بە نازێکی کوشندەی سەد هەزار جان و دڵ ئیفتادەی

لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
 2 خولەک  919 بینین
بە نازێکی کوشندەی سەد هەزار جان و دڵ ئیفتادەی
مەلەک یا حۆری عەینی تۆ؟ فریشتە یا پەری زادەی؟
بە دڵ خەندێکی بنوێنە، بلوورین ساعیدت بێنە
یەدی بەیزات هەیە تۆ دەم لە ئیعجازی مەسیحا دەی!
نە قەند تامی هەیە قوربان، نە گوڵڕێز و نە عەنبەر بۆ
ئەگەر جارێک بە خەندەی بێی، سەری زولفت بە دەم بادەی
کوتت: ها زولف و کافر بووم، کوتت: ها ڕووم و چاتر بووم
کە من هەر بێمە سەر ڕێی تۆ، دەبێ تۆ بۆچ لە من لادەی؟
دەمت وابێنە دەستم بگرە، با بمرم لەبەر چاوت
بە جامێکی خەلاسم کە لە دەست ئەو تورکە جەللادەی
بە چاوی مەستی تۆ کەوتووم، بە ناری زولفی تۆ شەیدام
نەخۆشی تۆم دەناڵێنم، حەیاتم! بۆچ بەرم نادەی؟
کە تۆ سوڵتانی، ڕوحمت بێ بە زولفان بەس دڵم تێک دە
دەبێ تا کەنگێ بەیتوڵڵا بە دەست کافر بە یەغما دەی؟
دەمت بێنە بە دڵ بگرم، لەبەر جامی لەبت بمرم
دەمادەم ڕۆح بەخشی تۆ لەبالەب ساغیر و بادەی
چرای قەندیلە، شەمسی ئاسمانە، ڕووی درەخشانت
ئەگەر سەدجار بە زوهرە و موشتەری ڕووبەندی پێدادەی
وەکوو ماسی و سەمەندەر تەشنەگیم ناچێ ئەگەر سەد جار
بە ئاب و ڕەنگ و ڕووت سینەم وەبەر تیری تەجەللا دەی
لەبەر چاوی وەکوو زولفی پەرێشان کەوتم و فەرمووی:
وەفاییناسناوی ئەدەبی چت لە مەیخانان کە تۆ واپیر و ئیفتادەی؟!