لە سۆفیادا
لە کتێبی:
ڕەنگاڵە
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
3 خولەک
1020 بینین
١
ئەوا ئێستەیش
گەیشتینە بەردەمی سۆفیای سەوز
کە هەر وەکوو سنەوبەری تیتک تەڕی دوای باران
خاوێن خاوێن، لەش برۆنزی، بریقەی دێ و
لەو دوورەوە زەردەی بزە
ئەدا لە دەموچاومان.
***
لە پەنجەرەی واگۆنەوە سەر و ملی دەرهاتووم
ئەڵێی هێشووی بەردەمی ڕەشەبایە
هەردوو چاوم نیوە نووقاو ئاو تێزاو
دنیا ئەفڕێ و کەم خایەنە ئەم پەلەی تەماشایە.
***
لە جۆلانەی ناو بالقۆنی سەر نهۆمی بەرزەوە
وەکوو لەشم خەیاڵم ڕائەژەنم
بۆ بەرەوخوار، بۆ بەرەوژوور ڕوانینم
دێت و ئەچێ و
ئەوەی خەڵکی نایبینێ من ئەیبینم.
***
کچ بە چەپک زەرد و سوور
شەقامەکان گوڵدانن
ئەوە بۆیە ئەم جارەیان شیعری سپیی هاوینەم
بۆنخۆشترین عەتری وشەی
گوڵزاری ناو دیوانن!
***
ئەی کچانی لەش کەروێشکیی نەرمونۆڵ!
لەبەر هەتاو پێستی شان و لامل تا نیوەی قۆڵ
وەکوو ڕەنگی قەیسیی گەییو لێ هاتوو
من ئەمزانی ئێوە کوشتەی
تیشکی خۆری بەتاون،
بۆیە منیش هەتاوی سووری هەڵبەستی
خۆرهەڵاتیم لە چاودا بۆ هێناون.
ئەی کچانی پۆشاک سادەی نێو باخچە!
من بۆ پووزی خڕ و قەڵەو، لەرەی مەمک و گوڵمە گۆشتی بەرچەنە
بۆ پیرۆزەی چاوی شین و زەردەخەنەی بە شنە
بۆ پلوپێی پچکۆلانە و سەری پەنجەی وەک گێلاس
بۆ گەردنی یەک قولانجی و لووتی قنجی یۆنانی
شاعیرێکم شیعری کێویی بۆنکەرم
بۆ کوێ بڕۆن من لەو شوێنە ئامادە و
جارێ سێبەر، جارێ سروە و
هەندێ جاریش پەیکەرم.
***
ئەی سۆفیای قشتیلانەی هەمیشە ڕەنگ حەمامی
پەساپۆرتم پۆلیسەکەی بەرباخەڵ
ئەڵێ ئەبێ بەجێتبێڵم، بڕۆم بۆ ڕۆژی دوایی.
ئەوا ئێستەیش ئەی سۆفیای ڕۆحشیرین
با پێش ئەوەی هەردوو دەستی دۆعاخوازیم هەڵبڕم
ڕوو بکەمە ئارامگاکەی «دیمترۆف»
تا لەوێدا منیش وەکوو هەزاران
خەڵکی دنیای ئازادیخواز ڕیز بگرم.
٢
وەک کشتەکی هەزار موورووی ڕەنگاوڕەنگ
چەتری سەر سەر لەبەر هەتاو
ڕیز بەستووە و کشاوە
ڕوەو دواماڵ، جێ نزرگەی دیمترۆف
هەنگاو وردە، بەوچانە و وەستان زۆر
مەگەر کۆکە یان پژمینێکی ناوەخت
بیشڵەقێنێ گۆمی مەکسی
ئاپوورەی خەڵکی بەر خۆر!
***
پاسەوانی قۆزی بەردەم ئارامگا
دەس لەسەر چەک هەر ئەڵێی بووە بە بەرد
ترووکەی چاو، بزاوتنێکی نیگا
مشەمشێ، هەناسەیەک، لەرزینێ
نابیسی و بەدی ناکەی
چەند بوەستێ و چەند بڕوانی و سەیر کەی!
گۆشت و خوێنە یان مۆمیای بێ گیانە
دوا ڕۆیشتنیش ئەم دوو شتە
لە لات جێگەی گومانە!
***
کە سەر ئەکەی بە ڕاڕەوی
نیوە ڕووناکی نزما
وەکوو خەو بێ ترسێک گیانت دائەگرێ
ڕیزی باریک هەتاکوو زیاتر بتبا
هەیبەتی شوێن، قوببەی بەسام، ڕێی مەڕمەڕ
مەشخەڵی سەر گاردی وەستاو لە سووچدا
خورپە خورپی سەعاتی دڵ خێراتر، گورجتر ئەکا!
***
هەر خولێک و بە لای چەپا سەر سووڕا
لەسەر چرپای ناو شووشەبەند
«دیمترۆف» لەسەر پشت ڕاکشاوە
چەپکەگوڵ لە ژوورسەرا
هەتا سەرسنگ داپۆشراو
دەستێکی دەرهێناوە
ئەڵێی بۆ سەر خەوێکە و ئێستە چاوی لێک ناوە!
***
ئەی پڵنگی سوور و سپی ڕاکشاو!
بە پەیژەی دەنگی تۆدا
بولگاریا سەرکەوتە
سەر دواپلە و دەستیشی
گەییە مانگی ئازادی
ئەی گۆرانیی هەژاران!
هەر بە ڕاکشانەوە
تۆی ڕووباری بەهاژە
ڕۆژ نییە لێرە و لەوێ
هەزاران هەزار شەپۆل
هەڵنەسێنیتە سەر پێ!