تابلۆی دووەم
لە کتێبی:
ئاسک
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
6 خولەک
1162 بینین
«شانۆ ڕووناک ئەکرێتەوە، کۆرس بە گۆرانییەوە، ئەم شیعرە ئەڵێن، پێ بە پێی ئەو ئاوازەی دانراوە، دەرهێنەر هەڵسوکەوتیان ڕێک ئەخات، شوێنەکانیان دیاریی ئەکات»
کۆرس:
ڕۆژ ئەڕۆیی، شەو ئەڕۆیی
پیرۆتی هەڵقرچاو لە کونی شمشاڵدا
ئاوازی عەشقێکی لە زامدا باڵگرتووی،
بۆ خاوەر لێ ئەدا.
تاک لەناو کۆرسەوە:
ئاسکی پیرۆزیش ئەیزانی
ئەو عەشقەی کوڕە شوان هەتا بێ
لە ڕەزی ناو دڵی خاوەردا
هێشووی گڕ بە پەلکی خوێنەوە جێ دێڵێ
کۆرس:
کوڕە شوان بە ڕێگەی بریندا
ڕەنجی خۆی کێش ئەکرد بۆ کوێخا
بەو مەرجەی قڕانێ وەرنەگرێ و
دوای حەوت ساڵ خاوەری پێ بدا.
تاک لەناو کۆرسەوە:
ڕۆژ ئەڕۆیی، شەو ئەڕۆیی
ئاسکی ئەوینی ناو گیانی کوڕە شوان
هەناسەی ڕۆژگاری ئەژمارد و،
فرمێسکی لە ڕووی شەو ئەپژان.
- تاریکی -
«ڕووناکی، حیکایەتخوان دێتەوە سەر شانۆ»
حیکایەتخوان:
«لەناو چەپکە تیشکێکدا»
پاییز هەر لە قژی درەختی ئەڕنی و
ئەیدایە دەستی چەم
چەم ئەڕۆیی دەسکەنەی ئەو قژەی
بە زەریا دوورەکان ئەگەیان
پاییز هەر لە گوندی خەزاندا
دەواری کزەبای بەفرینی هەڵئەدا و
کزەباش هەناسەی ئاسک و شوانەکەی
سەر چیای
بە دەستی ڕەشەبا سوورەکان ئەگەیان.
- وچان -
هەواڵی ئاسکە موبارەک
گەیشتە خوار پێدەشت
هەواڵی ئەوینی خاوەر و کوڕە شوان
تا ئەهات
پەلوپۆی بە دەوری ئاوایی و
گشت لادا ئەهاویشت
مام وسووی ڕەزەوان چەند ڕۆژێ
پێش ئێستە
لەسەر ڕێی ڕاوکردن بە کوێخا گەیشت
پیرۆتی دڵداری هاتەوە بە بیردا
بەڵێنی خستەوە بیر کوێخا
وای پێ وت:
«ئەڕوات»
«هەموو شانۆکە ڕووناک ئەکرێتەوە، دیمەن سەرەڕێیە،
مام وسوو بە کوێخا ئەگات»
وسوو:
ماندوو نەبی، کوێخا بایز ماندوو نەبی
دەس ڕەنگین بی و نێچیرت قەڵەو بێ.
کوێخا:
ئەی بەرخوردار بی، مام وسوو
ئەی تۆ چۆنی؟ ڕێوییەکانت لە چیدان؟
وسوو:
نابڕێنەوە، کوێخا بایز نابڕێنەوە
بەڵام منیش چاک قڕم تێ خستوون
گەر وا نەکەم، بڕوا بکە
وێرانی ئەکەن ڕەزەکەم.
کوێخا:
بیرم نەبوو:
ئەمساڵ چەندت کردووە بۆ حەیوانەکان؟
وسوو:
وەڵڵا کوێخا دوو «دێم» لە پار
زیاترە و هێشتا هەر دڵم
دانامرکێ!
کوێخا:
بۆ مام وسوو بۆ؟!
وسوو:
کوێخا بایز، ئەترسم زستانی ئەمساڵ
سەختتر و دژوارتر بێ لە هی پار
کوێخا:
نا، مام وسوو مەقڕێنە!
وسوو:
کوێخا گوێ بەینێ باشترە
زستان وەک مار بێئامانە
کوێخا:
تۆ واز بێنە لەم قسانە
من دوو رۆژە چاو ئەگێڕم
بۆ ئاسکەکە و نایبینمەوە
دیار نەماوە!
وسوو:
کوێخا بایز: خوا نەکا، خوا نەکا دیار نەبێ
من بەردەوام هەر ئەیبینم
بەڵام ئەوە چەند ڕۆژێکە خووی داوەتە
بەر ئەشکەوتی میری میران
لەوەڕگەی ئەو ناوە بژوێنە
«کەمێک بێدەنگ ئەبێت و لائەداتە سەر باسێکی تر»
کوێخا بایز، وا بزانم لەو کاتەوە
کە پیرۆتت کردۆتە شوان
گورگ پارێزی لە ڕانەمەڕ
لێ تێک چووە و
ئەمساڵ لە کوێ لەگەڵ ساڵان
کوێخا:
ڕاستە وایە: بەڵام پیرۆت ماوەیەکە
زیاد لە جاران خووی داوەتە
شمشاڵ لێدان
ئەترسم غافڵ بێ و مەڕەکان
زیانیان لێ کەوێ.
وسوو:
نەئیشەڵڵا، پیرۆت زیتە و ئاگام لێیە
سەر بە سەر
وەک چاوی خۆی ئەیپارێزێ ڕانەمەڕ
کوێخا بایز جگە لەوەش،
ئەو بەڵێنی بە تۆ داوە و
تۆش بەڵێن بەو
کوێخا:
لە بەڵێنم پەشیمان نیم
بەڵام من هەر زوو وتوومە
ئەبێ ئەویش شوانکارییەکەی وەها بکا
من ڕازیی کا
جارێ هێشتا ئەویش چوار ساڵ
ڕێی لە بەرە و خوا ئەزانێ چیمان لێ دێ!
«بە دەنگێکی نزم»
من حەز ناکەم، وا حەز ئەکەم
تۆ پێی بڵێ
خۆ هەرچەندە هیچ نەبووە
بەڵام ئەویش با ئەوەندە لەم لا و لەو لا
بەڵای قسەمان لێ لادا
خۆت ئەزانی دنیادیدەی
هێشتا پیرۆت لە کوێیەتی و چی کردووە!
«پیرباڵی ئاشەوان لەو بەرەوە ئەڕوات، کوێخا بانگی ئەکات»
کوێخا:
هۆ، هۆ پیرباڵ
لادە ئێرە
پیرباڵ:
«دوایی ئەگاتە لایان»
فەرموو کوێخا منت بانگ کرد؟!
مام وسوو گیان حاڵوئەحواڵ
شوکر باشی
«لا ئەکاتەوە»
وسوو:
خوا دەس بە باڵتەوە بگرێ
کوێخا:
ئەوە بۆ کوێ وا بەپەلە
خۆ ئاشەکە باش ئەگەڕێ؟
پیرباڵ:
وەڵڵا کوێخا، سا ئیتر وا بەلەقەلەق
ئێمەش لەگەڵ پیرە ئاشدا کوتاومانە
ئەوە وتیان کاروان لە شار هاتۆتەوە
ئەچم حەمەی سەرقەتارچی ببینم، تا
کوێخا:
«قسەکەی پێ ئەبڕێت»
حەمە؟! حەمە بۆچی
پیرباڵ:
بە خوا ئاوا بەر لە مانگێک
پارەم دایە، ئەگەر هات و ڕێی کەوتە شار
متوموورووم بۆ بهێنێ
وسوو:
«بە سەر سوڕمانەوە»
متومووروو؟!
کوێخا:
متومووروو؟ تۆ متوموورووت بۆچییە؟!
کچت هەیە! بۆ پیرێژن؟!
ئەی خۆ ناشێ
تازە سمێڵ قیت کەیتەوە و
خۆتمان لێ کەیت بە کوڕێکی چواردە ساڵ
مرخ لە ژن خۆش کەیتەوە
پیرباڵ:
نەوەڵڵا، بابە من و ژن
مەیموون خۆی لە خۆیدا جوان نەبوو
بەڵام ئاوڵەشی دەردا
نە بابە، نە، پیرێژنیش تازە لە ڕێی
چیدا ماوە!
«بیر ئەکاتەوە»
وسوو:
ئەی کەواتە متومووروو
ئا، ئا، زانیم، زانیم
«بیر ئەکاتەوە»
کوێخا:
چیت زانی، ها؟!
پیرباڵ:
ڕاستییێکەی ئەوەیە، من نەزرم لەسەر بوو
متومووروو بهۆنمەوە و بیکەمە مل
ئاسکە موبارەک، ئێستاکە زانیتان؟!
وسوو:
من وتم ئەیزانم
تا بڵێی نەزرێکی پیرۆز و پەسەندە
کوێخا:
بێقەزا بی، وتم ئاخۆ
ڕاسپاردەی چیت کردووە
متومووروو لە گەردنی ئاسک بکرێ و نەکرێ ئەبێ
جێگەی کام شتت بۆ بگرێ
هەی ماڵشێواو، ڕاسپاردەی
پووشێ خورمات بکردایە، چاکتر نەبوو
ئێمەش یەک دوو دەنکمان بەرکەوتایە
چاکتر نەبوو هەی ماڵشێواو!
وسوو:
نەء! کوێخا نەء! چۆن وا ئەڵێی
ئەو دیارییەی بۆ ئاسکە موبارەک بێ
موفەڕکێکە ئەبێ لەسەر سەر ڕاگیرێ و،
ماچیش بکرێ
تۆزێ وەفا، کوێخا بایز تۆزێ وەفا
کوێخا:
دیسانەوە هاتینەوە سەر ئاسکەکە
چەند نەگبەتین
بەسە، بەسە وا باشترە
ئەم باسە بگۆڕین
ماڵتان شێوێ لە بیرتان بردمەوە
من ویستم چی بڵێم
پیرباڵ:
کوێخا دەی، ئێ فەرموو
هیچ کارت بوو؟
کوێخا:
سبەی شەوێ نۆبە دەستاڕ
بۆ ماڵی ئێمەیە و
هەموو شت ئامادە و
چاوەڕێین کچگەل و کوڕگەلی ئاوایی
بگەنە لامان و دەس پێ بکا دەستاڕ هێڕی
تۆ مام وسوو، مەنیج گورجە و
تۆش پیرباڵ گیان هەر لە ڕێوە
حەمەی دارکەن ئاگادار کە
بیری نەچێ، خۆی بێ
یاخود سوارەی ئەولامان بۆ بنێرێ
لەدوای ئێمەش نۆبە دەستاڕ لە کوێی تر بێ
بانگ هەڵدێرین
ماڵ لەدوای ماڵ ئەیڕەخسێنین
چاوەکەمن بیرتان نەچێ
پیرباڵ:
کوێخا بایز هەموو ساڵێ وا نەبووە؟!
بیرمان ناچێ
وسوو:
منیش مەنیج و گوڵچینتان بۆ ئەنێرم
- تاریکی -