هێند نەخۆشی دەردی دووریم وەختە گیان و دڵ دەرێ

لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
 2 خولەک  3107 بینین
هێند نەخۆشی دەردی دووریم وەختە گیان و دڵ دەرێ
ئاخ نەسیمی سوبحدەم کوا عەرز و حاڵی من بەرێ؟!
دەردەدارم، بێزبانم، بێدڵم، سەوداسەرم
ئاخ لە بۆ دڵ میهرەبانێ، هەم زبان و هەم سەرێ
کەس لە حاڵی سۆز و گریانی من ئاگادار نییە
ئاخ لە بۆ یەک حاڵزانێ دڵ پڕ ئاو و ئاورێ
لەحزەیەک یادی خودا ناکا لەبەر عەیشی جیهان
نەفسی کافر وا دەزانێ قەت جیهان ڕانابرێ
من بە دڵ، زولفت بەسەر، کەوتووینە بەر پێی ڕەحمەتت
ئەی ئومێدی موئمین و کافر بە حاڵم نەززەرێ
بێشەکەرخەندەی دەمت وەسڵی ڕوخت مومکین نییە
جەننەتم نابێ هەتا نەمشۆن بە ئاوی کەوسەرێ
پێم بڵێ وەجهی چییە زولفت موقیمی ڕوومەتە؟
خۆ بە شەرعی موستەفا جەننەت بە کافر نادرێ!
با ئەدی بەس بێ جەفا بەو چاوە بیمارەت بڵێ
یا دەوای دەردم کەرەم کا، یا لە دەردم هەڵگرێ؟
کردمێ مەجنوونی دەر و دەشتان و فەرهادی زەمان
شۆخ و سەلماڕەنگ، لەیلادەنگ و شیرین شەککەرێ
کردمیە ئەفسانەی هەموو بازاڕ و شاران عاقیبەت
ڕوو بە خاڵ، گەردەن مەراڵ، چاو کاڵ و گێسوو عەنبەرێ
مەنعی ناڵینم مەکەن یاران لە دەست موژگانی یار
زۆر بە ئێش و دەردە ڕێشی جێگە نێشی نەشتەرێ
زەحمەتی بێهوودە تاکەی؟ ئەی تەبیبی میهرەبان
دەردی من دەردێکە بێدەرمانە چارەی ناکرێ
سۆزی جەرگی من بە گریان وا بە باڵای هەڵچووە
گەر هەزار تۆفانی نووح بێ ئاوری من دانامرێ
دەست و دامان بووم، گوڵێکی مەزهەری تۆم بوو کوتی:
عیززەتی حوسن و جەماڵم شەوکەتێ هەڵناگرێ
دوودی ئاهم سۆزی جەرگم وا کە هەر باڵا دەچێ
شەو نییە ئاسمان کە نەگرێ چاکە ئاور ناگرێ
ڕووی وەدەرنا تا بە تا زولفی دڵاوێزی بزووت
ئاهـ و ناڵەی عاشقان هات بوو بە ڕۆژی مەحشەرێ
ماچی سەر تاپای کە دای فەرمووی: وەفاییناسناوی ئەدەبی من دەڕۆم
ئەو دەمەت ماوە لە عومرت هەستە با خۆش ڕابرێ