گوڵەکەم دەڵێن ئەوا دێ، هەموو وەختێ چاوەچاوم

لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
 2 خولەک  4663 بینین
گوڵەکەم دەڵێن ئەوا دێ، هەموو وەختێ چاوەچاوم
ئەی خودا تۆ بڵەی وەها بێ، بێتەوە ڕووناکی چاوم؟!
سەبەبی زولفی شێواوە حوسنی ڕوو مەدەدی پێداوە
من کە وا ڕۆژم بۆتە شەو کە بە ڕۆژی ڕەش داماوم
تا بزانن تۆ گوڵزاری، ڕوستەیی سەری جۆباری
بە خەندە هاتی بەخێر بێی، قەدەمت سەر هەردوو چاوم
خوێنی من بە گەردنی زولفت بە ئیشارەی چاوەکانت
من ئەگەر شکاوە پشتم، من ئەگەر جگەر بڕاوم
بە سەری خەدەنگی نازت، جگەری بڕیم چاوی بازت
بە ئومێدی نازێکی ویم، ئەگینا ئەمن نەماوم
دڵی خۆم ئاوری تێ بەردا تا لە تای زولفان ڕووی دامێ
شەو هەتا نەگەڕام بە چراوە، شەوچرا نەهاتە بەرچاوم
ئەتۆی نووری شەوبێداران، ئەمن بۆ وەک شەم دایسیێم
ئەتۆ گوڵی شای گوڵزاران، ئەمن بۆ غەرقی خوێناوم؟
کە دەڵێی شەیدای گێسوومی، چ دەکەی لەسەری سەوداییم؟
کە دەڵێی پەروانەی ڕوومی، چ دەکەی لە دڵی سووتاوم؟
شەو و ڕۆژ کە دەڵێن دوو بانن، هەر یەکن بۆ دوون یەک بانن
من لە دوو لاوەی برۆی تۆ، حەیرانی دوو زولفی خاوم
ئەی شەماڵ، ئەی شیفای نەساغان، وەرە تۆ بێ و خاڵی ڕووی یار
بە گوڵ و وەنەوشەی باغان، بگەیێنە دوعا و سڵاوم
گلەیی لە چاوی کاڵتە کە موعینی زولف و خاڵتە
دڵی پڕ لە دەرد و داخم، سەری پڕ تەلیسم و داوم
نە بە وەسڵی تۆ سروورم، نە بە دووری تۆ سەبوورم
گێژ و سەرگەردان و حەیران، هەروەکوو ماسیی سەر ئاوم
بە نیگای تۆ و عەرەقی ڕووت دڵ و دینم چوو نازانم
نە خوماری شەرابی ساقیم، نە مەستی عەتری گوڵاوم؟
حەقە کە وەکوو وەفاییناسناوی ئەدەبی شێت و شەیدا و سەودایی
مەلەکان خۆیان نیشان دام، پەرییان دەستیان لێداوم