ڕۆژی تەڕەب و وەختی گوڵ و فەسڵی بەهارە

لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
 1 خولەک  1077 بینین
ڕۆژی تەرەب و وەختی گوڵ و فەسڵی بەهارە
یاران گوڵەکەم کوا کە دەمی بووس و کەنارە
گوڵزاری ئیرەم، سووڕەتی غیلمان، قەدی تووبا
گۆشەی چەمەن و ڕوویی گوڵ و پایی چنارە
بنواڕە لە نێو حەڵقەیی زولفی سەری کوڵمی
دوو ڕۆژی درەخشانە لە نێو دوو شەوی تارە
هەر لەحزە کە دێ پێدەکەنێ حەقمە کە بگریم
پشکووتنی گوڵ مایەیی بارانی بەهارە
بۆ چی نەگریم کوشتەیی سەد غەمزە خەدەنگم؟
من یێک و نیزامی حەبەشیزادە هەزارە
بەو زولف و موژە مەمکوژە هەردەم بە جەفایێ
جارێ لە تەنافم مەدە جارێ لە قەنارە
بەو قامەتە حەیرانی شکۆفەی قەد و باڵام
قەد نارەوەنە و باغی گوڵان باغی هەنارە
سووتاوم و شێواوم و سەودایی و مەستم
بەو عاریزە بەو پەرچەمە بەو چاوە خومارە
گوڵدەستە، نیگەهـ مەستە، دەهەن پستە، گوڵئەندام
زولفی کە هەموو داوی دڵی عاشقی زارە
بەو دوو مەمە زولف و ڕوخی تۆ نۆبەری سەرون
هەر عەترە بە تا هەر گوڵ و نارنجە بە بارە
پرسیم: چییە؟ تەبخاڵە لەسەر ئەو لەبە؟ فەرمووی:
جێی ماچی وەفاییناسناوی ئەدەبی ئەوە نیشانەیی پارە