بە یادی زولفتە ئارامی ڕۆح و ڕاحەتی جانی

لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
 2 خولەک  784 بینین
بە یادی زولفتە ئارامی ڕۆح و ڕاحەتی جانی
عەجەب عاشق وەها جەمعە لەگەڵ عەینی پەرێشانی
لە باتی بمکوژێ دەمخاتە داوی زولفی شێواوی
لەباتی بێ کە ئازادم بکا دەمکاتە زیندانی
بە سەر نەیدا مەگەر زنجیرە، یا زوننارە، یا مارە
لە نەخلی قامەتت ئاڵاوە یاخۆ زولفی ڕێحانی
بە شیرینی کە جان بەخشی، بە مەحبووبی کە دڵکێشی
ئەتۆ هەر ئابی حەیوانی، ئەتۆ هەر ماهی کەنعانی
زەمانێ قیبلەم ئەبرۆتە، دەمێ زوننار گیسووتە
بە دەردی بێدەوا ماوم لەگەڵ کوفر و موسوڵمانی
بە دوو گیسوویی ڕەشماری ئەگەر زنجیری داوودی
بە دوو لەعلی شەکەرباری ئەگەر موهری سولەیمانی
عەجەب ماوم بە بووسێ لەو دەمە هەر جانە بەخشینت
بە ئیعجازت قەسەم! ئاتەش پەرەستم گەر موسوڵمانی
لەسەر چاکی یەخەی زولفی لە قوببەی سینە ئاڵاوە
لە گۆشەی دوو ئوفوق نەمدیوە شەو دوو ماهی نوورانی
قسەی خاکی بەری پێت شوهرەیە بۆ چاوی نابینا
هەتا نەمدی بە چاوی خۆم بە سورمەی دیدە نەمزانی
لەبەر شۆراوی ئەشکی خۆم و سۆز و تاوی عەشقی تۆ
سەراپا عاقیبەت هەر وەک وەفاییناسناوی ئەدەبی بوومە بریانی