موتریب وەرە دەستی من و دامانی وەفات بێ
لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
2 خولەک
2577 بینین
موتریب وەرە دەستی من و دامانی وەفات بێ
سووتام بە مەستی مەیەوە دەنگی نەوات بێ
ساقی وەرە مەجلیس بە سەر و گەردەنی جامت
بێ نەغمەیی نەی نامەوێ گەر ئابی حەیات بێ
تۆ گەنجی جەمالت هەیە، من عاشقی ڕووتم
یەک بووسە چ نابێ کە بفەرمووی بە زەکات بێ
نابێتەوە ڕۆژ ئیدی سەباحی ئەمەلی من
بەو گەردنە، هەرتا شکەنی زولفی دوتات بێ
دەگریم و لەگەڵ ئاهی دەروون سۆزی دڵم دێ
وەک بەرقی بەهاری کە لە عەینی زوڵمات بێ
قوربان! کوتم: ئاخر بەسە بەو زولفە ئەسیری
فەرمووی: کە ئەتۆ مورغی شەباوێزی، سەدات بێ
مەنعم مەکە مەستم کە بە تەفسیری جەماڵت
عاشق ئەوەیە بێ سیفەت و پەڕتەوی زات بێ
من ڕەند و قەلەندەرسیفەت و مەست و خەرابم
تۆ پیری خەراباتی ئەگەر مەزهەبی وات بێ
نەمزانی هەتا پێنەکەنی گوڵبەدەنی من
فنجانی لە مەرجانی دەبێ پڕ لە نەبات بێ
هەر چاوەڕوانی قەدەمی تۆم و ئەگەر دێی
زوو بێ نەفەسی ئاخرە، ڕۆحم بەفیدات بێ
هەستە وەرە لەو جامی ئەلەستە بدە دەستم
بەستەی دەری گوڵزارە ئەوی مەستی سەفات بێ
سەد جار بچم و بێم و بسووتێم حەقی تۆیە
هەرچەندە بە شەرعی شەم و پەروانە خەتات بێ
بۆ ماچێکی مەمکوژە، بە ڕوحم و بە وەفا بە
هەرچەندە بە دینی گوڵ و بولبول حەسەنات بێ
عەهدێکە لەگەڵ گوڵ کە بەبێ موتریب و ساقی
تا ئێرە نەچی ئیدی وەفاییناسناوی ئەدەبی دە حەیات بێ