لەسەر چی لێم زیزی چ بووە چ قەوماوە

لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
 2 خولەک  1230 بینین
لەسەر چی لێم زیزی چ بووە؟ چ قەوماوە؟
دەمم لە ڕووی تۆ دا، کابە نەڕووخاوە
چ کێوی توورێکە چ شوعلە نوورێکە
دڵم لە تاوی ڕووی تۆ ئەگەر نەسووتاوە؟!
چ بەرق و بارانە چ گوڵبەهارانە؟
چاوم لەبەر خەندەت ئەگەر نەگریاوە
نە زولفی جادووتم نە خاڵی لای ڕووتم
عەزیزەکەم بۆ چی ئەمنت وەلا ناوە؟
چ بکەم کە هەر نەگریم لە دەست ئەو چاو کاڵە؟
شەهید بە هیچ وەختان خوێنی نەوەستاوە!
لەبەر هەناسەی من زولفی لە ڕوو لاچوو
مەگەر نەسیم ئەنگووت؟ بەیانی بەرداوە؟
بە زاری خۆی داخۆ پرسی لە من ئاخۆ
گوڵ بوو وەها پشکووت؟ شەکەر بوو دەتواوە؟!
بە تاری زولفانت ئەمن وەها شێواوم
سەبر و قەراری من ڕۆیی نەگەڕاوە
لەبەر شەکەرخەندەت ئاورم وەها کەوتێ
سۆز و گودازی من نەی بوو نەشێراوە
سۆراغی دێوانان، چراغی پەروانان
شەڕابی مەیخانان، خوماری ئەو چاوە
ئەتۆ و گوڵی بۆ خۆت کردت بە ئاوێنە
ئەتۆ و دەمی فەرمووت بەو ئاوە کووژاوە
ئەی ڕۆژی شەوگەردان، ڕووی تۆ لەنێو پەردان
شیفای هەموو دەردان، بە خەندەت هێناوە
تۆ و زولف و خاڵی خۆت، ئەتۆ و جەماڵی خۆت
کە شەو بە تاریکی لەو ڕۆژە گیراوە
بەو ئاڵ و واڵایە، بەو بەژن و باڵایە
کە زاتی ئەسمایە، کە وەحدەتی ناوە
یەخسیر و بەندی تۆم، لەدووی کەمەندی تۆم
بە زولفەکان جارێ بفەرموو بەولاوە
فەرمووت: دەبێ بگری، سەبر و قەرار نەگری
ئەمرت لەسەر عومرم، حوکمت لەسەر چاوە
بە تیری ئەو شۆخە چلۆن نەناڵێنم؟
برینی تیراوێ بە ئێش و زووخاوە
فەڕزەن ئەمن شێت بووم ڕووم نەبوو نەمزانی
هەمیشە خۆ پاشا ڕووی بە گەدا داوە
بە غەمزە کوشتوومی، بە شێوە گرتوومی
دەشڵێ: وەفا مەگری، شەهید نەشۆراوە
دەمێکە ڕەنجوورم، لە یاری خۆم دوورم
شەماڵ دەخیلت بم، وەعدەی دوعا و سڵاوە
بڕۆ بە زاری من، بڵێ بە یاری من:
دوور بێ لە حاڵی تۆ، ڕۆحم بە نێو ماوە
ئەتۆ کە ڕێزانی چۆڵ و بیابانی
دەستی من و دامانت وەفاییناسناوی ئەدەبی داماوە!