حیکایەت
شەوێ دانیشتبووم بێ شەمع و میسباح
ئەتۆی هێناوە یادم کاکە فەتتاح
گوتی: با کاغەزێکی بۆ بنێرین
موحیببی سادیقە و هەمڕازی دێرین
منیش ئەم نامەیەم نووسی بە تەعجیل
شڕ و وڕ وەک خەرار و کۆنەزەنبیل
بە بێ تەسوید و تەشیهـ و موبالات
وەکوو بەیتی بلە هەر چۆنێ بۆم هات
بەڵام ئەفکاری خۆمە نەزمی کوردی
لە خومخانەی خەیاڵی ساف و وردی
عیباراتی «دەری» و «تازی»م نەهێنا
دەزانێ ماڵی خۆمە مەردی دانا
لە بەر پیری ئەمەندە بێ حەواسم
دەڵێی ئەرکانی ئیسلامی ئیناسم
سەر و ڕیشم سەراپا بۆتە لۆکە
بە شەو هەمڕازمە پشمین و کۆکە
غەریبی غوربەتی کردم بە ئەوتان
سەراپا ئەرزی لێ کردوومە زیندان
وەلاکین تۆ كريم ابن الكریمعەرەبیی
بە ڕەحمەت بابی ئەشعاری یەتیمی
ئەتۆ ماوی لە نوققادی ویلایەت
ئەوانی تر هەموو بوونە حیکایەت
ئەگەر نالی بوو لێرە ناڵی ئاوێت
دڵی کوردی بووە گەردێ لە بەر پێت
منیش کاتێ دەزانی پێم هەڵەنگووت
ئەجەل بای سەڕسەڕە ئێمەش پەڕ و پووت
کە نامە گەییە ئێرە مۆرمان کرد
من و فەتتاحی دانا زەرفمان کرد
جەلیمان نووسی ئەرقامی وسوولی
بە ئوممێدی قوبوولی بێفزوولی
ڕەفیقانم لە کۆیە ئاشنا نین
وقووفی حاڵی ئێمەی بێنەوا نین
سەلامێکە دیاریمان دیارە
لە دار و بەردی ئەو دار و دیارە
خوسووسەن ئاستانەی ئەرجومەندی
جەلیزادێکە عەبدوڵڵا ئەفەندی
چ عەبدوڵا عوبەیدوڵڵاهی ئەحرار
موسەغغەر بەندەیێکە زەڕخڕیدار
[بە نیسبەت تۆ عوبەیدیللاهی نەهرێ
وەکوو بزنی گەڕە، مەهجووری دەیرێ]
زەکاوەت کانییێکە تۆی دەراوی
خەتی ئیقراری نووسیوە زەهاوی
مەلایێکی فەقێیانە ویقارت
بەیانت ئاوە، گردە ئیقتیدارت
علوومت کافییە و شافی بە واجیب
لە کۆی تۆ دەبتە حاجیب ئیبنوحاجیب
لە داخی تۆ دەسووتێ [نەفتەوەیهی]
وەکوو بێ زەرد بووە ڕووی [سیبەوەیهی]
لە مەیدانی فەساحەت تۆ موجەللی
حەریری تالییە و سەعدی موسەللی
بە غەیری جەددی ئێوە کێهە دانا
لە کوردستان ئەساسی عیلمی دانا
وەرە با بێینە سەر باسی نیهانی
بە یادی عەیش و ئەییامی جەوانی
بە فیکرت دێ زەمانێ چووینە باڵەک
بە پێخاوسی نە کەوشم بوو نە کاڵەک
لەبەر پێم دڕک و دار و شاخ و باری
وەکوو مەخمەر بوو نەرمی یا نە قاری
کە چووینە سینگوڕە سینەم گڕی بەست
وەکوو قەندیلی سەرگەردان، وەکوو مەست
دەڵێن ئێستا هەواری گورگ و شێران
وەکوو قەلبی حەسوودی تۆیە وێران
چکاوە ئاوی پڕژ و گۆلەشینی
نەماوە هەر لە کۆتر تا شەهینی
گەرووی شێخی لە لوقمەی کۆچ و باران
موعەڕڕایە میسالی ڕۆزەداران
ئەمە دنیایە نامینێ هەتا سەر
لەبۆ ئازا و دانا، حیز و ماکەر
مەڵێ ئەم قیسسەیە بێ ڕێ و جێیە
لە ترسی تۆ نەبێ هێشتا لە کوێیە
لە دەردی دووری و جەوری زەمانە
گەلێ نەزدیکە زۆر دووری مەزانە
لە خۆم ئاگر هەڵێنم وەک چنارۆک
لە چاوم گریە دەربێ وەک حەمامۆک
بە سەد قەید و هەواشی دەردی دووری
بەیانی ناکرێ غەیرەز سەبووری
لەمەوپێش شەممەیەک عەرزی ئەتۆم کرد
بڵاوە فیکر و عەقڵم، وەسوەسەی کرد
کەوا بوو چاکە جامەی خۆم قەبا کەم
بەری دەست هەڵبڕم ڕووی خۆم لە خوا کەم
بڵێم ئەی ڕازیقی مێشوولە و فیل
بە هەققی جوبڕەییل و هەم سڕافیل
هەڵیکەی بەیرەقی کوردی لە دەوران
لە مابەینی کەکۆن و هەیبەسوڵتان
لە شەرق و غەربەوە تا قیتعەیی کۆ
لەبەر گۆچانی ئەمرت بێ وەکوو گۆ
دەزانی زەحمەتە تەعدادی یاران
بە سەد هاوین و زستان و بەهاران
دیارە دۆستدارانی ئەمن کێن
لە خۆشناو و لە ئاکۆ و دەشتی بیتوێن
لە ئێمە هەر کەسێ پرسی تەمامی
وەکیلی موتڵەقی سەرفی سەلامی
وەکوو من تۆش بنووسە بێ تەئەممول
جەوابی نامەکەم مانەندی بولبول
غەرەز دەستخەتتی تۆیە، ناعیلاجی
بڵا مەعنای نەبێ وەک بەیتی حاجیناسناوی ئەدەبی